دواین هەواڵ

قەوارەی هەرێم نا ئەوانیتر لەمەترسیدان

‌هاوکار جەلال بەرزنجی

30/06/2022

مامەڵەیەکی نابەرپرسانە لەلایەن نوخبەیەک لەناوەندە میدیاییەکان دروستکراوە، گوایە دەنگۆی مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان هەیە، بەتایبەت لەپاش هێرشە موشەکییەکان و ناکۆکییەکانی بەغداو هەرێم. بەشێک لەچاودێرانیش بە پێچەوانەوە دۆخی ئێستا بەدەرفەت دەزانن. لێرەدا بەخوێندنەوەی دۆخەکە؛ چەند گریمانەیەک دەخەمەڕوو، چونکە هەریەک لەو بابەتانەی سەرەوە ڕەهەندی جیاوازیان هەیەو پەیوەستی یەکتر نین.

هەرێمی کوردستانی عێراق، ئێستا لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەڵگری پێناسەیەکە؛ خۆیان وتەنی (KRG) ئاکتەرێکی نادەوڵەتی بەهێز، گرنگ و دڵخوازە. بۆیە لەپێناو ئەوەی هەرێم بەدەستی هێناوە پارێزگاری لێدەکرێت. سەرەڕای بڕێکی زۆری بەشداری KRI لەپەیوەندی دیبلۆماسی و بەشداری لەکۆڕبەندە ئابوری وناوەندە سیاسییەکانی جیهان، دوو ڕوداوی کاریگەر لەسەر ئاستی جیهان کوردستانی وەک ئاکتەرێک لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێناسە کردەوە؛ بەشداری کوردو پێشمەرگە لەهاوپەیمانیەتی دژی داعش. هەروەها بەشداری مەسرور بارزانیش لە کۆڕبەندی وزەی جیهانی (ئەنجومەنی ئەتڵەسی) ڕوئیای کوردستانی لەسەر داهاتوی وزەو توانای هەرێمی سەبارەت بەگازی سروشتی خستەڕوو، لەو کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەدا ئەم پێناسەیەی هەرێمی بەهێزتر کرد [1]، لەکاتێکدا پڕۆژەی پشت نەبەستن بەگازی ڕوسیا ئەولەویەتی ڕۆژئاوایە.

لە پاش زنجیرەیەک هێرشی ‌موشەکی لەئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان، ئەم هەفتەیە جیاوازترو بۆ جاری سێیەم هیرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی کۆرمۆر لە دەڤەری سلێمانی، هەرچەند هیچ لایەنێک بەرپرسیارەتی ئەم هێرشەی لەئەستۆ نەگرتووە، بەڵام هۆکارەکەی دەکرێت پێشکەوتنی کەرتی وزەی کوردستان بێت، و ئامانجەکەی وەستاندنی ئەم پێشکەوتنە بێت، ئەمریکاش ‌بەتوندی دژی هێرشەکەی کێڵگەی نەوتی کۆرمۆر بەیاننامەی دەرکردو بە قبوڵنەکراو وەسفی کرد، هەروەها ڕایگەیاند لەگەڵ هاوبەشەکەیان لەکوردستان لە دژی ئەو هێرشانە دەوەستنەوە [2].

 

بۆچی کێڵگە نەوتی و غازییەکان بەئامانج دەگیرێت؟

بەگریمانەیی: وەڵامێکی سادە، کێبڕکێیی دوو هەناردەکاری وزەیە (ئێران و کوردستان) بۆ عێراق و تورکیا. چەند ساڵێکە بەڕێککەوتن ئێران پێداویستییە غازیەکان بۆ عێراق هەناردە دەکات، کە بەشێکی زۆری بۆ پێداویستی کارەبایە، پارەیەکی باشی لێی دەست دەکەوێت. هەرچەند لەهەرکاتێکدا ئێران بیەوێت کێشە بۆ کۆمەڵگەی عێراق دروست بکات، دەتوانێت ئەم هەناردەی غازە دوابخات یان ڕابگرێت، سەرەنجام بێ کارەبایی و بێ ئاوی ڕوو لەعێراقی بەدبەخت دەکات، چونکە ''بەغدا زۆربەی گازی سروشتی خۆی دەسووتێنێت، کە بەرهەمێکی لاوەکی دەرهێنانی نەوتە (بە گازی تەڕ وەسف دەکرێت) و زۆر کەم لە کێڵگە گازییە (وشکەکان)ی خۆی بەکاردەهێنێت، هەر لەبەر ئەمەشە کە نزیکەی ٣٠ بۆ ٣٥%ی ئەو گازەی کە بۆ کارەبا پێویستی پێیەتی، پشت بە ئێران دەبەستێت'' [3].  

ئەمڕۆ ئێران چاوی لەوەیە هەرێمی کوردستان توانای دابینکردنی ئەو غازەی هەیە بۆ بەغداد بەشێوەیەکی باشتریش، بۆیە ئەگەر گازی کوردستان هەناردەی عێراق بکرێت، زیان بە ئابورییەکەی دەگات، هەر غازێکی کوردی بۆ بەغدا بڕوات، ئێران قازانجێکی گەورە لەدەست دەدات. ''وەک بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دانا غاز پاتریک ئالمان-وارد، لە مانگی شوباتدا بە ڕۆژنامەنووسانی وت، کە توانای یەدەگیان هەیە بۆ دابینکردنی گازی پێویستی حکومەتی فیدراڵی لە ڕێگەی کێڵگەی کۆرمۆرەوە بۆ بۆری جامبور” [4].

هەروەها ئێران هەناردەکارێکی زۆری گازی سروشتییە بۆ تورکیا. '' لە ساڵی ٢٠٢٠دا هەناردەی گازی سروشتی ئێران بۆ عێراق و تورکیا لەسەدا ٦٤ و لەسەدا ٣٣ بووە'' [5]. بە واتایەکی تر بە کردەوە هەموو هەناردەی غازی ئێران دەچێتە عێراق و تورکیا. لەملاوە بڕیارە حکومەتی هەرێم لەوێش کێبڕکێ لەگەڵ تاران بکات. کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانیش داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەن بە خێرایی ڕێککەوتنی هەناردەکردن لەگەڵ تورکیا و بەغدا واژۆ بکات. هەربۆیە لەڕوانگەی تارانەوە، نابێت کوردستان لەوبابەتدا بە هیچ شێوەیەک پێشوازی لێبکرێت.


کۆتایی
تیڕوانینەکان لەسەر داهاتوی گازی سروشتی دەریدەخەن، کوردستان بەهۆی توانای بەرهەمهێنانی وزەو کاریگەربوون لەپێگەی نێودەوڵەتیدا، نەک لەمەترسیدا نییە، بەڵکو لەسەر ڕێگایەکی دریژخایەنی پێشکەوتندایە. غازی کوردستان دەتوانێت ئەگەر هەمووی نەبێت ئەوا بەشێکی زۆری، عێراق لە پشتبەستنی بە ئێران لە غاز بۆ کارەبا ڕزگار بکات، هەروەها دابینکردنی غازی کورد بۆ تورکیاش لەلایەن تارانەوە وەک کێبڕکێیەکی نیگەرانکەر سەیردەکرێت. جگەلەوەش، پێشبینی دەکرێت؛ لەداهاتویەکی نزیكدا  وزەی کوردستان بچێتە بازاڕی وزەی جیهانی و بێتە بەشێکە لەپلانی وزەی ڕۆژئاوا بێگومان نابێتە بەدیلی هێچ وڵاتێک، بەڵام دەکرێت ببێتە بڕێکی باش لەجێگرەوەی ئەو گازەی لەڕۆژئاوا کەم دەکات. لەوەش گرنگتر، ئەگەر عێراق لەئایندەی پێداویستییە غازییەکانی بڕوانێت، کوردستان لە زۆر ڕوەوە باشترین بژاردەیە بۆ هاوردەکرنی غاز لێی. ئەوە بۆیە قەوارەی هەرێم نییە لەمەترسیدایە، بەڵکو ئەوانیترن لەمەترسیدان.   

١- https://www.atlanticcouncil.org/commentary/transcript/the-kurdistan-region-of-iraq-is-willing-to-make-up-for-energy-shortfalls-in-europe-says-prime-minister/
٢- https://www.state.gov/attacks-on-iraqi-kurdistan-region/
٣- https://www.gisreportsonline.com/r/kurdish-energy-competition-iran/
٤- https://www.danagas.com/media/press-releases/
 ٥- https://www.gisreportsonline.com/r/kurdish-energy-competition-iran/

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP