دواین هەواڵ

ئیسلامییەکان و جێندەر

‌یاسین ئافتاو

01/12/2022

وەکو هەموو جارەکانی دیکە، ئیسلامییەکان خەریکە کۆمەڵگەی ئێمە بە هەڵەدا دەبەنەوە، ئەمە ئیشی لەمێژینەیانە، هەر کاتێک شتێکی تازەباو و نوێ هاتبێتە ئاراوە، یەکسەر بە تفەنگی تەحریم و تەکفیر و ناجائیز و ...هتد، لێیان داوە، بێ ئەوەی بە وردیی چەمکەکەیان خوێندبێتەوە، دیراسەیان کردبێت، مشتوماڵیان کردبێت و لەسەر بنەمایەکی لۆجیکیی و زەرائیعیی و واقیعیی لایەنە باش و خراپەکانیان جیاکردبێتەوە ئینجا حوکمیان بەسەردا دابێت. جا ئەم چەکی تەحریم و تەکفیر و ئیبلیساندنە؛ چونکە چەکی لاواز و نالۆجیکیی و سۆزدارانەن؛ بەرگەی واقیع ناگرن و زۆری پێ ناچێت ئیسلامییەکان بیریان دەچێتەوە کە ئەو شتانەیان حەرام کردووە و دواتر دەبێت دەستیان بگریت و لێیان بپاڕێیتەوە کە زیادەڕەویی نەکەن لە بەکارهێنانی ئەو شتانەدا.

لە ماوەی تەمەنی خۆمدا، بە تایبەتیی لە تەمەنی ١٣ ساڵییەوە کە هۆشم کراوەتەوە و وردەوردە عەقڵم بە دونیا شکاوە، سەرەتا دیندار بووم، ئینجا ئیسلامیی، ئینجا مسوڵمانێکی هاکەزایی، ئینجا ماوەیەک لە بەرەنجامی بیرکردنەوە و تێڕامان بێباوەڕ بووم، دواتر هەر لە بەرەنجامی خوێندنەوە، گەڕان، موناقەشە، ئارگیومێنتسازیی و لە هەمووشی گرنگتر ئەزموونی ژیانی واقیعیی و مەعریفیی؛ سەرلەنوێ ئیمانی خۆمم دۆزییەوە، ئیمانێک کە بە چنگەکڕێ و شەونخوونیی و ئازار و فرمێسک بەدەستم هێنا، ئیمانێکی پتەو و نەلەرزیو، نەترساو، ئامادە بۆ هەموو ئارگیومێنتسازیی و بەڵگاندنێک، ئیمان بە خودایەک کە جەوهەری چاکەی بە لاوە گرنگە نەک ڕووکەشەکان، دەرەنجامی بە لاوە گرنگە نەک ڕێکارەکان، ئا لەو ماوەیەدا من سەدان جار، کۆمیدییانە و تراجیدییانە ئەم ڕەتکردنەوە هەڵبەز و دابەزئاسا هەرزەکارانە ناعەقڵانییە سادەلەوحانەیەی شتە نوێباو و تازەکانم دیوە، هەر بۆیە لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا زەڕڕەیەک متمانەم بە هیچ هێزێکی ئیسلامیی سەر زەویی نەما، هەتا توانیبێتیشم لە هەموو ڕووە عەقیدیی، ئەخلاقیی، کۆمەڵایەتیی و مەعریفییەکانەوە خۆم لێ جیا کردوونەتەوە.

لە ماوەی ئەو ٣٠ ساڵەی وشیارانە ژیاوم، حەرامکردنی ئەم شتانەم بە چاوی خۆم، بە گوێی خۆم و بە ئامادەیی خۆم دیوە: پێپسیی و کۆکاکۆلا، تۆم و جێریی، کارتۆنی پاپای، مۆسیقا (جگە لە دەف)، چاکەت و پانتۆڵی ئەورووپی، بۆینباخ، سەعاتکردنە دەستی چەپ، خوێندنەوەی فەلسەفە، تۆپی پێ، سەیرکردنی تۆپی پێ، ماکیاجی ژنان، دەموچاو هەڵگرتن بۆ پیاو و ژن، قژبڕین وەکو ئەورووپییەکان، پانتۆڵی جینز، پەیکەرسازیی، هونەری شێوەکاریی (جگە لە زەخرەفە)، وێنەگرتن و کاری ڤیدیۆیی، کارتۆنی پۆکیمۆن، کاری پەرلەمانیی، جەژنی سەری ساڵ، پیرۆزباییکردن لە غەیرەدین، پیرۆزباییکردن لە مەسیحیی، چوونە خۆرئاوا وەکو پەنابەر، هاوپەیمانیی لەگەڵ هێزی عەلمانیی، مۆبایل، یۆگا، فاتیحا بۆ مردوو، فاتیحای دوای بانگی پیرۆز کاتێک بانگبێژ بانگەکە تەواو دەکات، قورئانخوێندنی پرسەی مردوو، سەتەلایت، ....هتد.

یەکێک لەوانەی کە تا ئاستی مردن عەزابم پێی خوارد حەرامکردنی مۆسیقا بوو، من کە بە باوەڕ و ئۆکسجین و هیوا و مۆسیقا دەژیام، دەبوو گوێی لێ نەگرم، چونکە لە بەهەشتدا دارێک هەیە خۆشترین مۆسیقاکانی دونیا پەخش دەکات، مرۆڤی مسوڵمان ئەگەر لە دونیادا گوێی لە مۆسیقا گرتبێت لەو دونیا بشچێتە بەهەشت گوێبیستیی ئەو مۆسیقایانە نابێت، ئینجا کۆمەڵێک حەدیسی صەحیح بە ڕیوایەتی (ئیبن عەبباس) کە گوێگرتن لە مۆسیقا یەکسان دەکەن بە گوێگرتن لە مەزامیری شەیطان، وای لەو عەزابە؟ جا ئەوکاتە هێشتا تەمەنم ١٨-١٩ ساڵێک بوو، ئەمە دەهریی کردم، خۆم دەستم کرد بە خوێندنەوە و بەدواداچوون و گەیشتمە دڵنیایی خۆم، ئیتر ئەمە خاڵی هەڵگەڕانەوەی من بوو لە فیقهی ئیسلامییەکان، گەڕانەوە بۆ ئیعتیزال، عەقڵکردنە ڕێبەر لە ئیمان و دینداریی خۆمدا و تووڕهەڵدانی بەزم و بالۆرەی ئەم جۆرە پێودانگانە.

جارێک شتێکی خۆش ڕووی دا؛ لە یەکێک لە شەوەکانی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، لەگەڵ واعیزێکی ئیسلامییدا بووە مشتومڕمان لەسەر کارتۆنی پاپای و تۆم و جێریی، ئەو دەیوت حەرامن و بەڵگەسازییشی بۆ دەکرد، منیش بە پێچەوانەوە، کەچی ١١ ساڵ دواتر لە کەناڵی تەلەفزیۆنیی ئەو بابا ئیسلامییەوە تۆم و جێریی و بەدوایدا پاپای لێ دەدرا.

ئێستا ئیسلامییەکان، بە ڕابەرایەتیی چەند نیمچەخوێندەوار و گومڕاکەر و فەوزاخوڵقێنێک، هەراوهوریا و بەزمێکی بێمانا و بێپاساو و ناڕاستیان لەبارەی چەمکی جێندەرەوە درووست کردووە، ئەو نیـمچەخوێندەوارە سەرلێتێکدەرانە کە بەحساب هەندێکیان (کۆمەڵناس)ـن، زەنەقی کۆمەڵگەی کوردیی و مسوڵمان و ئیسلامییەکانیان لە چەمکی جێندەر بردووە و بە چاک و خراپ لەگەڵ باسکردنیدا یەکسانی دەکەن بە هاوڕگەزخوازیی و منداڵبازیی و بەرەڵڵایی. کە ئەمە بەلاڕێدابردنێکی خراپە، نادرووستە و مەترسیدارە، مەسەلەکەش بە تەنیا جێندەر نییە، بەڵکو ئەو شێوازەیە کە ئەو چەمکەی پێ دەشێوێنرێت، ڕەت دەکرێتەوە و بەشەیتانیی دەکرێت، ئیدی ئەوان یەک قاعیدەی بەرفراوان لە مرۆڤی ساویلکە و دڵپاک و دڵسۆز، تەییار دەکەن بۆ ئەوەی هەر کەسێک بیەوێت بتوانێت بێ هیچ هەستێکی ڕەخنەیی، بیرکردنەوە و لەبێژنگدانێک هەرچۆنێکی بووێت بەو جۆرە ئاراستەیان بکات.

بە خەمڵاندنی خۆم، لەسەدا ٩٩.٩٩ی ئیسلامییەکان یەک لاپەڕەشیان لە بارەی جێندەرەوە نەخوێندۆتەوە، کەمینەیەکی زۆر زۆر کەمیان شتێکی تەمومژاویی لەبارەوە دەزانن و سەرچاوەی بیرکردنەوەکانیان هەندێک توێژەری ئیسلامیی تۆقیون و یەک ڕەهەندی مەسەلەکە دەبینن، جگە لەوانە چەند مرۆڤێکی سەنگینی بە ژمارەی پەنجەکانی دەستیان تێدایە کە ورد و بابەتییانە و دوور لە هەراوهوریای تەکفیر و لێبارکردن، چەمکەکەیان خوێندۆتەوە، تەتەڵەیان کردووە و دەزانن لایەنە باش و خراپ، گونجاو و نەگونجاوەکانی چیین، بەڵام ئەوەی جێی داخە ئەوانە بێدەنگن و هیچ ناڵێن، لە کاتێکدا بۆ مەسەلەی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پرسە دەبوو ئەوان زمانحاڵ و فەتوادەر و سەنگی مەحەک بوونایە.

پرسی جێندەر پرسێکی مرۆییە، لە خۆرئاوا گەڵاڵە کراوە، مرۆڤ و هۆشیاریی سنوورداری مرۆڤ گەڵاڵەی کردووە، لایەنی باشی هەیە و هی خراپیش، باشبەکارهێنانی پێوە دەکرێت و گەندەسوودیش، ڕاڤەی جیاوازی بۆ دەکرێت، ئەمپەڕ و ئەوپەڕی هەیە، تیۆریی سەنگین و قووڵ و وردی تێدایە و هی کرچوکاڵ و توندڕەوانە و گەمژانەش، لە هەندێک ئاستدا زانستە و مێتۆدێکە بۆ پێشخستنی کۆمەڵگە، هەندێک ئاستیشی چەلەحانێ و زۆربڵێی و تووڕەهاتە، یەکەم ڕەخنەگری چەمکی جێندەر و هەڵوەشێنەرەوە و ڕاڤەکەری چەمکەکە خۆرئاواییەکان خۆیانن، (هەر بۆ نموونە جۆردن پیتەرسن).

جێندەر پرسێکی هێندە سادە و ساکار و منداڵانەی وەکو بابەتی هاوڕەگەزخوازیی و منداڵبازیی و بەرەڵڵایی نییە کە بتوانیت بە حەرامکردنی لێی دەرباز بیت، پرۆسێسێکی هێندە ورد و زانستیی و لۆجیکییە کە گومانم نییە ئەگەر دە ئیسلامیی زۆر خوێندەوار و خۆڕابین لە بیروباوەڕ و ئیستیقامەی خۆیان سەد کتێب لە کتێبە ڕەسەنەکانی جێندەرناسەکان بخوێننەوە لە (جودیث بەتلەر) زیاتر دەبنە جێندەریست، ئەوانە بە سادەکردنەوەی بابەتەکە وا دەزانن لێی دەرباز دەبن و کۆمەڵگەی کوردیی لێ دەپارێزن و ڕێک پێچەوانەکەشی ڕاستە.

من کە ڕەنگە چەند هەزار لاپەڕەیەکم لەبارەیەوە خوێندبێتەوە و دەیان ڤیدیۆ و کۆرس و ۆرکشۆپم لەبارەی جێندەرەوە بینیبێت، دەزانم کە ئەم بابەتە هەر وا سادەلەوحانە مامەڵەی لە تەکدا ناکرێت و بە هەراوهوریا و قیژە و قاڕەقاڕی چەند کەسێک کۆتایی نایەت، جێندەر لایەنی ئیجابیی و هی مەترسیداریشی هەیە، لەگەڵ ئەوەی دەکرێت ببێتە مێتۆدێک بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵایەتیی، دەکرێت ببێتە ئایدۆلۆجیا و ڕێبازێکیش بۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگە و لێکترازانی. ئەوانەی کە دژی جێندەرن دەبێت تێ بگەن، جێندەر بەرهەمی سەردەمی مۆدێرنەیە، لە پووختترین مانایدا جێندەر پێمان دەڵێت؛ سەردەمێک کە تیایدا عەقڵ گەشەی کردووە، هەموو دونیا بە دوگمە و لەمس بەڕێوە دەچێت، خوێندەواریی وەکو هەوا بەناو خەڵکدا بڵاوبۆتەوە، ئیشەکان ئاسان بوون، ناکرێت بە مێتۆد و شێوازی هەزار ساڵ لەوەو بەر مامەڵە لەگەڵ بابەتی جیاوازیی نێوان نێر و مێدا بکەین، جێندەرناسەکان دەبێژن؛ درووستە لە کۆندا زۆرینەی کارەکان لەسەر هێزی ماسوولکە و بەرگەگرتنی جەستەیی و توندوتۆڵی لەشولار وەستابوون، ئاسایی بوو نێر ڕەواجی زۆرتر بێت، نێر سەنتەرتر بێت و بە باشتریش دابنرێت، بەس ئێستا ئەو سەردەمە بۆ هەتاهەتایە لەگۆڕنراوە، ئێستا گەورەترین ماشێنی دونیا بە دوگمە و لەمس و ئەپڵیکەیشن بەڕێوە دەچێت، ئایا مەعقوولە مامەڵەکردن لەگەڵ ژن و پیاو هەر وەکو هی سەردەمی حوشتر و ئەسپ و شمشێر بێت؟! ئەمە کرۆکی فەلسەفەی جێندەرە، ئەوەی دیکەی کە مشتومڕی لێ ساز دەکرێت (لێرەش و لە خۆرئاواش)، کۆمەڵێک مرۆڤی نەخۆشی مەییال بۆ ئاژاوەنانەوە و دووبەرەکیی لەپشتە.

هەر بۆیە ئەی هاوڕێی ئەزیز؛ مەهێڵە کەس لە بری تۆ بیر بکاتەوە، دوای هاشوهوشی چەند مرۆڤێک کە ئەجێندای بزنس و بوونە پەرلەمانتار و کوێخا و ڕیشپسیان هەیە، لەگەڵ چەند پەیجێکی گوماناویی و درۆزن و بندیوار مەکەوە، حەقی خۆتە خەمی ئەخلاق و یەکگرتوویی خێزان و پەروەردەی باشی خۆت و هی منداڵ و خزمەکانیشت بێت و منیش وەکو تۆ هەر هەمان خەمم هەیە، بەڵام ئەمە بە مێشکداخستن و هوتافکێشان و فەتوا و ڕەتکردنەوە مەیسەر نابێت، پێویستی بە خۆماندووکردن و گەڕان و بیرکردنەوەیە، بریا کارەکە ئەوەندە ئاسان بووایە و بەو سادەیییە لێی دەرچوونایە، هەربۆیە من بۆ یاریدەدانی خۆم و بەڕێزیشت و بۆ ڕوونکردنەوەیەکی زۆر گشتگیرانەی پرسی جێندەر لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بابەتێکی تێروتەسەل دادەنێم و بە هیوام ببێتە ماکی گفتوگۆیەکی بونیادنەرانە لەم بارەیەوە...

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP