⁃ یەکێ لە پێناسەکانی ژیان بریتیە لە پەڕینەوە، مرۆڤ بۆخۆی بەرھەمی پەرینەوەیە، تەمەن و پەیژەکانی، خوێندن و قۆناغەکانی، سەفەر و وێستگەکانی، ھەر ھەمووی جۆرێکن لە پەڕینەوە و، ھیوا و ئاواتەکانیش ھەر بەو شێوەیە، کەواتە مرۆڤ بەردەوام لە نێو پرۆسێسی پەڕینەوەدایە، ھیچ دەسکەوتێک بێ پەڕینەوە نایەتەدی، کەواتە پێوەری سەرکەوتنی ھەر مرۆڤێک بریتیە لە سەرەتا تێگەیشتن، دواتر بڕوابوون و کارکردن لە پێناو پەڕینەوەدا !..
⁃ پەڕینەوە وزە و ویستە، بڕوا و متمانەیە، تیشک و قودرەتە، لەیەککاتدا سەیرکردنی دوور و ڕێکخستنی وردی ھەنگاوەکانە، باڵگرتنە بۆ ئاسمانی ئاواتەکان بە کەرەسەی ئەرزی و واقیعییەوە، کەواتە پەڕینەوە پرۆسێسێکی پۆزەتیڤە پێخەمەت ژیان، ژیانێک، کە دەبێ ئینسانە باشەکان ڕۆڵگێڕ بن تیایدا، نەک دووڕوو و درۆزن و درەوین و دراوییەکان، مەبەستم لە دووڕوو ئەوانەن، کە بانگەشە بۆ سپی و ئیش بۆ ڕەش دەکەن، مەبەستیشم لە درۆزن و درەوین ئەوانەن، کە فیتنەگێڕانە، تەنھا درۆ بڵاودەکەنەوە و مەبەستیشم لە دراوییەکان ئەوانەن، کە لە پێناو پارەدا ھەموو خراپەیەک دەکەن!..
خۆ ئەگەر سەیرێکی کۆی ژیان، کایە، دامەزراوەکان و ھەروەھا بۆچوون و ھەڵسەنگاندنی ئاقڵمەندەکانیش بکەین، ھەر زوو لەو ھەقیقەتە تاڵە تێدەگەین، کە کوردستان لە وەزعێکی خراپدایە و ھۆکارەکانی ئەم وەزع خراپییەش یەک و دووان نین، بەڵام گرنگترینیان ئەمانەن: ( نەزانین، نەبوونی پەروەردەی نیشتیمانی، لاوازیی کلتوور، بڕوابەخۆنەبوونی ئینسانی کورد و کارنەکردن )، کە دیارە ھەریەک لەم ھۆکارانەیش ئافاتی تری دەگەڵ خۆیدا ھێناوە، وەک : ( نایەکڕیزی،، ڕق و دوژمنکاری، میدیای فیتنەگێڕ، دز و مافیای سیاسی و ... !!). کە باسکردنیان زۆری گەرەکە و لە دەرفەتی تردا لای لێ دەکەینەوە.
⁃ پێناچێ دونیا ئێمەی خۆش بوێ، دەرودراوسێیش ڕقی لێمانە، لە نێوخۆشدا تا بڵێی ڕقمان لە یەکترە، بەڵام پاژێکی تری ئەم ڕقە، کە باس نەکراوە، ڕقی ئینسانی کوردە لە خودی خۆی، بەڵێ ئینسانی کورد بێ ئەوەی بزانێت رقی لە خودی خۆشیەتی، لەوانەیە یەکێک بڵێت (چۆن؟!.. )، منیش ڕێک دەمەوێت وەڵامی ئەم (چۆن)ە بدەمەوە !..
⁃ ھۆکاری ڕق لێبوونەوەی کورد لە خودی خۆی، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوانیتر و خۆی، ئەوانیتر، کە ژیانیان لێ وێران کرد و خۆیشی، کە ناتوانێت ژیان ئاوەدان بکاتەوە، دیسان (چۆن ؟!.. )، بۆ وەڵامی ئەم (چۆن)ەیشیان یەژین: ئەوانیتر، واتە دونیا و دەرودراوسێ و ھەندێ جار کورد خۆیشی، ژیانیان فەراھەم نەکردووە بۆ کورد، ژیان بە ھەموو ماناکانی بوون، ئازادی و ماف !.. نەک ھەر ژیانیان بۆ فەراھەم نەکردووە، بەڵکو خاکێکی سوتماک و نەتەوەیەکی پارچەکراو و زیھنییەتێکی مەزڵومییان بۆ دروستکردووە، کە بۆ چارەسەرکردنی، بێگومان ھەنگاوگەلی مەزنیی فرەلایەنی گەرەکە !..
لە بەرامبەریشدا، ئینسانی کورد خۆیشی، وەک تاک نەیتوانیوە بەسەر ھەموو ئەو زوڵمەتەدا تێپەڕێت و ژیانی فەراھەمنەبووی ڕزگار بکات و ئاوەدانی بکاتەوە، لە ئاکامی ئەمەدا، واتە لە ئاکامی ئەم زوڵم و زوڵمەتەدا، تاکی کورد ڕقی لە خۆشیەتی، چونکە کە سەیری خۆی دەکات، کەسێکی تێکشاوی نێو چیرۆکگەلێکی تێکشاوە، کە ھەرگیز بەم ھەموو شکاوییەوە ناتوانێت بپەڕێتەوە بۆ ژیان !.. کەواتە ئێستا ئێمە لە قۆناعێکدا دەژیین، قورس، قورس بە قەدەر بینینی شکاوییەکان، قورس بە قەدەر چاککردنەوەی شکاوییەکان، قورس بە قەدەر پەڕینەوە !..