دواین هەواڵ

داکۆکی لەجیلی تازەی سەردەم

‌توانا عوسمان

08/03/2023

لێرەو لەوێ گوێمان لەدەنگێکی دلێر دەبێت دژ بە نەوەی تازەی گەنجان، ئەم نەوە تازەیە تۆمەتبار دەکرێن بە بێ کەڵک، بێ بەهرە، ئیش نەکەر، بێ ڕێز، بێ خەم، نا مەسئول، ئاو لایاو هتد..
لەڕاستیدا ئەوانەی نزیکن لەجیلی تازەوە بەهۆی مناڵە پێگەیشتوکانیانەوە "کە خۆشبەختانە من یەکێکم لەوان" بۆی دەرئەکەوێ کەپێچەوانەکەی ڕاستە.

ئەم جیلەی ئێستا "سەرباری کەمینەیەکی ڕیزپەڕ" نەوەیەکی زیرەکن، بەهرەمەندن، زمانزانن، بەجۆرێکی تر ڕێزدارن، ئەوان وەک جیلی پێشوو ڕێزیان کورتنەکردۆتەوە بۆ ڕێزی لەخۆیان گەورەتر، بەڵکو ڕێزی سروشت و ژینگەو سەگ و پشیلە و گیاندارانیش ئەگرن و زۆربەیان ئاشتیخوازن.

کێشەی ڕەگەز و ڕەنگیان نیە و بەیەکچاو سەیری ڕەشپێست و باری ڕەگەزی و ئاینی و کلتوری دەکەن و زۆربەیان خەریکە لەگرێی پەیوەندی نێر و مێ ڕزگاریان دەبێت و هاوڕێیانە تەماشای جیاوازیەکان دەکەن. "هەڵگری گرێکانی ئێمەنین"

ئەم نەوە تازەیە خەریکی دۆزینەوەی چێژ و خولیای خۆیەتی، زۆربەیان جیهانی بچوکی خۆیان هەیە و ئەیانەوێ ببن بەوەی کەئەیانەوێت، زۆربەیان ئینگلیزی یان زمانێکی تری بیانی ئەزانن و بەگشتی ئاگایان لەدونیایە. 

زۆربەیان سەروکاریان لەگەڵ تەکنەلۆجیادا هەیە و لەئێمەومانان ئەپدەیترو هاوچەرخخوازترن و زۆرشت ئەزانن کەئێمە نەک لەتەمەنی ئەواندا نەمانئەزانی، هەندێکی لەئێستاشدا نازانین. "پیاو ئیحراج ئەبێت لەهەندێ زۆرزانیان".

زەوقیان بۆ خواردن فراوانە، لێبوردەن، حەزیان لەخواردنی چێشتخانەی میللەتانی تریشە، سوشی، چینی، ئیتاڵی، هندی هتد، کەئەو خاڵە یەکێکە لەبنەماکانی کرانەوەی کلتوری و قبوڵکردنی جیاوازی "واتە وەک ئێمە کوشتەی برنج و فاسۆڵیا نین".

لەهەمووی گرنگتر ئەم نەوە ژیاندۆستە زۆربەیان خۆی بەخۆراکی حیزب نازانێ و متمانەی بەخۆیەتی و خۆی بەقەوارەیەکی سەربەخۆ دەزانێت و ئەسڵەن یاریە سیاسیەکانی لاگرنگ نیە.
تێبینی: ئەزانم نوسینێکی وا سەرپێی کافی نیە بۆ قسەکردن لەسەر بابەتێکی وا مشتومڕ هەڵگر، ڕەنگە لەداهاتوودا بەقوڵی یان  بەڤیدیۆ بێمەوە سەری، بەڵام ئەم سەرەتایەم بەگرنگ زانی.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP