دواین هەواڵ

نامەکەی نێچیرڤان بارزانی و شیعرەکەی ئەحمەد موختار جاف

‌فارس نەورۆڵی

29/05/2021

پەندێک ھەیە دەڵێ: ( لەسەر ڕێگایەک بەردەوام شکستت ھێنا، باشتر وایە ڕێگاکەت بگۆڕی ) ئەم پەندە بھێنینە ناو کێڵگەی سیاسییەوە دروست نێچیرڤان بارزانی کردییە کردار، بەوەش ھێزی نەرمی کردە ستراتیج و زمانی دواندنی گۆڕی بۆ ھێزی لۆژیک لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە. تێزی دوژمن بکە بە بێلایەن و بێلایەن بکە بە دۆست و دۆست بکە بە ھاوکارتی کردە نەخشە ڕێگا، لەم سۆنگەیەوە خەباتێکی نوێی سیاسی و دبلۆماسی ھێنایە ناو سیاسەتی کوردییەوە.

ئەو قسە باوەی تێپەڕاند کە دەڵێ: ( کورد لە شەڕدا سەرکەوتن بە دەسدەھێنێ و لەسەر مێزی دبلۆماسییەت دەیدۆڕێنێ ) واتە سەراپای گەمەکەی گۆڕی، ئەگەر چی لە دوێنێیەکی دوردا کورد لە بڕیارەکانی دامەزراوە بڕیار بەدەستەکانی جیھان بێ ئومێد بوبێت،

ئەوا ئەمڕۆ سەرۆکی ھەرێم بە عەقڵێکی کراوە و خەباتێکی بێ وچانی دبلۆماسی لە نامەیەکی لۆژیکی و پڕ ئەرگۆمێنتدا، لە ١٤ ی ٤ ی ٢٠٢١ ئاراستەی ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد لە ٢٨ ی ٥ ی ٢٠٢١ واتە دوای مانگێک ھەر ١٥ پازدە ئەندامەکەی ئەنجومەن لەسەر داوای چین، کە ئێستا سەرۆکی ئەنجومەنەکەیە نامەکەی سەرۆکی ھەرێم بوو بە بڕیاری (٢٥٧٦) ئەنجومەنی ئاسایش،

ئەم بڕیارە دەسکەوتێکی گەورەی سیاسی و دبلۆماسییە بۆ ھەرێمی کوردستان و بەنێو دەوڵەتی کردنی دۆزی کورد. 

کاتێک ئەنجومەنی ئاسایش نامەکەی سەرۆک نێچیرڤان کردە بڕیار شیعرەکەی ئەحمەد موختار جاف ھاتەوە یادم، کە گوزارشت لە مەزڵومییەتی کورد دەکات  لە سەرو بەندی دامەزراندنی (عێبەتلئمم) کۆمەڵەی گەلان کە دەڵێ: ( ئەو قەراری عوێبەیەی وا خەڵک دەڵێن بۆ کورد ئەبێ، ھەر قسەی ڕوتەو قسەش ناچێتە ناو گیرفانەوە) ئێستا دەبێ ڕۆحی ئەحمەد موختار جاف ئاسودەبێت سەدەیەک دوای  خەمەکەی، کە لە شیعردا بەیانی کردبوو ئێستا سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە نامەیەکدا بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەشێک لە داخوازی نەتەوەکەی کردە بڕیارو بڕیارەکەش دەچێتە گیرفانی کوردەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP