دواین هەواڵ

مۆدێلی سەپاندن، لە شەبقەوە بۆ حیجاب!

‌جه‌عفه‌ر عه‌لی

22/09/2022

فاشیستێکی وەک ئەتاتورک لە سەپاندنی پۆشینی زۆرەملێی مۆدێلی رۆژئاوایی و قەدەغەکردنی حیجاب لە تورکیادا، هەڵەیەکی مێژوویی دژ بە ماف و ئازادی ئینسان کرد. ڕەزاشای ئێرانیش بە چاولێکەری ئەتاتورک هەمان هەڵەی بەکۆپیکراوی گواستەوە بۆ ناو کۆمەڵگەی ئێرانی.

لە دوای کەوتنی حەمەڕەزاشا و هاتنی ئایەتوڵڵاکان، فاشیزمی ئاخوندەکانی ئێران بە دیوە پێچەوانەکەیدا، کەوتنە درێژەپێدانی هەمان هەڵەی مێژوویی، بەڵام لە ژێر عەبای دینیدا، هەڵەی سەپاندنی سیستم و مۆدێلێکی تایبەتی پۆشین. 

سەپاندنی هەر مۆدێل و سیستمێکی پۆشین، عەلمانی بیکات، یان دەسەڵاتێکی دینی، سەندنەوەی ماف و ئازادی شەخسییە لە مرۆڤ. ئەگەر بەزۆر، تەنورەی کورت، یان لچک و حیجاب، بکەیتە مۆدێلی پۆشینی ژنان، جیاوازییەکی نییە، هەردووکی وەکیەک سەپاندن و زەوتکردنی مافی هەڵبژاردن و ئازادی پۆشینە. لە ڕوانگەی ماف و ئازادییەوە، جیاوازییەک لەنێوان بەزۆر بە جبەکردنی جەستەی ژن و پۆشینی پانتۆڵێکی تەسک، یان تەنورەیەکی کورتدا نییە.

تۆ بەزۆر  سەری مرۆڤ بە کڵاو و شەبقەی ڕۆژئاوایی، یان لچکی ڕۆژهەڵاتی داپۆشیت، هیچ جیاوازییەکی نییە، چونکە هەردووکی هەر سەپاندن و زۆرەملێ و پەلاماردانی ماف و ئازادی شەخسی مرۆڤە.

لە مۆدێلی هەردوو فاشیزمی عەلمانی تورکی و دینیی ئێرانیدا، خاڵێکی هاوبەش دژ بە ئازادی هەڵبژاردن و پۆشین هەیە: ئەویش مۆدێل و سیاسەتی بەزۆر سەپاندنە، سیاسەتێک لە شەقامەکان، قاوەخانەکان، قوتابخانە و زانکۆکان، ناو هۆڵی پەرلەمان، پارکەکان و هەر شوێنێکی فەرمی و گشتیدا، سزایەکی بۆ لادان و دەرچوون لە مۆدێلی تایبەتی دەوڵەت و سیستمی کۆنتڕۆڵی دەسەڵات داناوە. سیستمێک بە هەموو هێزی کۆنتڕۆڵی خۆیەوە خەریکی بەتاڵکردنەوەی مرۆڤە لە خەون و هیوا، خەریکی شۆڕکردنەوەی فتوای ئاغاکانی دەسەڵاتی سیاسییە بۆ ناو ماڵ و ژوورەکانی نووستن. بە ناوی ژیان، پێشکەوتن و ئەخلاقەوە، خەریکی بەرینکردنەوەی ڕووبەرەکانی تاریکی و مەرگ و بێ ئومێدین. 

مێژوو پێماندەڵێت، هەموو مۆدێلێکی سەپاندنی زۆرەملێ لەبەردەم ئیرادە و خواست و مافی ئینسان بۆ مومارەسەی ئازادییە شەخسییەکانی شکستی خواردووە، بۆیە وەک چۆن مۆدێلی عەلمانییەکانی چانکایا شکستی خوارد، مۆدێلی فاشیزمی دینی ئاخوندەکانی تاران و هاوشێوەکانیشی ناتوانن سەرکەوتووبن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP