دواین هەواڵ

داعش منداڵە ڕاستەقینەکەی ئیخوان موسلمین:

‌پێشڕەو محەمەد

01/10/2025

ئیخوان موسلمین یەکەم و دوا ئایدیۆلۆژیای ترسناکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە زۆر وەچەی خستوونەتەوە، هەر یەکێکیان بە بەرگێک: بەعس وەک فۆرم و دەرکەوتە سیکۆلارەکەی ئیخوان موسلمین، حەماس وەک بزووتنەوە ئیسلامییە تیرۆریستییەکەی فەڵەستین، فەتح (ئەگەرچی وا دەردەکەوێت دژی حەماس بووبێت) فۆرمە سیکۆلارەکەی ئیخوانە لە فەڵەستین.

داعش فۆرمە ڕادیکاڵە تیرۆریستییەکەیەتی لە عێڕاق و سوریا. محەمەد مورسی لە میسر بەکرێگیراوەکەی تورکیا بوو بۆ پڕۆژەی عوسمانیی نوێی ئەردۆغان. تورکیای ئەردۆغانیی لە فۆرمە عوسمانییەکەیدا بۆ زیندووکردنەوەی خەلافەت. یەکگرتووی ئیسلامیی لە کوردستان. تەنانەت ئەگەرچی لە ڕواڵەتدا وا دەبینرێت ئیخوان دژی شیعە بێت، بەڵام شیعە خۆی قووڵ لەژێر کاریگەریی ئیخوان دایە. بڕۆن سەیری بەرهەمەکانی سەید قوتب بکەن کە چۆن خامەنەیی وەریگێڕاون بۆ فارسیی.

لەم ڕووەوە حزبوڵای لوبنانیی و حوسییەکانی یەمەنیش هەر وەچەی ئیخوانن. ئەم ڕەوتانەش تا بینەقاقا بۆ دژایەتیی کورد دروستکراون هاوکات بۆ دژایەتیی ئیسرائیلیش.

حەماس و حزبوڵا و حوسییەکان پەلاماری جووەکان دەدەن، داعش و ئەردۆغان و یەکگرتووی ئیسلامیی و ئێرانییەکانیش پەلاماری کورد دەدەن.

هەم دژە-کوردەکان دژی جووەکانن و هەم دژە-جووەکانیش دژی کوردن. ئەمڕۆ چەپیش بە هەمان شێوە ئیسلامیزە بووە و لە گوتاردا هەمان کاری ئیخوان موسلمین ئەنجام دەدات. لە گوتاردا کێشەی لەگەڵ ئەردۆغان و خامەنەیی نییە. 

ئیخوان موسلمین لە کوردستان تەنها بۆ ئەوە لێرەیە لەژێر ناوی «بەرگریکردن لە بەهاکانی ئایین» کورد بکاتە دوژمنی کورد و لەم ڕووەوە ئەوەی داعش پێینەکرا، ئەو بەهێزی نەرم و ئیسلامیزەکردنی کۆمەڵگە ئەنجامی بدات و پاشانیش هەمووتان دەکاتە کۆیلەی وڵاتانی عەرەبیی و تورکیی. ئیسلامیزم لە کوردستان تابوری پێنجەمی ئایدیۆلۆژییە. حاجی کاروان و یاوەرانی خەریکن ئەم پڕۆژەیە بەڕێوە دەبەن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP