دواین هەواڵ

کورد و ئەمریکا: کیسنجەر

‌د.سەردار عەزیز

09/03/2023

لە ئایاری داهاتوو هێنری کیسنجەر، کە لە شارۆچکەی فورث لە ئەڵمانیا هاتە دونیاوە، تەمەنی دەبێتە سەد ساڵ. ئەم پیاوە زیاتر لە هەموو سیاسییەکی تر لە مێژوی ئەمریکادا کاریگەری لە سەر دونیا و هەروەها پرسی کورد هەبوە. نایل فێرگەسن لە بەشی یەکەمی بایوگرافییەکەی ئەودا، بە کەسێکی ئایدیالیست پۆلێنی دەکات.
Niall Ferguson. 2015. Kissinger: 1923-1968: The Idealist

ئایدیالیزم زیاتر مەبەست لێی بڕوابونە بە دیدێکی کانتیانە بۆ دونیا یان بڕوابون بە بونی ئەگەری ئاشتی جیهانیی. (سەرباری کانت کیسنجەر هەندێکجار باسی سپینۆزاش دەکات، کە بڕوای وەهایە کە یاسا و هێز پێکەوەن). بەڵام لە هەمانکاتدا یانی چۆنێتی پشتیوانیکردنی هێزەکانی بەرهەمهێنی ئازادی و ژیان لە گەڵ ئەو هێزانەی کە دژ بە ئازادین. بەڵام کیسنجەر زیاتر بە ماکیاڤیللی و مێتینریخی ناسراوە، هەرچەندە خۆی هەردوو ئەم دوانە بەبێ کاریگەر دەبینێت لە ژیانیدا، وەک لە دیدارەکەیدا بۆ ڕۆژنامەنوسی ئیتالی ئۆریانا فیلاشی باسی دەکات.

بۆ ڕوانگەی کوردی ئەگەر بڕوا بە دیدی کیسنجەر بکەین وەک ئایدیالیستێک، کە بەشێکی بریتیە لە چۆنێتی ژیانکردن لە گەڵ نەیاردا، ئەوا هاوسەنگکردن یەکێک لە خەسڵەتەکانی مامەڵەکردن لە گەڵ نەیاردا. هاوسەنگ ئەو دۆخەیە کە دوو هێز یەکسانن و هیچ کام توانای زاڵبونی نیە بە سەر ئەویتردا. ئەم هاوسەنگییە لەمیانەی پەیوەندی نێودەوڵەتیدا بەرهەم دێت، لە پرۆسەیەکی ڕۆژانەی بەردەوامدا.

لەم بەشەدا زیاتر هەوڵدەدەم کار لە سەر ڕەهەندە فیکریی و سایکۆلۆجییەکانی بونی کەسێکی وەک کیسنجەر بکەم لە میانەی پەیوەندی نێوان کورد و ئەمریکا، لە بەشی دووەمدا باس لە کاریگەرییە کردارییەکانی و چۆنێتی مامەڵەکردن لە گەڵیدا دەکەم.

دونیای فیکریی کیسنجەر نەناسراوە لە ناو کورددا. ئەو وێنایەی بۆ ئەو هەیە زیاتر سەرچاوەکەی لە ئەدەبیاتی چەپەوەیە کە ئەو بە کودەتاچی و بکوژ و جینۆسایدکەر و خیانەتکار و زۆر شتی تر ناودەبات. بە تایبەتی چونکە کیسنجەر دژ بە ڕژێمە چەپەکانی سەردەمی شەڕی سارد بوو، وەک ئەلێندی لە چیللی، تەیموری ڕۆژهەڵات، ئیندۆچاینا، بۆ نمونە. کەسێکی ناسراو لەم بوارەدا کریستۆفەر هیتچستنە، کە کەسێکی کورد دۆست بوو.

کورد لە دوو ئاستدا هەڵە لە گەڵ کیسنجەردا دەکات، یەکەم ناسینی ئەو وەک کەسێک کە کاری خراپی بەرامبەر کورد کردوە و بەشێکی ئەم خراپەیە بۆ کەسی ئەو دەگەڕێتەوە. یانی بە شەخسییکردنی پرسەکە. دووەم، پێچەوانەی ئەمەیە کە کیسنجەر وەها ببینرێت کە نوێنەری ئەمریکا یان سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکایە.

بێگومان کیسنجەر خراپەی بەرامبەر زۆر گەلان کردوە، بەڵام بینینی وەک کەسێکی خراپەکار بەس نیە بۆ تێگەیشتن لە هەڵسوکەوت و هەروەها سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا. بەڵکو دەبێت تێڕوانین بۆ ئەو شەخسی نەبێت، بەبێ پشتگوێخستی کەسایەتی ئەو. بە مانایەکی تر دەبێت لە کیسنجەر خۆی تێبگەین، لە هەمانکاتدا لە هەناو سیستەمی ئەمریکی و جیهانیدا بیبینین.

لە کاتێکدا کە دوو کارە دژ بە یەکە دەکەین، نابێت بکەوینە ئەو هەڵەیەوە کە ئەو نوێنەری یان بەرجەستەکەری هەمیشەیی دەسەڵات یان سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکایە. لە کاتێکدا لە نێو نوخبەی کوردیدا، بە سیاسی و ڕۆشنبیرییەوە، هەموو ئەم ڕەهەندە فیکرییانە بونیان نیە. ئەوەی بونی هەیە، ئامادەیی سایکۆلۆجییە.

هێنری کیسنجەر هەتا سەرەتای دوو هەزارەکان، ئەو کەسەبوو کە پێناسەی سیاسەتی ئەمریکی دەکرد بەرامبەر کورد. ئەم دۆخی تەماهی بونە، تێگەیشتنی لە ئەمریکا سنوردار و ئاسان کردبوو. بە تایبەتی کە عەقڵی کوردی عەقڵێکە باشتر لە شەخس تێدەگات و بە ئاسانی لە دەزگا و فیکر تێناگات.

بۆیە دەتوانین بڵێین کە کیسنجەر نەک هەر تێگەیشتن بەڵکو دید و دەرونی کورد بەرامبەر ئەمریکا لە قاڵب دەدات. هاوکێشەکە بەمجۆرە بوو، کیسنجەر خراپەی کرد، کەواتە ئەمریکا خراپە. بەڵام لێرەدا دەبێت کەمێک نیتچەیی بین: هەوڵبدەین بچینە ئەودیو چاکە و خراپە و بیر لە دەسەڵات بکەینەوە. کیسنجەر وەک تارماییەک ئامادەییەکی نائامادەی هەیە. تێکەڵبونی دۆخی دەرونی و هەروەها دیدی سیاسی و فیکر وەها دەکات کە تێگەیشتنی فرە لایەن ئەستەم بێت. ئەمە بۆ زلهێزێکی وەک ئەمریکا قەیراناوی ترە بە بەراورد بە وڵاتانی تر. بۆ نمونە ئەگەر بمانەوێت لە چین تێبگەین، بێگومان تێگەیشتن لە شی ژیاوپینگ بەشێکی گەورەی ئەو تێگەیشتنەیە، لەبەر ئەو دەسەڵات و پێگە زاڵەی کەسی سەرۆک بە سەر کایەی سیاسی ئەو وڵاتەدا هەیەتی. بەڵام یەکێک لە خەسڵەتە سەرەکییەکانی سیستەمی ئەمریکی پەرتەوازەیی و سنوردارێتی و فرەیی و جیاوازیی دیدەکانە.

لە میانەی کارەکانم لە سەر ئەم پەیوەندییە قسەم لە گەڵ لێکۆڵەر بڵ پارک کرد لەمبارەوە. بە دیدی بڵ، کە خاوەنی چەندین لێکۆڵینەوەیە لەمبوارەدا، دەزگا جیاوازەکانی ئەمریکا هەمیشە پەیامی جیاواز بە کورد دەدەن. هەر دەزگایەک بە دیدی خۆی پەیوەندی و پرسەکە دەبینێت. ئەمەش مایەی خراپ تێگەیشتنە لە لایەن کوردەوە.

ئەم پشێوییە خەسڵەتێکی هەرە سەرەکی شێوازی حوکمرانی ئەمریکیە. کیسنجەر لە سەردەمی جەنگی سارددا هەمیشە کێشەی لە گەڵ ئەم فرەییەدا هەبوو، بۆیە چەندین جار بە پێچەوانی کۆنگریس کاری کردوە.

ئایا کیسنجەر داڕێژەری دیدی ئەمریکایە بەرامبەر کورد، یان بەرجەستەکەری سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکایە، دوو پرسیاری گرنگن، بەڵام لە ڕوانگەی مێژوەوە بایەخی ئەوتۆیان نامێنێت.

ئەوەی هەیە واقیعێکی مێژوییە، کە هەمیشە دەبێت لە بەرچاوی بگرین بۆ تێگەیشتن لە ئێستا. ئەم واقیعیەتە مێژوییە یەکێکە لە کێشەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکی کە هەژاری هەیە لە بیرکردنەوەی مێژویی. نایڵ فێرگەسن ئەم سنوردارییە زۆر کاریگەر دەبینێت لە سەر کایەی بڕیاردان. بە بڕوای ئەو ڕوداوەکان وەک خۆی دوبارە نابنەوە بەڵام هاوشێوەیی یان ئەوەی بە زمانی ئینگلیزی پێی دەوترێت ئەنالۆگیی بونی هەیە.

ئێمەش دەبێت هەمان میتۆد لە بەرچاو بگرین. کیسنجەر داڕێژەری دید و میتۆدێکە لە سەردەمێکی تایبەتدا، کە ڕەنگە ئێستا دوبارە نەبێتەوە، بەڵام بەبێ تێگەیشتن لەو پاشخانە تێگەیشتن لە ئێستا مەحاڵە.

ئەو چەمکەی کە دەبێت لێی تێبگەین لە تێگەیشتن لە کردە و مامەڵەی کیسنجەر، هاوسەنگییە. کیسنجەر کورد و پرسەکەی بەکاردەبات بۆ دروستکردنی هاوسەنگی لە چەند ئاستێکدا. ئاستی یەکەم بۆ فشارکردنە سەر عێراق هەتا لە پەیوەندی لە گەڵ سۆڤیەتدا کاریگەری کەم بێتەوە. دووەم، بۆ گەیاندنی پەیام بۆ سۆڤیەت کە لە هەنگاوەکانیاندا ڕێگریی هەیە. سێیەم، کورد خۆشی کە نابێت هاوسەنگی سیستەمی ناوچەکە تێکبدەن. بەم پێیە کورد ئامرازێکی هاوسەنگەکەرە: نەدەبێت خۆی هێندە بەهێزبێت، نە ئەویتریش هێندە لاواز بکات.

سەرەتا لە کاتی لێکۆڵینەوە وەها بیرم دەکردەوە کە دابڕانێک هەیە لە نێوان دیدی کیسنجەر و دونیای پاش جەنگی سارد و هاتنی ئەمریکا بۆ عێراق، بەڵام پاش لێکۆڵینەوەکان بۆ دەرکەوت لە ڕاستیدا وەها دەردەکەوێت کە لە بڕی دابڕان، بەردەوامییەک هەیە لە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر کورد. ئەم بەردەوامییە لە بەشی داهاتوودا زیاتر ڕاڤە دەکەم.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP