دواین هەواڵ

ئێران و سعودیە و چین و ئەوانیتر

‌د.سەردار عەزیز

11/03/2023

لێڕەدا کۆمەڵێک سەرنجی خێرا دەنوسم، ئەوەی ڕویدا لە ئاستی هەرێمیی و نێودەوڵەتی ئێجگار گرنگە.

بۆ ئێران ئەم هەنگاوەی نا؟

نوخبەی دەسەڵاتداری ئێرانی لە هەموو لایەکەوە لە ژێر فشاردان. هەر هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی فشار، بە ناچاریش بێت، زەررەتە. تەنانەت حەز دەکەن لە گەڵ ئیسرائیلیشدا رێک بکەون بەڵام لە پەرچەکردارەکەی دەترسن.

سعودیە وەها دەبینرێت کە سپۆنسەری سەرەکی کەناڵی ئێران ئینتەرناشناڵە کە بوەتە سەرچاوەی سەرەکی هەواڵ لە ناوخۆی ئێراندا.

بۆ سعودیە ئەم هەنگاوی نا؟
محەمەد بن سەلمان، پلانی گەورەی هەیە لە ناوەوەی سعودیە. بۆ ساڵی ٢٠٣٠ سعودیە جگە لە ئاین دەبێتە شوێنی کەلتور و گەشتیاری و بازرگانی. بۆیە کەمکردنەوەی تێچونی دەرەکی ئامانجیەتی، بە تایبەتی شەڕی یەمەن.

هەروەها هەنگاوێکە بۆ خۆ دوورخستنەوە لە ئیسرائیل. چونکە کەنداو دەترسن لە کاتی هێرشی ئیسراێیلدا لە بڕی تۆڵە لە ئیسرائیل، ئێران بیسرەوێنێتە ئەوان. وەک چۆن بە هەولێری کرد.

ئەمریکا
بە پێچەوانەی ئەوەی دەیڵێن، ئەمریکا دژ بەم ڕێکەوتنە نیە. سعودییەکان هەنگاو بە هەنگاو واشنتۆنیان ئاگادارکردبوو. ئەمریکیەکان ڕازین بەڵام بەشدارنین. بۆ ئەمریکا کەمکردنەوەی فشارە لە کاتێکدا کە شەڕی ئۆکرانیا و ڕکەبەری چین ئەولەویەتە.

چین؟
ڕەنگە بۆ چین گەورەترین ڕوداوبێت. هەمومان دەزانین کە کارە زۆرەکانی ئەم ڕێکەوتنە لە بەغدا و مەسقەت کراوە، بەڵام واژۆکردنی لە پەکین کۆمەڵێک ئاماژەی هەیە: یەکەم، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هیچ ڕێکەوتنێک بەبێ پشتیوانی زلهێزێک نرخی کاغەزەکەی نیە.

دووەم، چینییەکان دەیانەوێت خۆیان وەک ئاشتکەرەوە ببینن نەک وەک دروستکردنی ڕکەبەر.

سێیەم، چین دەیەوێت بڵێت ئەمریکا هۆکاری ململانێی ئەم هێزانەیە.

بڕیار وەهایە لە ماوەی دوو مانگدا باڵوێزخانە بکەنەوە، با چاوەڕێ بین.

ئایا بۆ عێراق و کوردستان چۆن دەبێت، ئەوەی بۆ ئێوە جێدەهێڵم.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP