دواین هەواڵ

سوپرایزی نوێی پارتی

‌هێڤیدار ئەحمەد

28/10/2021

گرەوی زۆر لەسەر ئەوە هەیە کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە خولی پێنجەم "رەنگە" دوابکەوێت، لەبەر چەند هۆکارێکی هۆنەری، یاسایی و سیاسی.

دەبێ هەیکەلی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان سەرلەنوێ دابڕێژرێتەوە، کە وادەکەی تەواوبووەو دەبێت بەگوێرەی مافی لایەنەکانی نێو پەرلەمان دابندرێت. پارتی ئەمجارە لە 9 کۆمسیاری نێو ئەنجوومەنەکە بەگوێرەی 45 کورسی پەرلەمان، داوای پشکی خۆی دەکات، لایەنەکانی دیکەش ئەو مافەیان هەیە بەگوێرەی کورسییەکانی نێو پەرلەمان داوای مافی خۆیان بکەن.

هەروەها یاسای هەڵبژاردن کە رەنگە گۆڕانکاری تێدا بکرێت، بۆ هەر هەڵبژاردنێک کۆمیسیۆن لانیکەم پێویستی بە شەش مانگە، وەک خۆئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنەکان. واتە دەبێ تاوەکو مانگی ئاداری داهاتوو، کۆمیسیۆنی نوێی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دامەزرابێت، حکومەت بودجەی هەڵبژاردنی گەرەنتیکردبێت. دواتر سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش وادەی هەڵبژاردن دیاری دەکات.

ئەوەی من ئاگادارم لە بڕیاری سیاسی حیزبکەم (پارتی دیموکراتی کوردستان) لەگەڵ ئەوەیە هەڵبژاردن لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجامبدرێت و، نابێت هیچ بیانوویەکی سیاسی ببێتە رێگر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان. کە ئەگەر بە رێکارە ئاساییەکانی خۆیدا بڕوات، دەبێ لە مانگی ئەیلوولی 2022دا بکرێت.

پارتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان 45 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا. ئێستاش ئەگەر هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت و بە پشتبەستن بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە لە 10-10-2021 ئەنجامدرا، بەگوێرەی دەنگەکانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بێت، پارتی بۆ پەرلەمانی کوردستان 47 کورسی بەدەستدەهێنێت و رەنگە زیاتریش بێت. واتە پارتی قەت دوودڵ نییە کە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت و بگرە پاڵپشتی سەرسەختی ئەوە دەبێت. 

هەر بەگویرەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کێبڕکێیەکی تووند لەنێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و نەوەی نوێدا دروستدەبێت کە کێ هێزی دووەم دەبێت لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان.

دەنگی هەرسێ پارێزگای هەرێمی کوردستان، هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە لە هەڵبژاردنی عێراق بە یەک پارێزگا هەژمارکراوە، پارێزگای دهۆک، ملیۆنێک و 232 هەزار و 897 دەنگ بووە (1232897) کەس دەنگیان داوە.

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دا کۆی دەنگەکانی هەموو لایەنەکان کە بەشداربوونە و سەرکەوتوون کۆدەکرێتەوە و دابەشی 100 کورسی پەرلەمانی دەکرێت، ئینجا نرخی هەر کورسییەک دەردەکەوێت، ئەمە جگە لە 11 کورسی کۆتاکان.

واتە1232897 ÷ 100= 12328 دەنگ نرخی هەر کورسییەک دەبێت.

ئەمەی خوارەوە دەنگی لایەنە کوردستانییەکانی هەرێمی کوردستانە جگە لە دەنگەکانیان لە کەرکووک، موسڵ و ناوچەکانی دیکەی عێراق.

پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان 
579670 (دەنگی پارتی) / 12328 (نرخی کورسییەکی پەرلەمانی کوردستان) = 47 کورسی

یەکێتیی نیشتمانی کوردستان 
236807 (دەنگی یەکێتی) / 12328 = 19 کورسی

نەوەی نوێ
204855 / 12328 = 17 کورسی

کۆمەڵی دادگەری
64156 / 12328 = 5 کورسی

یەکگرتووی ئیسلامی
105493 / 12328 = 9 کورسی

ئەوانیدیکە 
35321 / 12328 = 3 کورسی

ئەگەر لەو ژمارانە وردببینەوە، جگە لە پارتی کە دەنگەکانییان هەمووی دەنگی خۆیەتی، لایەنەکانی دیکە رەنگە تووشی گرفتێکی گەورەببن بۆ هەژمارکردنی دەنگەکانیان، چۆن؟

یەکێتی و گۆڕان هاوپەیمانییان هەبووە بەناوی (هاوپەیمانیی کوردستان) و دەنگەکانیان تێکەڵ بووە و ئەمەش وایکرد کە بزووتنەوەی گۆڕان هیچ کورسییەکی پەرلەمانی عێراق بەدەستنەهێنێت، بەڵام یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 16 کورسی بەدەستهێنا.

یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانیش رەنگە تووشی شۆکێکی گەورەببێت، چونکە لە دهۆک، دەنگەکانی یەکێتی و گۆڕان و رەنگە دەنگەکانی کۆمەڵی دادگەریش بۆ بەربژێری یەکگرتوو رۆیشتبن. لە زاخۆ و لە ئاکرێش بەهەمان شێوە، لایەنەکان دەنگیان بە یەکدی داوە. بۆیە ئەگەر هەڵبژاردنی کوردستان بکرێت، گۆڕانکاری بەسەر ئەو دەنگانەدا دێت بەتایبەت دەنگی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان.

دادگای فیدڕالی عێراق لەسەر دواخستنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە خولەکانی دیکە رای خۆیداوە و گوتوویەتی "لەبەرئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە یاسا دەرچووە، هەر بە یاساش دەکرێت دوابخرێت و گرفتێکی یاسایی نابێت، وەک ئەوەی عێراق نییە، لە دەستووردا هاتووە کە دەبێ هەر چوار ساڵ جارێک بکرێت، ئەگەر دوابخرێت دەبێ ئەو ماددەی دەستووری هەموار بکرێت و دەستووری عێراق، دەستوورێکی جامدە و گۆڕانکاری و هەموارکردن تێیدا ئاسان نییە". 

ئاڵنگاری گەورەی بەردەم لایەنەکان، بەتایبەت پارتی و یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان (ئەگەر لە حکومەت نەکشێنەوە) بۆ بەدەستهێنانی متمانەی دەنگدەر، پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری و دروستکردنی دەرفەتی کارە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان بەتایبەت گەنجان.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP