دواین هەواڵ

ئاو چی بۆ قەوارەی هەرێم دەکات؟

‌هاوکار جەلال بەرزنجی

22/07/2022

قوتابخانەی ڕیالیزم لە زانستی پەیوەندیە نێودەوڵەتییەکان، پێمان دەڵێت (دەوڵەت سەنتەرە) واتا هەموو توانای ئەم دەوڵەتە دەبێت لە پێناوی (خۆ یارمەتیدەر–Self-Help) بێت، ناکرێت هیچکات پشت بە هێزودەوڵەتێکی تر لەدەرەوەی ئیرادەی خۆت ببەستیت.

دەکرێت هاوپەیمانی ئەمڕۆ دوژمنی سبەینی بێت. لەم ڕوانگەیەوە، ئەگەر هەرێمی کوردستان وەک ئەکتەرێکی نادەوڵەتی لە کۆمەڵگەی جیهانی هەژمار بکەین، پێویستە بپرسین چی وادەکات کوردستان خۆیارمەتیدەر بێت؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە، تەواوەی ئەم نوویسنە وەک وەڵامەکە سەربار دەکەم بە پشت بەستن بە تێگەێشتنم لە چەمکی ڕیالیزم.

هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٣ تا ئێستا لەگەڵ عێراق بەئاستی ڕێککەوتن نەگەشتووە، سەرەکیتیرین هۆکاریش دژایەتی و ترسی جیابونەوەی هەرێمە وەک دەوڵەتێکی نوێ، کە ئەم ترسە هاو ئاستە بۆ وڵاتانی دراوسێش. لێرەوە ئاڵانگارییەکان بۆ هەرێم دەست پێدەکات، سەرەڕای لاوازی و ئیدارەدان لەسەرجەم سێکتەرەکان لە هەم هەرێمە، دژایەتی دەرەوەش بەردەوام مەترسی بوون لەسەر کوردستان. ئاسایشی هەرێمی کوردستان کاریگەری لەسەر سەقامگیری ناوچەکە هەیە، هەربۆیە ڕیالیزم ئامۆژکاریمان دەکات، کە خۆ یارمەتیدەر بون واتا هەبونی حکومڕانییەکی باش، ئەدای ڕابەر یاخود سەرۆکی وڵات، جوگرافیا، سەرچاوەی سروشتی و هەتا کوالیتی هاوڵاتییەکان ‌هێزو قورسایی ئەو دەوڵەتە دیاریدەکات تا چی ئاستێک دەتوانێت خۆ یارمەتیدەرو رزگار کەر بێت، چونکە لە پەیوەندییە نێودەڵەتییەکان هەمیشە نیازی (Intention)ی وڵاتان لە ناکۆکی و جەنگدایە.

لە کابینەی نوێی هەرێم، جۆریک لە ڕێککردنەوە لە ئیدارەدانی ناوخۆو ئیدارەیەکی ڕون لە پەیوەندییەکانی دەروە دەبینرێت. بۆ ئیدارەدانی هەرێم لە کۆمەڵگەی نێودەڵەتی، سەرەرای وزە، پەیوەندی ئابوری و هتد، پێویستە ھاوشێوەی ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتیمانی و ئاسایشی خۆراکی، گفتوگۆ لەسەر ئاسایشی ئاوی هەرێمی کوردستان بکرێت.

ئێستا کوردستان خاوەنی سەرچاوەیەکی زۆری ئاوە، بەڵام ئەم سەرچاوانە دەکرێت بکەونە ژێر فشاری زۆر لەلایەن وڵاتانی دراوسێی وەکو ئێران و تورکیا و هەتا عێراقیش. گۆڕانی دیمۆگرافیا، دروستکردنی بەنداو لە وڵاتانی دراوسێ و ڕوبەڕوبونەوەی وشکەساڵی وادەکات سەرچاوەکانی ئاو کوردستان بەرەوە ئاستێکی گرینگ بڕوات، بەجۆرێک کاریگەری لەسەر سەقامگیری ناوچەکە هەبێت.ئەم کاریگەرییە دەکرێت دژایەتییەکانی وڵاتی دراوسێ و عێراق زیاتر بکات یاخود وەک کارتێکی کوردی لە دژیان بەکاربێت، ئەمەش دەکەوێتە سەر ئاستی ژیری بڕیاردەرەکانی کوردستان.

هەرکاتێک ئاوی فورات و حەوزی روباری دیجلە پیس ببێت، دانیشتوانی باشووری عێراق كوردانی سەرەوەی رووبارەکە  تاوانبار دەکەن بە زۆر بەكارهێنانی ئاو. ئەمەش دەبیتە هۆی گرژی لەنیوان عەرەب و کورد، هەروەها حکومەتی عێراق و کوردستانیش پەیوەندیی کارکردنی نێوانیان تێکبدات. لە کاتێکدا لێکۆڵینەوەکانی زانایانی ئاو دەریدەخەن، کە هەمیشە پرسەکانی ئاو بە شێوەیەکی هاوبەش بەڕێوەدەبرێن، دەکرێت بڵێین کە هایدرۆپۆلیتیکی (سیاسەتی ئاو)ی ناوچەیی کوردستان مەترسی زیاتری ناکۆکی لەسەر سەرچاوەکانی ئاو دەکەوێتە سەر.

سەرەڕای یەدەگی فراوانی ئاوی ژێر زەوی، کوردستان چەندجارێک کێشەی کەمیی ئاوی ناوخۆیی بۆ دروست بوە. بۆ نموونە لە هاوینی 2017 دا ئێران ڕۆیشتنی ڕووباری زێی بچوکی بۆ شاری قەڵادزێ ڕاگرت، ئەو ناوچەیەش بۆ دەرهێنانی ئاوی ژێر زەوی گونجاو نییە، بۆیە چارەسەری درێژخایەن ئەوەیە کە بەنداوی نوێ دروست بکرێت، کابینەکانی پێشتری حکومەت هیچ پلانێکی لەو جۆرەی نەبووە لە ماوەی ئەو ساڵانەی کە بەنداوی ئێران دروست دەکراو پەرەی پێدرا، بەڵام ئێستا ئەوە یەکەم کابینەی حکومەتی هەرێمە درکی بەم ڕەوتە کردووە. بۆ ئەو پلانەش کابینەی نۆیەم، ڕایگەیاند "لەڕێگەی بەگرنگیدان بە ئاو، بڕیاریداوە بە نزیکەی ١٣ ملیار دینار تەرخان بکات بۆ تەواو کردنی ئەو بەنداوانەی کە ڕێژەی ئینجازیان لەسەرو سەتا ٧٥ بوو، لەم ساڵدا ٦ بەنداو تەواو دەبێت کە نزیکەی ٥٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلدادەداتەوە، هەروەها  ٢٥ پۆند لەئاستی هەرێمی کوردستان دروستدەکرێت بۆ گلدانەوەی ئاوی باران و لەسەر ڕێڕەوی سەرچاوە ئاوییەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دروستدەکرێن، جگەلەوەش تەکنیکی نوێی ئیدارەدانی سیستمی ئاو بەکاردەهێنن".  

سەرەنجام من وا دەبینم، ئەم هەنگاوانەی کابینەی نۆیەم بەداڕشتنی ستراتیجی ئاسایشی ئاو لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە سەرۆک وەزیران باگراوندێکی ئەزمونی و ئەکادیمی باشی هەیە لە چەمکی ئاسایشی نیشتیمانی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، ئەمەش یەکێکە لەو ڕێگایانەی کە ببێتە (خود یارمەتیدەریی) کە لە ئیدارەدانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەکاردەهێنرێت بۆ ئیدارەی ناکوکی و سیاسەتی حکومڕانی. بۆیە لەم کابینەیەدا کاربۆ دابینکردنی ئاسایشی ئاو و دروستکردنی بەنداو کراوە.




Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP