دواین هەواڵ

پەیامەکەی ئەمڕۆی سەدر

‌جه‌عفه‌ر عه‌لی

15/07/2022

پەیامەکەی ئەمڕۆی سەدر، هێندەی سیاسی بوو، هێندە دینی نەبوو. قاستە لە قواڵەتدا بۆنەکە دینی بوو، نوێژی هەینی بە پۆشینی کفنەوە، کە مانا و هێمای ئاینین، بەڵام ناوەڕۆکی پەیامەکە شتێکی جیاوازتر بوو. ئەمڕۆ دین قووپۆشێک بوو بۆ وتنی پەیامێکی جیاوازتر لە دین، ئەمڕۆ سیمبولەکان لە ناو دینەوە دێن، بەڵام پەیام و گوتارەکان سیاسیین. پەیامی سیاسی و نمایشی پێگەی سیاسی و جەماوەری، پەیامی هەڕەشەکردن بە زمانێکی نەرم و سەردەمیانە، پەیامێک هەڵگری نامەی هەمەجۆری چەندبارە بوو بۆ جارێکی دی لەرزاندنی قاچەکانی ئەو کورسییەی کە رەنگە بەشێک لە نەیارە پلە یەکەکانی ئێستای سەدر، هیوا و خەونی رەنگاڵەییان لەسەر هەڵچنیبێت.

سەدر لە پەیامەکەیدا هیچی نوێی نەگووت، تەنیا ئەوەی بە بیر گروپی چوارچێوەی هەماهەنگی هێنایەوە، "بیر لە مالکی و هاوکارەکانی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران نەکەنەوە، ئەگینا ئەم حەشاماتە چۆن ئامادەن بە تویتێکی من رێگە بەرەو جەهەننەم ببڕن، ئامادەیشن ئێستای ئێوە بگۆڕن بە دۆزەخ".

سەدر گووتی: بێ وەرگرتنی رەزامەندی پێشوەختەی من، هیچ سەرۆک وەزیرانێک بە ئارامی توانای دانیشتن لەسەر کورسی دەسەڵات لە بەغدای نابێت و هیچ حکومەتێکی تەمەن درێژیش بوونی نابێت.

پەیامی سەدر روون بوو، ئێمە لە پەرلەمان کشاینەوە، بەڵام هێشتا هیچ فراکسیۆن و هێز و فیگەرێکی سیاسی و دینی، لە دەرەوەی متمانەی دەرەوەی پەرلەمانی رەوتی سەدر و خودی موقتەدادا، توانای هەناسەدانی بە ئاسوودەیی نابێت.

ئەوە ئێمەین لە دەرەوەی پەرلەمان و حکومەتدا، شوناس و مانا بە بوونی سیاسی ئەو دامەزراوانە دەدەین و هێزی مانەوەیان پێدەبەخشین. کورت و پوخت، ئەوەی تا ئێستایش لە عیراقدا، بڕیار لە شەخسی سەرۆک وەزیران و فۆرمی ئیدارەدانی وڵات و فیگەرە سیاسی و ئیدارییەکانی دەدات، تا رادەیەکی گەورە، (حەنانە)یە نەک (بەغدا).

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP