دواین هەواڵ

دیوی مەترسیداری هەڵبژاردنی کەرکوک

‌عەبدوڵا ڕێشاوی

11/12/2023

حەزم لەو قسە تەقلیدیە نیە کە دەڵێ ئەم هەڵبژاردنە چارەنوسسازە بەڵام هەر بە فیعلی ئەم هەڵبژاردنەی کەرکوک چارەنوسسازە.
سەرەتا دەبێت بڵێم خوازیارم کوردانی کەرکوک بەشداریەکی کارای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەکە بکەن و بێ هیچ دو دڵیەکیش دەبو لیستێکی هاوبەش لەکەرکوک هەبێت بۆ ئەوەی دەنگ بە فیڕۆ نەچێت بەڵام ئەوە نەکرا

بێ دودڵی ئەم هەڵبژاردنە دیوێکی مەترسیداری گەورەی هەیە بۆ کورد.

مەترسی گەورەی ئەم هەڵبژاردنەش بریتیە لە شەرعیەتدان بە واقیعی سەپێنراوی شارەکە لە پاش ١٦/ ئۆکتۆبەر ..بۆیە ئەم هەڵبژاردنە بە دیوێکدا لە گشتپرسی دەچێت،یان کەرکوک وەردەگرینەوە یان بەشەرعی و یاسایی دەیدۆڕێنین

لەم هەڵبژاردنەدا ئەوەی کورد بە ناشەرعی و لەسەر پشتی دەبابە لێی زەوتکرا ئەمرۆ بە هەڵبژاردن شەرعیەتی پێدەدرێت ..ئەمەش واتە گەورەترین شکست بۆ کورد لە عێراقدا.
کورد بە خەونی بەدەستهێنانی زۆرینەو دانانەوەی پارێزگار چوەتە هەڵبژاردنەکەوە دروشمەکان وا دەڵێن ، بەڵام وا دەبینم ئەم خەونە زیاتر لە خەو دەچێت و ئەم باوەڕە لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٢٠٠٥ بونیاتنراوە لەکاتێکا هەموان دەزانین واقیعی پێش و پاش ١٦ی ئۆکتۆبەر جیایەو دەسەڵاتی سەپێنراوی شارەکە لەو کاتەوە بۆ ئێستە بێ پلان و بێ پیلان دانەنیشتوە و گوێزی نەژماردوە، بەڵکو خورمای بارکردوە.

بەدیوێکی ترا لە واقیعێکی وەک عێراقا ئاسان نیە کورد بتوانێت بە هەڵبژاردن پۆستی پارێزگار بەرێتەوە چونکە ئەوەی بە چەک زەوتکرا بە کاغەز و قەڵەم نا گەڕێتەوە .

پێم وا نیە ئەوانەی ئەمرۆ لە دەسەڵاتی شارەکەدان هەروا بە ئاسانی شارەکە رادەستی کورد بکەنەوە.

بەڵکو ئەگەر ئامادە سازیان نەکردبێ و تەزویر نەکەن-کە دەیکەن- و ئەگەر کورد زۆرینەش بەرێ ئەوا دۆخێکی راگوزەر لە کەرکوکدا دروستدەکەن…بۆیە دەبوا حساباتی هێزە کوردیەکان بۆ ئەم هەڵبژاردنە زۆر وردترو بەرپرسیارانە تر بێت.

هیوا خوازم توشی شۆک نەبین

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP