دواین هەواڵ

داکۆکی لە پیرۆزی، یان جەهل بە پیرۆزی

‌جه‌عفه‌ر عه‌لی

19/12/2021

کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە کۆنەوە بۆ ئەمڕۆ پڕیەتی لە پیرۆزی.

لە هەر رۆژگار و زەمەنێکی مێژوویدا گروپە کۆمەڵایەتییەکان لەبەردەم جۆرێک لە پیرۆزیدا وەستاون، هەندێ لەو پیرۆزییانە میتافیزیک و هەندێکیشیان دروستکراوی عەقڵ و فۆرمی هۆشیاری مرۆڤ خۆی و بیرکردنەوەی زەمینی بوون.

شتێک کە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە کۆنەوە بۆ ئێستا نەیتوانیوە لە دەرەوەیدا ژیان بکات، پیرۆزییە، جا ئەو پیرۆزییانە میتافیزیک، یان ماددی و مرۆڤکرد بن. مرۆڤ و پیرۆزی دووانەیەکی تەواوکەری یەکدین و هەر یەکیان ئەویدی تێر دەکات.

مرۆڤ بۆشایی رۆحی هەیە، عەقڵ توانای وەڵامی پرسیارە زۆرەکانی پێ نییە، زانست بە هەموو پێشکەوتن و داهێنانەکانیشییەوە، لانیکەم تا ئێستا هێزی دۆزینەوە و پەیبردن بە کۆی نهێنییەکانی ناو سروشت و گەردوون و بوونی نەبووە، هەموو ئەمانە کۆمەڵگەی مرۆییان خستووەتە بەردەم گەڕان بەدوای وەرگرتن و دۆزینەوەی وەڵام لە شوێنی دیکە، شوێنێک کە سەرفکردنی هێزی بیرکردنەوەی بچووک و سادەی پێویستە و هیچی دی. شوێنێک بەرگی پیرۆزی بکەیتە بەر و لەبەردەمیدا بچەمیتەوە، نزا بکەیت و بپاڕێیتەوە. لەوە ئاسانتر چییە مرۆڤ بۆ هەموو ئاواتەکانی سەر بە ماڵی پیرۆزییەکدا بکات و بکەوێتە سەرئەژنۆ، خۆی بە قەدەری چارەنوسێکی حەتمی بسپێرێ و لە ژێر باری حەتمییەتی مێژووییدا ئارام بگرێت.

مەبەست لە پیرۆزی تەنیا پیرۆزی دینی نییە، بەڵکو پیرۆزی نادینی و ماددیشە، تەنیا مەبەست پیرۆزی نامێژوویی نییە، بەڵکو پیرۆزی مێژووییشە. ئەو مرۆڤ و گروپانەی ئالودەی پیرۆزین، لە هەر شوێنێک وشەیەک، بڕگەیەک، رستەیەک لەم تێکست و ئایدیۆلۆژیا پیرۆزەیان قسەی لەبارەوە بکرێ، بۆچوونێکی جیاوازتری لەبارەوە بگوترێ، یان رەخنە بکرێ، ئەوان وەک نوێنەری ئەم پیرۆزییانە، بە زمانی داخراوی پیرۆزی نە تەنیا وەڵام دەدەنەوە، بەڵکو هەڕەشە دەکەن و هەوڵی سڕینەوەی فیزیکیش دەدەن. ئاڵوودەبوون بە پیرۆزی واتە داگیرکردنی بیرکردنەوە، کۆنتڕۆڵی دەستەجەمعی، سنوردارکردن و بچووککردنەوەی بینین و روانین، تەلبەندکردن و قفڵکردنی رەخنە و پرسیار، کەمترین ماندووبوون بۆ دۆزینەوەی خۆت، پەیوەندی نێوان خۆت و پیرۆزییەکان، پرسیاری بنەڕەتی لە بوونی خۆت لە بوونی پیرۆزی.

لە دونیای ئەمڕۆدا، قسە لەبارەی ژیری دەستکرد و داپۆشینی ژیان و بازاڕ و جوڵەکانی ژیان بە تەکنۆلۆژیا و کۆمپیوتەر و ئامێری زیرەک و بە ئۆتۆماتیکبوونی کاری کۆمپانیا و ناوەندە پیشەسازی و بازرگانی و بانکییەکان دەکرێت، یوڤاڵ نوح هەراری بە روونی ئەو نموونە و لێکدانەوەمان بۆ داهاتوو بۆ رووندەکاتەوە و وێنەیەکی ئەو دونیا بە ئامێربووەمان پێشاندەدات، بەڵام هێشتا ئەم دونیایەش، وەک دونیای پێش خۆی، لە فۆرم و ليکدانەوەی دیکەدا ئاوێزانی پیرۆزییە، یان هێشتا بەشێکی ژیان و سیاسەت و کۆمەڵگە لە ماڵی پیرۆزییەکانەوە گوتار ئاراستەی کۆمەڵگە دەکەن.

جگە لە کۆی دەسەڵاتەکانی خیلافەت، تێکڕای سوڵتان و پاشاکان لە رۆژهەڵات و رۆژئاوا (لە رۆژئاوا تا دوای رێنیسانس و سەردەمی رۆشنگەری)، دواتریش لە دروستکردنی دەوڵەتی نوێ لە رۆژهەڵات، تورکیا، عیراق، ئێران، سوریا، میر و سوڵتان و پاشاکانی کەنداو، هەموو ئەمانە لە ژێر عەبای پیرۆزییەوە بەشێکی گرنگ لە جەنگەکانی خۆیان، چ بۆ پاکتاوی حیسابە نەژادی، مەزهەبی و سیاسییەکانی خۆیان لە ناوەوە، یان روو بە نەیارانی دەرەوە، لە رێی هێز وەرگرتن لە پیرۆزییەوە درێژە پێداوە. جەنگە گەورەکانی دونیا، ئەگەر جەنگی دینیش نەبووبن، لە دەرەوەی دین بۆ پیرۆزییەک دەگەڕان و بەرگێکی دیکەی پیرۆزییان بە بەردا دەکرا.

لە سەدەکانی ناوەڕاست لە ئەوروپادا، پاپا و کەنیسە، واتە گوتاری پیرۆزی دینی، پاپا و قشە و کەنیسەی پیرۆز، کۆی کایەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتییان داپۆشیبوو، هەموو جوڵەیەکی مرۆڤ و مێژوو لە ماڵی پیرۆزییەوە کۆنتڕۆڵ دەکرا و لێکدەدرایەوە، ژیان پڕ کرابوو لە داخران و سنور و سانسۆر، دەسەڵاتی دینی تەواوی کایەکانی ژیان و ئازادی مرۆڤەکانی لە مەنگەنەی هەژمونی رێبەرانی دینی کاسۆلیکی دابوو. لۆتەر هات بە ناوی گەڕانەوەی پیرۆزی و شکۆ بۆ دینی مەسیحی، شەڕی ئەم پیرۆزییەی رۆمای ناوەندی کاسۆلیکی کرد، بەڵام شەڕی جەوهەری پیرۆزی نا، چونکە لەگەڵ لۆتەر دین دابەشکردنێکی نوێی وەرگرت و فۆرمێکی دیکەی پیرۆزی لە دایک بوو، واتە پیرۆزی لە کاسۆلیکییەتەوە بۆ کاسۆلیکی و پرۆتستانتی دابەش بوو.

کۆی شەڕە خوێناوییەکانی موسڵمانان لە ناو خۆیاندا، هەموویان بە ناوی پیرۆزی دینەوە بوون، حوسێن بە ناوی پیرۆزییەوە کوژرا، حەللاج تەکفیر کرا و پارچە پارچە کرا، ئیبنولموقەفەع سوتێندرا، ئەبو عەلای معەری و ئەبوبەکری رازی و زۆری دیکەیش بە دژە دین و زەندیق تۆمەتبار کران.

ئەوروپاییەکان لە سەدەی حەڤدەدا جەنگی ٣٠ ساڵەیان بە ناوی دین و پیرۆزییەوە کرد، ئەگەرچی دواتر پاڵنەر و ئەنجامەکانی گۆڕان. لە سەدەی بیستیشدا، نازییەکان بەدوای پیرۆزییەکانی گەلی ئەڵمانیا، بڵندی رەگەزی ئەڵمانی، خوێنی پاکی ئەڵمانی و کۆکردنەوەی شکۆی ئەڵمانیای تێکشکێنراوە بوون لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا، ئیتاڵیای مۆسۆلینی هێزی لە گەڕانەوە بۆ پیرۆزی، مەزنێتی و نەمری رۆمانی وەردەگرت، ئەتاتورک و تیۆریسینەکانی پانتورکیزم، نەژادی تورک و پیرۆزی تورکایەتیان وەک موقەدەسێک پێشاندەدا، تارادەی ئەوەی پێغەمبەری موسڵمانانیان وەک تورک دەناساند، تیۆریسین و دامەزرێنەری حیزبی بەعس، میشێل عەفلەق، عروبە و نەتەوەی عەرەبی وەک بوونێکی پیرۆز و نەمر لە نێو ژیاری ئیسلام و دونیادا دەبینی، واتە نازیزم و فاشیزم و تەنانەت زۆرجار ناسیۆنالیزمیش هەر بە ناوی پیرۆزییەوە جەنگەکانی خۆیان کردووە.

بۆ زۆرینەی رەهای مرۆڤەکان و گروپەکانی جەنگ، گرنگ نەبووە ریشەی پیرۆزی چییە، سەرچاوە تیۆرییەکانی کامانەن، میکانیزمەکانی کارکردنی چین، فۆرم و تایبەتمەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی سەر بە چ دونیابینی و سیستمێکی فیکری و فەلسەفین، ئەوەی گرنگە هەر ئەوەیە بێ ئەوەی لە وردەکارییەکان بڕوانی، بێ ئەوەی بە قوڵایی فیکری و تیۆری پیرۆزی ئاشنا بیت، بێ ئەوەی ریشەکانی سیستمی بیرکردنەوەی پیرۆزی و پایەکانی بزانیت، گرنگ ئەوەیە بێ هەموو ئەمانە ببیتە جەنگاوەری پیرۆزییەک و پەنجەکانت بە خوێنی جەنگاوەری سەنگەرێکی دیکەی پیرۆزی سوور بکەیت.

بەڵا و ئافاتی پیرۆزی هەر ئەوەیە کاتێک دەبێتە جۆرێک لە ڤایرۆس و بە جەستەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەدا بڵاودەبێتەوە، لە کۆمەڵگەی نەریتی و داخراودا، هیچ ڤایرۆسێک بە ئەندازەی ڤایرۆسی پیرۆزی توانای خێرا بڵاوبوونەوەی نییە.

سەدان کتێبی فیکری و فەلسەفی قوڵ، سەدان کتێبی زانستی و رەخنەیی، سەدان بابەتی فیزیا و پزیشکی و گەردوونناسی، هێزی ئەوەیان نابێت هێندەی چەند رستەیەکی سادە و عادەتی ئایدیۆلۆژیستێکی دینی، گروپە کۆمەڵایەتییەکان بخاتە جۆش و سەرزەمینی سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتی ناوەوەیان بلەرزێنێ.

کێشەی پیرۆزی، کێشەی تاکبینی، تاکڕوانین و تاکخوێندنەوەیە، دونیا و کۆی جوڵەکانی گەردوون لەوپەڕی جەمسەری باکورییەوە بۆ باشوری بە یەک فۆرم و یەک دید و یەک سیستمی عەقڵی لێکدەدرێتەوە، سیستمێک کە پیرۆزی و میتافیزیکا لە بەری پێیەوە تا تەوقی سەری جڵەو و کۆنتڕۆڵ کردووە، واتە تۆ دیدگایەکی فیکری ئامادەکراوت لە گیرفاندایە، بۆ هەر رووداوێک، ئیدی ئەم رووداوە سروشتی، یان مرۆڤکرد بێت، لەئەمریکا و ئەوروپا، یان رۆژهەڵات روویدابێت، لە رێی ئەم تێکستە ئامادەیەی ناو گیرفانتەوە بۆ هۆکاری رووداوەکە و ئەنجامەکەشی دەگەڕێیت، لەوەش زیاتر باوەڕت بە هیچ دید و لێکدانەوەیەکی جیاواز نییە.

پیرۆزییەکان بۆیە کاریگەرن چونکە هەڵگری مژدەن، مژدەی هێنانی دونیایەکی باشتر، بەهەشت، ئازادی، یەکسانی و دادی کۆمەڵایەتی، پاراستنی کولتور و رەسەنایەتی نەژاد و نەتەوە و مەزنێتی دەوڵەت.

هەر ئاراستەیەکی فیکری سیاسی و فەلسەفی لە مێژوودا لە ژێر باڵی پیرۆزییەکەوە جەنگەکانی خۆی بەرپاکردووە، خوێنی رشتووە، دونیای بەسەر تاریکی و روناکی، دۆزەخ و بەهەشتدا، پۆلێن کردووە، لە نێو پۆلێنبەندییەکەدا هەمیشە خۆیان و لایەنگرانیان سەر بە دونیا روناک و بەهەشتییەکە بوون، ئەوانی دیکەش دۆزەخی، ئەم پۆلێنکردنە بە شێوە و میتۆد و فۆرمی جیاواز لە دەوڵەتشارەکانی یۆنانەوە بۆ ئەمڕۆ درێژەی هەیە، یەکێک بە ناوی هاوزێد، ئەویدی بە ناوی دین و مەزهەب، یەکێک بە ناوی شەڕ و بەرژەوەندی چینێکی کۆمەڵایەتی و ئەویدیش بە ناوی رەگەز و خوێنی پاکەوە تەنزیری بۆ ئەم پۆلێن و گروپبەندییە کۆمەڵایەتییە کردووە.

لە هەموو مێژوودا چەندیش تەنزیر و پشتیوانی لە تیۆرەیەکی دیاریکراو کرابێت، تەنانەت ئەگەر ئەم تیۆرەیە گۆڕابێت بۆ دەسەڵاتی سیاسیش، هێشتا کەسێک، هێزێک، دەسەڵاتێکی سیاسی لەسەر ئەم رووی زەمینە نادۆزیتەوە توانای ئەوەی بووبێت کۆی گروپە کۆمەڵایەتییەکان لە یەک ئاستی ژیان و گوزەرانی یەکساندا رابگرێ و کۆتایی بە پۆلێنبەندی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری نێوان مرۆڤ و گروپ و خانە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان بهێنێت، نە دەوڵەتی دینی توانیویەتی کارێکی لەمجۆرە بکات، نە دەوڵەتی سیکیولار، نە کۆمۆنیزم توانی بیکات، نە سەرمایەداری و لیبرالیزم.

ئەم گەڕان و هەوڵدانە بۆ بەدیهێنانی یەکسانی و بنبڕکردن و نەهێشتنی جیاوازی نێوان مرۆڤەکان و گروپە کۆمەڵایەتییەکان، لە بڕوای مندا دوور نییە تا ئەبەد وەک خەون و خەیاڵێکی ناواقیعی مرۆڤەکان بمێنێتەوە و هیچی دی، قسەی من پشتیوانی لە بوونی جیاوازی و پۆلێنبەندی نێوان مرۆڤەکان نییە لە ژێر هەر پاساو و بیانویەکی تیۆری و فیکری و بایۆلۆژیدا بێت، بەڵکو قسەیە لەبارەی ئەو مێژووە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی مرۆڤایەتی بڕیویەتی و کۆی تیۆرەکانی یەکسانی و نەهێشتنی جیاوازی کۆمەڵایەتی و ئابووری بەر دیواری ئەستوری شکست کەوتوون.

گومان لەوەدا نییە هەمووان، لانیکەم زۆرینەی رەهای مرۆڤایەتی خەون بەم دونیا یەکسانەوە دەبینن، حەزیش دەکەن ئەم دونیایە لە خەیاڵ و یۆتۆپیاوە ببێ بە راستییەکی بەرجەستەبوو، بەڵام نە فۆڕمی دادپەروەری کۆمارەکەی ئەفڵاتون، نە یۆتۆپیاکەی تۆماس مۆر و نە مەدینە فازیلەکەی ئەبو نەسڕی فارابی ناتوانن لە تیۆرەوە بپەڕنەوە بۆ واقیع و بگۆڕێن بۆ راستییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی ژیان و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی.

لە مێژووی تازەشدا، قاعیدە، داعش، بەرەی نوسرە، بۆکۆحەرام و زۆر گروپی ئایدیۆلۆژی دیکەیش لە ژێر عەبای پیرۆزی دینیدا، خێڵەکانی هۆتۆ و تۆتسی لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو لە رواندا لە ژێر ناوی پیرۆزی و مێنتاڵیتی خێڵ و خورافەی پۆلێنکردندا، سەدان تاوانی نامرۆڤانەی دژ بە هەر بەها و پرەنسیپێکی ئینسانی و ئەخلاقییان ئەنجامدا.

پیرۆزی وەک ئەو دڵۆپە ئاوەی ناو شوشەیەکی بچکۆلەی دەرمان وایە، هەر کاتێک توانیت بە سرنجێک چەند دڵۆپێکی بکەیتە جەستە و مێشکی کەسێکەوە ئیدی ئەو سەرەتا ترسناک و تاریکە دەست پێدەکات، کە تا کۆتایی جگە لە تاوانی نامرۆییانەی گەورە، جگە لە مەرگ و خوێن، جگە لە رەشکردنی مێژوو و دونیا، جگە لە تاریکی و بەرهەمهێنانی مرۆڤی تاریک، شتێکی دیکەی لێ سەوز نابێت.

تاکە رێگەش بۆ دەربازبوون لەم سێبەرە قورس و تاریکییە ئایدیۆلۆژییە، هەوڵدانە بۆ تێگەیشتن و پێناسەکردنەوەی پیرۆزی، تێگەیشتنێک توانای ئەوەی هەبێت لە نێوان پیرۆزی و جەهل بە پیرۆزیدا جیاوازییەک دابنێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP