دواین هەواڵ

ئایا پێویستە باشوورییەکان لەسەر باکوور و ڕۆژاڤا بێدەنگ بن؟

‌پێشڕەو محەمەد

10 کاتژمێر پێش ئێستا

هەڵبەت لایەنگرانی پەکەکە و ئۆجەلانیزم لە شۆکێکی دەروونییدا دەژین، زۆرێک لەو شتانەی چاوەڕوانیان دەکرد، وا دەرنەچوو، بگرە هەمووی قڵپ بووەوە. ٢٠ ساڵ خەریکی شانامەنووسیی بوون بۆ چەمکی «کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیی» کە چارەسەری هەموو کێشەکانی جیهان دەکات و ئۆجەلان کرا بە «ڕێبەری گەلان»، ٢٠ ساڵ هەموو میدیا، ئەکادیمیا، ڕۆژنامە و کتێبەکان پڕ بوون لە ستایشکردنی ئەم چەمکە، تا لە ناکاو، وەک بۆمبێک، لە فێبریوەریی ٢٠٢٥ بێ هیچ پێشینە و ڕەخنەیەکی لەپێشدا ئامادەکراو، ئۆجەلان هەڵیوەشاندەوە و گوتی باوی نەماوە چونکە ئەمە و تەنانەت مافە کولتوورییەکانیش «پەڕگیریی ناسیۆنالیستیی بەرهەم دەهێنن».

کەواتە ئێستا سەردەم سەردەمی «ئینتگراسیۆنی دیموکراتیی»یە. بەڕاستیی نازانین تا چەند ساڵی دیکەش ئەم چەمکە بەردەوام دەبێت و چەند هەزار کتێبی دیکەی لە پێناودا دەنووسرێن.

بۆیە قۆناغی کاردانەوەی لایەنگران و شوێنکەوتووانی ئاپۆچیی شایانی دەرککردنە، دۆخێکی دەروونییە، تەنها ڕەنگە دەروونناسان و دەروونشیکاران بەباشیی بتوانن نیشانەکانی دەرک بکەن. بۆیە ڕۆژانە کە لای شوێنکەوتووان دەخوێنیتەوە بە سوکایەتییەوە ناوی باشوورییەکان بە «تەحلیلچیی ژێرپردەکە» و «کابرا لە سەرەی بەنزیندا شیکاریی جیۆپۆلەتیک دەکات» و «بڕۆن چارەسەری کێشەی خۆتان بکەن» و دونیایەک سوکایەتیی دیکە، لەلایەکەوە لەڕووی دەروونییەوە بڕوانین، شایانی دەرککردنن.

بەڵام بۆ باشوورییەکان بەراورد بە بەشەکانی دیکە کاردانەوەیان زیاترە؟

بێگومان هەر کەسێک شارەزای تیۆرەکانی نەتەوە، هەستی هاوبەش، کولتووری خزم، پەیوەندییە خێڵەکیی و ئەتنیکییەکان بێت تێدەگات، هەستی هاوبەش، ئازار و ژانی هاوبەش لەنێو کوردی باشووردا سەریهەڵداوە، زیاتر لە شوێنەکانی دیکە. کاتێک باشوورییەک زۆرترین قسە لەسەر ڕۆژاڤا، لەسەر شکستەکان، لەسەر بێهیوایی دەکات، ڕەشبینانە، تووڕە، بەهەڵچوونیشەوە قسە دەکات، خۆی بە خاوەنی ئەو ئازارە دەزانێت کە دایکێکی کۆبانێ هەستی پێدەکات، خوشکێکی ئامەد بەدەستییەوە دەناڵێت، پیرەباوکێکی قامیشلۆ بەدەستییەوە دەتلێتەوە. باشوورییەکە ئەم هەستەی بەرکەوتنی ژانی بۆ دروستبووە. ئەمەش سەرەتاکانی دروستبوونی هەستی هاوبەشی نەتەوەییە.

زۆرێک تێنەپەڕیوە، کە هەموو باشوور بۆ ڕۆژاڤا هاتە سەر شەقام، هەموو بەیەک ڕۆح و بەیەک دەنگ، پیر و گەنج و منداڵ و ژن و پیرەژن و پیاو و پیرەپیاو و مێرنداڵ بەیەک دەنگ هاواریان دەکرد.

ئێستا هەمان ئەو خەڵکە مافی ئەوەیان هەیە تووڕە بن، نیگەران بن، هەست بە دۆڕان، بێدەسەڵاتیی، ئازار و ژان بکەن.
نە کوردایەتیی، نە کوردبوون و پێکەوە بوون بەم لۆژیکە دەچێتە پێشەوە و نە هیچ. ئازارەکە ئەو کاتە زۆر ناخۆشتر، بە ژانتر دەبێت کە هەمان ئەو باشوورییەی لێی قەدەغە دەکەیت ڕەخنە بگرێت لەو پرۆسەیەی لێی دەترسێت، پێت بڵێت: باشە ئەی مادام وایە بۆ تۆ خاکی باشوور، بۆ قەندیل و کەمپەکان و شاخەکانی باشوور جێناهێڵیت؟

هەست بە چ ئازار و ژانێک دەکەیت، کاتێک باشوورییەک ئاوها کاردانەوەی هەبێت بەرانبەرت؟

بەڵێ هەموو باشوورییەک بۆی هەیە تا ئەو پەڕی توند، ڕادیکاڵ قسە لەسەر ئەو بابەتە بکات، لە حەماڵێکەوە، بۆ پرۆفیسۆرێک، چونکە ئەمە چارەنووسی سەرجەمی نەتەوەیەکە، نەک هی حزبێکی سیاسیی.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP