دواین هەواڵ

ئێرانییەکان چۆن بیردەکەنەوە؟ ئێرانییەکان خەون بە چیەوە دەبینن؟

‌شوان ئەحمەد

15/11/2022

چل و چوار ساڵ لەمەوبەرو لە گەرمەی ڕوداوەکانی شۆڕشی گەلانی ئێراندا، میشێل فوکۆ وەک ڕۆژنامەنووسێک چەند هەفتەیەک لە تاران دەمێنێتەوەو ڕوماڵی ڕوداوەکانی ڕۆژ بۆ غەزەتەی(کۆرێری دیلا سێرا)ی ئیتاڵی دەکات.

لەوێ چاوی بە زۆر کەس دەکەوێت:(خەڵکانی ئاسایی، ئەکادیمیست و چالاکوانان، سیاسەتوان و پیاوانی ئایینی و ... هتد). لە نێو ئەوانەدا ئایەتوڵڵا شەریعەتمەداری بە فوکۆی وتبوو:( ئێمە چاوەڕوانی گەڕانەوەی ئیمامی مەهدین، لێ لەگەڵ ئەوەشدا هەموو ڕۆژێک بۆ چەسپاندنی حکومەتێکی چاک و دادپەروەر خەبات دەکەین).

بڕگەی دووەمی قسەکانی ئەو ئاخوندە درۆیەکی شاخداربوون، چون درۆ گەورەکەی فیدڵ کاسترۆی کۆمۆنیست کە لە سەروەختی شۆڕشی کوبادا بە هێربەرت ماتیۆزی پەیامنێری گۆڤاری(نیویۆرک تایمز)ی وتبوو:( من بیر لە دەسەڵات ناکەمەوەو دەمەوێت دوای سەرکەوتنی شۆڕش، بگەڕێمەوە بۆ ئاواییەکەی خۆم و دووبارە بە پیشەی پارێزەری خۆمەوە خەریک بم).

ئەڵبەت ئەو حکومەتە چاک و دادپەروەرەی شەریعەتمەداری نوقڵانەی بۆ لێدەدا، بە مۆدێلێکی تەواو ستەمکار و تۆتالیتار شکایەوە. مەردومگەلی ئێران بەو شۆڕشە هەر ئەوەندەیانکرد، لە قەفەزی شاهەنشایی هاتنەدەرێ و لە قەفەزی ویلایەتی فەقیهدا خۆیان بینیەوە.

پرسیاری فوکۆ لەو قۆناغە مێژوویەی پێشوودا ئەوەبوو:(ئێرانییەکان چییان دەوێت و خەون بە چییەوە دەبینن؟). وەک ئەوەی تەواوی ئێرانییەکان گشتێکی یەکانگیر و یەک پارچە و یەک ڕەنگ بن. خەڵکانێک بن یەک خواست و یەک خەونی چونیەکیان هەبێت.

لە کاتێکدا سەرزەمینی ئەو وڵاتە فرە ڕەنگ و فرە کەلتوور و فرە نەتەوە و فرە ئایینزایەو هەر یەکەشیان خەون و خواست و خولیای جیاواز لە یەکیان هەیە. حیساب نەکردن بۆ ئەم جیاوازیانە لە شۆڕشی پێشوودا، خەونی کوردانی ئەو پارچەیەی کوردستانی لەباربرد. لە کاتێکدا ئەوان قوربانی سەرەکی دەستی ڕژێمی پاشایەتی بوون و لە ڕیزی پێشەوەی ئەوانەدا بوون، سەختترین بەرخوردیان لە دژی زوڵم و ستەمی شا کردبوو.

ئەمێستاو لە گەڵ شەهیدکردنی ژینای ئەمینی دا، ئەم خەونەی کوردان زۆر زیاتر بە زەقی گوزارشتی لەخۆی کردو پریشکی ڕاپەڕین و داواکاریەکانیشیان بە هەموو لایەکی ئێران گەیشت. بۆیە هەق وایە لەم سیاقە تازە و لەم وەرچەرخانە نوێیەدا، ئێرانییەکان وەک ڕابردوو بە چاوی پاشکۆ و کەمینەیەکەوە، لە خەبات و خەون و تێکۆشانی کوردەکان نەڕوانن و ستەمی زیاتر و زۆرتریان لێنەکەن. بە کورتیەکەی لێگەڕێن خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن، نەک زۆرینە خۆی بکاتە قسەکەری فەرمی و بڕیار لە چارەنووسی ئەوانی دیکە بدەن.

بۆ خاتری دووبارە نەکردنەوەی هەمان مێژوو، بۆ ئەوەی هەمان مۆدێل لەسەر سەحنەکە نەبینینەوە و بە ناوی شۆڕش و ئازادییەوە، ئازادی و خەون و خواستی ئەوانی دی زیندەبەچاڵ بکرێت، لێگەڕێن کوردەکان و نەتەوە و ئایین و ئاینزاکانی تر، قسەی خۆیان بکەن.

لە دوای ستەمی ئەوەندە ساڵی ولایەتی فەقیهو کۆماری ئیسلامی، هەقە زۆرینە لەو وڵاتەدا ئەو مافە بەکوردە بەشمەینەتەکان ڕەواببینن(چۆن بیردەکەنەوە و خەون بە چییەوە دەبینن). شەتەکدانەوەی خەون و خۆزگە و ویستی ئەوان(وەک نەتەوەیەکی جیاواز) بەخۆیانەوە، بەواتای دووبارەکردنەوەی هەمان مێژووی تاریک و پڕ ستەمی ئەو جوگرافیایە دێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP