دواین هەواڵ

بڕیار لە کوردستان و ئەنجام لە بەغدا

‌هێڤیدار ئەحمەد

15/10/2022

زۆر بە کورتی، بەربژێری بەڕێز بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و بەربژێری یەکێتییەکان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق سەرنەکەوت، بەڵام چ لە پشت ئەم چیرۆکە بوو، بۆچی شیعەکان پشتیان لە بەڕێز بافڵ تاڵەبانی کرد؟

هەوڵدەدەم بەشێک لە دیمەنی راستەقینەی یارییەکە بۆ خوێنەرانی ئەم گوتارە بخەمەڕوو، تاوەکو دیاربێت کە چۆن جەنابی سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان یاریەکەیان گۆڕی، شیعەکان لە سەری بڵند چیان بە سەرۆک بارزانی گوت؟

لە سیاسەتکردندا (رەسید) گرنگە. 

دەبێ کاراکتەری سیاسی یەکەم جار خۆی رەسیدی هەبێت، رەسید بۆ پەیوەندییەکان گرنگە، رەسید بۆ بەرژەوەندی و، ئەزموون گرنگە. پێش هەموو شتێک دەبێ دەستی خۆت بخوێنییەوە و یارییەکە وەک کە هەیە بخوێنیەوە.

ئەوەی ئەم جارە لە بەغدا روویدا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری دوای (یەکێتی) کە 16 ساڵ لەدەستیان بوو، بۆ هەموو یەکێتییەکانی ئیماندار بە سیاسەتی بەڕێز بافڵ تاڵەبانی موفاجەئەبوو.

پارتی پێیگوتن بەخەبەر وەرن

پارتی زیاتر لە 15 جار لەسەر پۆستی سەرۆککۆماری عێراق لەگەڵ بەڕێز بافڵ تاڵەبانی دانیشت. نزیکەی 10 جار لە رێگەی بەڕێز فوئاد حوسێن کۆبوونەوەی لەگەڵ هەبووە، کە ئەو دەستگرتنەوەی بە بەرهەم ساڵحەوە بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، سوودی نییە، بەڵام چەند جارێک بە شاندی پارتی گوتبوو، تەحەدا دەکەم و بەربژێری من سەردەکەوێت، هەندێک جاریش نەرم بووە.

بەڕێز بەرهەم ساڵحیش تاوەکو دوا ساتەکان بڕوای بەوە هەبوو، کە بۆ جاری دووەم سەردەکەوێت و دەبێتەوە سەرۆککۆماری عێراق!

پارتییەکان زۆر بە دڵسۆزی بە سەرۆکی یەکێتییان گوت "بەرهەم ساڵح بۆ خۆی کار دەکات، بەخەبەر وەرن، چونکە لەو یارییەدا لەگەڵ پارتی نایبەنەوە". سەرۆکی یەکێتی ئەوەندە بێ منەت بوو، دەیگوت "من دۆڕان قبووڵ ناکەم".

لە هەڵبژاردنی 2018دا بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، کاک بافڵ بە پارتی گوتبوو، بۆیە دەمانەوێ بەرهەم ساڵح ببێتە سەرۆککۆمار، چونکە هەرچی پێ بڵێین دەیکات و ناتوانێ بڵێ "نا".

پارتی دەستی خۆی ئاشکرا نەکرد

بەڕێزێک لە پەرلەمانی عێراق باسی دانیشتنێکی تایبەت کرد لای محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، کە بەرهەم ساڵح و سەرۆکی شاندی پارتی لەو دانیشتنەدا بەشداربوون. بەرهەم ساڵح بە سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری پارتی گوتبوو، ئەمڕۆ لە ساڵی 2018 دەچێت. وایزانی دیسان لە یاریەکەدا سەردەکەوێتەوە.

پارتی (ئەوانەی بەدروستی یاریەکەیان دەکرد) دەستی گفتۆگویەکانی خۆیان ئاشکرانەکرد بۆ میدیا و لە پشت پەردەوە بە هێزەوە کاری خۆیان دەکرد کە دەبێ ئەم جارە بەربژێری دڵخوازی خۆیان کە بەڕێز د. لەتیف رەشیدە سەربکەوێت و ببێتە سەرۆککۆماری عێراق.

یەکێتی و بەرهەم ساڵح، ئینجا سەرۆکی یەکێتیش قەناعەتییان وابوو دەبەنەوە. ئەندامی پەرلەمان هەبووە، هاتووەتە لای پارتی و پێیگوتوون، پارەمان وەرگرتووە، هەیە زۆر لەپارە زیاتری پێدراوە، بۆ ئەوەی دەنگ بۆ بەڕێز بەرهەم ساڵح بدەین، بەڵام ئێوە بڵێن دەنگ بە کێ بدەن وادەکەن. پارتیش بێگومان پێی نەگوتوون دەنگ بدەنە کاک بەرهەم.

لەسەری بڵند بڕیاردرا

شیعەکان پێش چەند رۆژێکی کەم لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە سەری بڵند بوون، لای جەنابی سەرۆک بارزانی، گوتیان هاتوون و داوای لێبووردن دەکەین و پێمان بڵێ چی بکەین، ئەوەی لەهەمووی گرنگتر، بڕیاری کۆتایی و یەکلاییکەرەوەی عێراق لای جەنابی سەرۆک بارزانی و لە سەری بڵند بوو و هەر لەوێ بڕیارەکە درا. هەر لەوێ نەخشە رێگەکە دانرا.

ئێران لە هەموو بڕیارێکی یەکلاییکەرەوە لە عێراق رۆڵی کاریگەری هەیە و عێراق بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران، هێڵی سوورەو بەشێک لە ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەزانێت.

ئێرانی بەغدا، قەیس خەزعەلی و هەندێ هێزی دیکەی چەکداری شیعە کە ئەندامیان هەیە لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ بەشێک لە سوننە وەک هێزی عەزم لەگەڵ بەربژێری یەکێتی بوون، بەڵام بڕیار بەدەستە شیعەکانی عێراق لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە بەڕێز مالیکی و هادی عامری و سوننەی هاوپەیمانی پارتی و... (ئەوانیدیکە جارێ باسی ناکەین) لەگەڵ بەربژێری دڵخوازی پارتی بوون کە بەڕێز لەتیف رەشید بوو، سەریش کەوت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP