دواین هەواڵ

كۆبونەوەی رۆژنامەوان لەسەر مێزی سەرۆكێكی بەهێز

‌كاروان حسێن

21/06/2022

لەسیاسەتدا قسەیەكی باو هەیە دەڵێت، " حكومەتی بەهێز و سەركردەی بەهێز لەكاتی قەیرانەكاندا دەردەكەوێت"، ئەم پێوەرە بۆ كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و مەسرور بارزانی وەك سەرۆكی حكومەت تەواو بەرجەسەتە دەبێت، بەوپێەی هەر لەسەرەتای دروستبوونی كابینەكەو دەستبەكاربوونی سەرۆك وەزیران، كۆمەڵێك قەیرانی گەورە و روخینەر روو بەرووی هەرێمی كوردستان بویەوە و تونرا بەئیماكانتێكی كەم رووبەرووی قەیرانەكان بوەستێتەوە و بەشێكیش تێپەرێنێت.

سەرهەڵدانی پەتای كوشندەی كۆرۆنا و داڕمانی نرخی نەوت و هەرەشەی تیرۆر، پیلانگێری وڵاتانی چواردەومان و توندكردنی گەمارۆی عێراق و زیادكردنی فشارەكانیان بەچەندین دەستی ناوخۆیی و دەركی، شەری رووسیا و ئۆكرانیا و ترسی سەرهەڵدانی جەنگی جیهانی، گرانی و هەڵاوسانی ئابوری جیهان ، گۆڕانی كەش و هەوا و قەیرانی كەم ئاوی یەخەیان بەم كابینەیە گرت، خۆ ئەگەر بەهێزیی سەرۆك وەزیران و كابینەكەی نەبوایە، دوور نەبوو ئێستا لەناو فەوزاو قەیرانێكی زۆر گەورەدا گوزەرمان بكردایە.

 

بۆچی مەسرور بارزانی سەرۆكێكی بەهێزە؟

ئەگەر سەرنج بدەینە مێژوەی ئەو وڵاتانەی جەنگ و قەیرانی گەورە رووی تێكردوون و بەسەركەوتوی لێی دەربازبون، تێبینی ئەوە دەكەین سەرۆكی حكومەتەكانیان زۆررترین رۆڵی مەیدانی گێڕاوە و هەمیشە رایەڵی بەهێزی لەگەڵ چین و توێژەكانی وڵاتەكەی هەبوە، ئەگەر سەیرێكی دۆخی ئێستای وڵاتی ئۆكرانیاش بكەین، دەبینین هەرلەسەرتای پەلامارەكانی رووسیاوە ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی، وەك سەرۆكی وڵات زۆرترین دەركەوتنی هەبوە و هەمیشە لە پەیوەندیدا بوە لەگەڵ گەلەكەی.

خۆ ئەگەر لەسەرتای دەستبەكاربوونی مەسرور بارزانیشەوە بنواڕینە چالاكییەكانی، دەبینین لە هەموو ئەو قەیرانانەی كە لە سەرەوە باسمان كرد رۆڵی مەیدانی گێڕاوە و راستەوخۆ لە پەیوەندیدا بوە بۆچارەسەركردنی قەیرانەكان.

سەردانیكردنی بەرەكانی پێشمەرگە و باوەشكردن بەكەسوكاری شەهیدەكان، سەردانیكردنی نەخۆشخانەكان لەكاتی كۆرۆنادا رووبەروو بوونەوەی هەوڵە تیرۆریستیەكانی سەر شارەكانی كوردستان، سەردانە بەردەوامەكانی بۆ وڵاتانی جیهان و پشتیوانی بەدەستهێنان بۆ هەرێمی كوردستان، پلانی دروستكردنی بەندا و دروستكردنی سایلۆ بۆ عەمباركردنی دانەوێڵە، چارەسەركردنی كێشەی موچەخۆران، شەڕی بنەبنڕكردنی گەندەڵی و دەیان كاری دیكە.

 

نزیك بوون لەكۆژانەكانی خەڵك بنەمای سەركەوتنی هەموو حكومەتێكە

زیادەگۆیی نابێت بڵێین كابینەی نۆیەم لەناو ئەم هەموو قەیرانە ناوخۆیی و جیهانییەدا زۆرترین پەیوەندی لەگەڵ خەڵكی خۆیدا هەبووە، سەرۆكی حكومەتەكەش بەردەوام لەنزیكەوە ئاگاداری كۆی ژان و خەمەكانی خەڵك بوە و گفتوگۆی لەگەڵ گەنجان، ژنان، فەرمانبەران، جوتیاران و تەوای چین و توێژەكانی دیكەش هەبوە لەپێناوی دۆزینەوەی چارەسەری بنەرەتی و چارەسەركردنی هەموو ئەو كێشە كەڵەكەبوانەی كەچەندین ساڵە بونی هەیە و بۆ ئەم كابینەیە جێماوە.

 

رۆژنامەوان لەدەوری مێزەكەی سەرۆك وەزیران

كاری رۆژنامەگەری لەتەواوی جیهاندا كارێكی پیرۆزەو هەمیشە رایەڵێكی گرنگی نیوان دەسەڵات و خەڵك بوە، هەرچەندە لەم هەرێمەی ئێمە كاری رۆژنامەوانی پرسیاری جدی لەسەرەو بەردەوام میدیاكاران تێوەگلاون لەملاملانێی َ سیاسیەكان و ئەوەش هۆكاربوە بۆ ناپیشەیی بونی كاری راگەیاندن، نەتوانراوە ئەو كارە پیرۆزە لە خزمەتی تەواوی هەرێمەكە بێت بەخەڵك و حكومەتەوە.

ئەگەرچی لەسەرەتای دەستبەكاربونی كابینەی نۆیەمی حكومەتەوە بەدەستی ئەملاو لا و دەركی و ناوخۆیی، زۆر كار لەسەر ئەوەكرا ئەم كابینەیە لاواز پێشان خەڵك بدرێت و بەوە وێنا بكرێت كە دژی ئازادی و رۆژنامەگەری و دەنگی ئازادە، بەڵام ئەم پرۆپاگەندانە زۆر زوو كاڵبونەوە، بەو دەلیلەی لەسەردەمی ئەم كابینەیەدا رۆژنامەوانان و هەموو چین و توێژەكانی دیكەش زۆرترین رەخنەیان هەبوە، زۆرترین خۆپیشاندان سازكراوە، زۆرترین میدیاش بونی هەبوەو كەسێكیش لەسەر رەخنەو خۆپیشاندان لەزیندان بونی نییە.

كۆبونەوەی رۆژنامەوانانیش بەدەوری مێزەكەی سەرۆك وەزیران و رەخنەگرتنیان لەخودی سەرۆكی حكومەت و تەواوی كابینەی نۆیەمی حكومەت و گوێگرتنی سەرۆكی حكومەت و گفتوگۆی راشكاوانەی لەگەڵیان، دەلیلێكی دیكەیە كە ئەم كابینەیە چ گرنگییەك بە ئازادی و كاری میدیای دەدات.

 

سەرۆكی حكومەت چی لەرۆژنامەوانان ویست؟

یەكێك لەپێوەرە گرنگەكانی سەركردەی سەركەوتوو گوێگرتنە لە رۆشنبیران و مامۆستای زانكۆ و رۆژنامەوانان، سەرۆكی حكومەتیش زۆرترین بایەخی بەم توێژانە داوە، كۆبونەوەكەشی لەگەڵ رۆژنامەوانان بەو ئامانجە بوە لەرێگای میدیاكارانەوە گوێ لەخەمی خەڵك بگرێت و هاوكات پەیامی حكومەتیش بۆ خەڵكی روون بكاتەوە.

ئامانجێكی گەورەو گرنگی دیكەی سەرۆكی حكومەت لەم دیدارە ئەوە بوو كە بەمیدیا كاران بڵێت، كار لەسەر بەهێزكردنی ئینتیمای نیشتیمانی بكەن، ئەمرۆ ئێمە حكومەتین سبەی كەسانێكی دیكە سەركردایەتی حكومەت دەكەن، بەڵام نیشتیمان هی هەموانەو دەبێت هەموان وەك یەك پارێزگاری لێ بکەین .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP