دواین هەواڵ

سەركوتكاریی دەوڵەت لەكوێوە دێ؟

‌عەبدوڵا ڕێشاوی

22/09/2022

هەندێك وای دەبینن دەوڵەتی دینی خۆبەخۆ سەركوتكەری ئازادیەكانە، واتە هەر ئەوەی كە دەوڵەتەكە دینی یا ئیسلامی بو ئیدی ئەمە بەسە بۆ ئەوەی بە نەتیجە دەوڵەتێكی سەركوتكارو دژە ئازادی بێت، لەوانەشە پاڵنەریان لەم بۆچونەدا زیاتر دەق بێت -تراسی و ئاسمانیی- نەك واقیع و مێژو

بەڵام بۆ پیاچونەوە بەم تێڕوانینەدا زۆر بەسادەیی دەتوانین تەماشای دەوڵەتی  توركیای كەمالیی بكەین لەپاش روخانی  خەلافەتی عوسمانی و دامەزراندنی دەوڵەتی كەمالیستی نەژاد پەرست، كەلەسەر بنەمایەكی سیكۆلاریستی نادینی دامەزرا

ئایا لەم دەوڵەتەدا ئازادیە شەخسیەكان و گشتیەكان بەرەڵا كران یا سەركوتكران؟ 

سەركوتكردنی كورد لەدەوڵەتی كەمالیزمدا تەنها بابەتی سەركوتی گەلێك و نەژادێك نەبو بەڵكو سەركوتی ئازادیە كانیش بو ، ئازادیی گشتی و ئازادیی تاكە كەسیش، رونە لای هەموان پرۆسەی سرینەوەی كورد لەسەردەمی كەمالیی و لەپاش روخانی عوسمانی چەند توندو رێكخراو و ورد بەڕێوە براوە ،نەك خوێندن بەڵكو قسەكردنی دوكەسیش پێكەوە لە چاخانەیەكدا بەكوردی قەدەغە بو!

كەواتە لێرە هیچ پاڵنەرێكی ئاینیمان نیە بۆ ئەم سەركوتكاریە، بگرە ئەگەر لەم زومەوە بەراوردی دەوڵەتی كمالیی سیكۆلاریست و عوسمانی ئیسلامیست بكرێت دەبینی ئازادیەكان لەقۆناغی عوسمانیدا زۆر پارێزراوترن تا لەسەردەمی كەمالییدا، هەركەس بچێت لەو بارەوە توێژینەوەیەكی مێژویی بكات پێم وایە بەم دەرەنجامە دەگات ، ئەمە جگە لەسەر كوتی نەژادەكانی ترو پەیڕەو كارانی ئاینیی.

تەنانەت كاتێ ئەوروپیەكان نەیاندەویست دان بە دەوڵەتەكەی كمال ئەتاتوركدا بنێن لەترسی ئەوەی نەبادا مافی گەلێكی دیكە كە كوردە سەركوت بكات؟ئەو لە وەڵامدا وتی كە دەوڵەتە نوێكر دەوڵەتێكی ئیسلامیی دەبێت نەك توركی و لەسایەیدا هەمو گەلانی موسوڵمان پێكەوە دەژین

بەپوختی دەبێ بڵێین كەڵكەڵەی سەركوتكاریی لەناواخنی خودی ماشێنی دەوڵەتدا بونی هەیە، جا ئەو دەوڵەتە دینی بێت وەك ئێران یا لادینی بێت وەك هەمو ئەوانی تر  لە توركیاوە تامیسر تا تونس تاعێراقی بەعس جا تاكوێ نا؟!

ئەوەی ئەم كەڵكەڵەی سەركوتكاریە دەكوژێت ئەو هزرو دیدگایەیە لەپشتەوەی دەوڵەتەوە یان لەناو سەری دا وەستاوە ئایا هزرێكی كراوەیە  یا داخراو ، هزری كراوەو داخراویش پەیوەستە بەهۆشیارییی كارەكتەرەكانەوە نەك سروشتی ئایدۆلۆژیاكان،واتە هەمو قوتابخانەیەكی سیاسی ئەگەری داخران و كرانەوەی هەیە جا دینی بێت یا لادینی.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP