دواین هەواڵ

خانم وریابە.. بۆ تەنز، خۆت نەبیت بەتەنز

‌عەبدوڵا ڕێشاوی

10/10/2022

راستە ئەمڕۆ كاری میدیایی یەكێكە لە كارە سەنگینەكانی دنیا ، نەك هەر كاری میدیا ، بەڵكو هەمو كارێك لای من هەر سەنگینە و بەنرخە، بەڵام هەر كارێكیش مەرج و تایبەتمەندی خۆی هەیە، یەكێك لە ڕەهەندە گرنگەكانی ئەو مەرجەش ئەوەیە تاچەند ئەو كارە لەگەڵ سروشت و كەسایەتی تۆدا تەبایە.

جا ئێستا بەهۆی زۆرو بۆربونی میدیا لەڕێگەی سۆشیال میدیاوە ، دەرفەتی دەركەوتن وەك بێژەر لەشاشەی سۆشیال میدیاوە دروستبوە ئەمەش كارێكی باشە ئەگەر بە مەرج و تایبەتمەندێتی خۆیەوە بێت،

بۆ نمونە دەكرێ تۆ ببیتە بێژەری هەواڵی سیاسی بەڵام دەبێ ئەو ریتمە لەگەڵ كەسایەتی تۆ بێتەوە، هەروەها دەشكرێ ببیتە بێژەری تەنزو  گاڵتەو گەپی سیاسی و كۆمەڵایەتی  بەڵام بۆ ئەمەشیان دەبێ دەجار بیر بكەیتەوە تا بڕیار بەیت ئەو كارە بكەیت یانا؟! چونكە ئەم ڤێرژنەی كاری میدیا لە هەمو ڤێرژنەكانی كە هەستتار ترە بۆ كەسایەتی ئینسان جا كوڕ یا كچ ،بەڵام بۆ كچ زیاتر..

بۆیە دەبێ بیر بكەیتەوە ئایا تۆ كە هەواڵی تەنز بڵاو ئەكەیتەوە خۆت نابیت بە تەنز؟! ئایا لەبری ئەوەی وەك بەشیر شۆ گاڵتە بكەیت و قورسایی خۆشت لەدەست نەدەیت ، خۆت نابیتە جێی گاڵتەو وەك موهەریجێك دەر ناكەویت ؟ ئاخر خۆ هەموان بە موهەریج پێ دەكەنن.

بۆیە پێش هەر كارێك كەسایەتی خۆت لەو كارەدا زۆر گرنگە ئەمەش بەسراوەتەوە بەوەوە ئایا كێیە ئەوكەسەی یا ئەو دەزگایەی تۆ بۆجۆرێك لەجۆرەكانی كاری میدیایی پێشنیار ئەكات،؟

ئایا ئەو لەبنەڕەتا بەشی ئەوە پرۆفیشناڵە تۆ نەكاتە فیلم و بوكەڵەی تەهریجی سەرشاشە؟خۆ ئەوان ویژدانیان نیە وەك چۆن سەلیقەو زەوقیشیان نیە، بۆیە ئەوە تۆ خۆتی دەبێ بیر لەوە بكەیتەوە و وریا بیت نەبیتە قوربانی دەستی  پەیجێكی ناپرۆفیشناڵی میدیایی و لە بری دروستبونی كەسایەتی ، ئاگر لە دواڕۆژ و ناوو ناوبانگ و كەسایەتیت وەر بدەن .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP