دواین هەواڵ

نە ڕووسیا، نە ئەمریكا، بەڵكو چین براوەی ئەم جەنگەیە

‌پێشڕەو محەمەد

28/02/2022

مۆدێلی چینیی لەم ساڵانەی دوایی لە لێكۆڵینەوەی جیهانییدا بە «موعجیزەی چینیی» (Chinese Miracle) ناودەبرێت، یاخود لە زۆر سەرچاوەی دیكەی جیهانییدا، سەدەی بیستویەك بە «سەدەی چینیی» (Chinese Century) ناوی دێت.

بۆ نموونە لە سەردەمی كۆرۆناڤایرۆسدا، چین تاكە وڵاتی سەر زەوی بوو ئابوورییەكەی بەرەو هەڵكشان بوو بە پێچەوانەی كۆی ئابوورییە گەورەكانی دیكەی جیهان. ٢.٣%ی ئابووریی چین بەرزبووەوە، لەكاتێكدا ئابووریی ویلایەتە یەكگرتووەكان ٣.٦% و ناوچەی ئەوروپا ٧.٤% داكشانەوەیان بەخۆیانەوە بینی.

تێكڕای بەرهەمهێنانی ناوخۆیی (Gross Domestic Product) بۆ ١٦.٨% بەرزبووەوە، لەكاتێكدا ئەمریكا و بازاڕی هاوبەش ٢٢.٢%ی ئەو ڕێژەیەی بەردەكەوت. 

هۆكارێكی دیكە، هەوڵی كارپێدانی تەواوەتییە لە چین، ئەگەرچی ئەم لایەنەش مەترسیی لەسەرە، چونكە چین یەكێكە لەو وڵاتانەی بەرەو پیربوون دەڕۆن. هەر لەبەرئەوەشە، سنوورداركردنی منداڵ لە دوو منداڵەوە بۆ سێ منداڵ بەرزكرایەوە. چەند هۆكاری دیكەی ئەم هەڵكشانە هەن:

1- بەڕێوەبەردنی توانای خۆڕاگریی و مانەوەی ئابووریی لەلایەن زانست و تەكنەلۆژیا
2-ئاراستەگرتنی بەرهەمهێنان بۆ باشتركردنی گوزەرانی خەڵك
3-ئەولەویەتی خاوەندارێتیی گشتیی لەنێو مافەكانی خاوەندارێتیی نیشتمانییدا
4-ئەولەویەتی كار لە دابەشكردنی ساماندا
5-كۆنتڕۆڵی پرەنسیپی بازاڕ لەلایەن دەوڵەتەوە
6-گەشەسەندنی خێرا بە نمایش و پێرفۆرمانسی بەرزەوە
7-گەشەسەندنی هاوسەنگكراو لەگەڵ هاریكاریی پێكهاتەییدا
8-سەروەرێتیی ئابووریی و كرانەوە
9-زۆر هۆكاری دیكە كە هەموویان پێویستیان بە لێكۆڵینەوەی ورد هەیە، ئەمانە كۆی ئەو شتانەن هیچ وڵاتێكی دیكەی ئەمڕۆی سەرمایەداریی نییەتی.

ڕووسیا و ئەمریكا هەمیشە جەختیان لەسەر فراوانخوازیی سەربازیی كردووەتەوە، میلیتاریزم لە ئاسیا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست تەنها بژاردەیان بووە. ئێستا ئەگەر ڕووسیا پێیوایە بە داگیركردنی ئۆكرانیا سەروەریی هەژموونی زلهێزیی خۆی بەدەستدەهێنێتەوە، و ئەمریكاش نزا بۆ گەلی ئۆكرانیی دەكات و ئەوروپاش بێلایەنیی هەڵدەبژێرێت، لە ڕاستیدا هەردوولا لە ژێرەوە دۆڕاون، ڕووسیا بەم هەوڵە داگیركارییەی مۆركێكی ڕەش لەناوچەوانی خۆی دەدات، ئەمریكا ناچارە ئەوە قبوڵ بكات چیتر هێزی یەكەمی جیهان نییە، بەڵام ئەوەی بە هێمنیی دەیباتەوە و بە هەژموونی جیهانیی دەگات، چینە كە هەردوو زلهێزەكەی دیكەی تێپەڕاندووە. 

ستراتیژی چین ستراتیژی جەنگی ڕاستەوخۆ نەبووە، بۆ نموونە لە دوای شۆڕشی كولتووریی ماوتسی تۆنگەوە، كەمترین بەشداریی لە پێكدادانە میلیتارییەكانی جیهاندا هەیە. با نموونەی عێڕاق و كوردستان وەرگرین، ئەمریكا هات بازاڕی عێڕاق بكاتە بازاڕێكی خۆڕایی بۆ هەژموونی بازاڕی ئەمریكیی، بەڵام ئەوەی لەڕووی ئابوورییەوە كۆنتڕۆڵی كردووە چینە. ئەگەر ئێستا پێتانوایە كاڵاكانی لە عێڕاق بێكەڵكن، ئەمە تا كۆتایی نابێت، كاڵای چینیی لە ئەوروپا لە باشترین كاڵاكانن كە كێبڕكێی كاڵا سەرمایەدارییەكانی دیكە دەكەن. 
لە ڕاستیدا لە سەرەتاوە پوتین و بایدن دۆڕاوەكەن، نەك براوە. 

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP