دواین هەواڵ

نهێنییەکانی پشت سەردانەکەی برێت مەکگۆرگ بۆ کوردستان

‌هاوکار جەلال بەرزنجی

21/12/2021

تێگەیشتین لە گۆڕاوە سیاسەیەکان پەیوەست بە سەردانی مەگۆرگ بەڕادەیەک لێکدراوەتەوە، دەکرێت هاونیشتیمانیانی پێ چەواشە بکرێت، وەک لەچەند لایەنێکەوە (میدیا هاندراوەکان) گەڵاڵەی ئەوە دەکەن گوایە مەکگۆرگ سەردانی سەرۆک وەزیرانی نەکردووە. لێرەدا، ئەو تێگەشتنە هەڵەیە ڕاست دەکەینەوەو ڕوداو و پێشهاتەکان ڕوندەکەینەوە.

وابڕیارە ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١، واتا تا کۆتایی ساڵ هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لەعێراق بکشێنەوە، وەک لە پاشکۆی دیالۆگی ستراتیجی (عێراق-ئەمریکا) هاتووە. ئەم کشانەوەیە لە فەرهەنگی سیاسیدا بە گۆڕاوێکی ئاسایشی ئەژماردەکرێت. لێرەوە دەزانین کە مەکگۆرگ لەم پرسەدا بەشدارە، بەڵام ئێستا کاری ئەو (ڕێکخەری کارەکانی کۆشکی سپییە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا)، واتا ئەرک و فەرمانی گۆڕاوەو بەسیفەتێکی تر سەردانی عێراق و کوردستان دەکات. 

هاوکات ئەو هێزانەی ئەمریکا کە لەعێراق دەمێننەوە، بەهەمانشێوە ئەرک و فەرمانیان دەگۆڕێت بۆ ڕاهێنەرو ڕاوێژکار، واتا بەگشتی مانەوەی ئەمریکا لەعێراق و کوردستان بەشێوازێکی نوێ دەبێت، کە تاڕادەیەک ناڕوونە، ئەوەی ڕونە گۆڕاوەکانن، ئەویش لە چوارچێوەی ستراتیجی نوێی ئەمریکایە لەپرسی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق، ئەم ستراتیجە نوێیەی ئەمریکا تەرکیز دەخاتە سەر بەرپرسیارەتی سیاسی، بەجۆرێک هێزەکانی عێراق و کوردستان ڕۆڵی زیاتر بگێرن و ئەمریکییەکان تەنها ڕاوێژکارو ڕاهێنەربن. لەکاتێکدا، کونسوڵگەرییەکانی (ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و هۆڵەندا) لەنامەیەکیاندا کە بۆ سەرۆکی هەرێمیان ناردوە داخوازی و جەخت لە چاکسازییەکانی ‌وەزارەتی پێشمەرگە دەکەنەوە، لەنامەکەدا ئاماژە بە هێزەکانی ٧٠ دەکەن.

تا ئێرە تێگەیشتن بوو لە گۆڕاوە سیاسی و سەربازییەکان،  لێرەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە بۆچی برێت مەکگۆرک سەردانی سەرۆکی هەرێم و پاشان سەردانی بەڕێزان (بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی) کرد!. وەڵامێکی سادە، سەرۆکی هەرێم فەرماندەی هێزەچەکدارەکانی هەرێمی کوردستانە، وە پێگەیەکی نێودەوڵەتی پەیوەست بەگۆڕانکارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان هەیە، لەنێویدا پرسی کشانەوەو ستراتیجی نوێی ئەمریکا. سەبارەت دیداری لەگەڵ کوڕانی تاڵەبانی: وەک لە داخوازیی کونسوڵخانەکاندا هاتووە؛ یەکخستنەوەی هێزەکانی ٧٠ و هەستیاری دۆخی سەربازییان جێگەی بایەخی برێت مەکگۆرگە.

 پێگەو ئەرکی مەکگۆرک بەجۆرێکە، سەردانی هەرلایەنێک بکات ئەوا بۆ ڕێکخستنەوەو تەوازنی هێزە نەک دیداری دۆستانەو پشتیوانی کەسی، هەروەها دەکرێت بڵێین جۆرێک لە نیگەرانی کۆشکی سپیشی تێدا دەردەکەوێت. بۆیە، هیچ مەلەفێکی نیگەرانیخوازی لانییە سەبارەت بە دۆخی حکومەتی هەرێم و خودی سەرۆک وەزیران کە جێگەی نیگەرانی و ڕاستکردنەوەی لەلایەن مەکگۆرگ بێت.

ڕەنگە پرسیاری ئەوەش بکرێت بۆچی سەردانی مستەفا کازمی و بەرهەم ساڵحی کرد؟ بێگومان گۆڕانکاریی لە هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق بەتایبەت سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمار کەلەئێستادا سەوداکاریی پێکهێنانی حکومەتی دواتری تێدا دەکرێت، ئەوانیش بەشێکن لە مەلەفە کراوەکان. ئەو پرسیارەی کە خەڵکانێکیان پێ سەرقاڵ کردووە دەڵێن ''بۆچی برێت مەکگۆرگ سەردانی مەسرور بارزانی نەکرد؟" وەک ئەوە وایە بپرسین " بۆچی مەسرور بارزانی بەشداری دیالۆگی مەنامەی لە وڵاتی بەحرەین کرد و سەرۆکی هەرێم  یاخود سەرۆک کۆماری عێراق بەشدار نەبوو؟"خۆ وەڵامەکە ئەوەیە؛ دیالۆگی مەنامە بۆ سەرۆک وەزیرانی وڵاتانی بەشدار ڕێکخرابوو. زیاتر لەوەش، بۆ تێگەشتن لە بیرۆکراسیەت و سیاسەتی حکومڕانی لەجیهان، دەکرێت بڵێین دوو هاوڕێ هاوپیشە نین، هەروەها دوو هاوپیشەش هاوڕێ نین. دواجار لەم تێگەشتنەوە دەڵێم : مەسرور بارزانی و برێت مەکگۆرک دوو هاوڕێن، بەڵام ئێستا هاوپیشە نین و سەودایان لەگەڵ یەک نییە، گۆڕاو هەیە لەئەرک و بەرپرسیارێتیان.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP