کریستین کارۆخ
گومان لەوەدا نییە لەم هەلومەرجەدا چارەنووسی پارتی و یەکێتی هەر رێکەوتنە، جگەلەوە هەلومەرجی ناوچەکە و بەرژەوەندی وڵاتانی دراوسێ لە ئێستادا لەگەڵ هەڵگیرسانەوەی شەڕێکی دیکەدا ناگونجێ، بۆیە ئەگەری رێککەوتن لە نێوان پارتی و یەکێتی زۆرترە لەوەی رێکنەکەون.
ڕێکەوتن و ڕێکنەوتن لە دونیای سیاسەتدا بوونی هەیه و هەر بوونیشی دەبێ، بەڵام پێویستیشە بیرێك له شێوازەکانی دانیشتن وگفتووگۆ بکرێتەوە تا ئەزموونەکە به باشی پارێزراوبێ و کەشە ئەرێنیەکانیش بۆ هەردوولا فەراهم بێت، بۆ درێژەدان به ڕەوشتی ڕێکەوتن یان ئەوەتا رێکنەکەوتن جا له چ بوارێکدا بێت ئەگەر له هەر بوارێکیشدابوو بەر له هەموو شتێكدا سیاسی و دیپلۆماسیانه هەنگاوەکان بهاوێژرێن بۆ ئەوەی به هێمنی بتوانرێت بەسەر ئاستەنگەکان زاڵ بن و کەشێک درووست بێت بۆ سەرکەوتنی گفتوگۆو رێککەوتنێکی نوێی.
لێک تێگەیشتن و ڕێککەوتن لە بەرژەوەندیی گەلی کوردستانە، نەک مەرج و سەپاندن، کوردیش دەمێکە بەگفتوگۆ دەڵێ: دانوستان.
لە لایەکی دیکەوە کارایی و کاریگەریی سیاسیی کورد لە بەغدا، بەندە بە یەک دەنگی و یەک هەڵوێستی لایەنە سیاسیەکان، نەک ژمارە و جۆری پۆستەکان. ئەو چەمکە بۆ کارایی و کاریگەریی هەر یەک لە پارتی و یەکێتیش هەمان مانا دەدا و بەندە بەوەی ئایا بەیەکەوە بەشداری کابینەی نوێ دەکەن یان بە جیاواز؟
ڕەنگە یەکێتی و پارتی رێکبکەونەوە، کە ئەوەش ڕێگا ڕاستەکەیە، بەڵام لە بارێکدا ھەردوولا تاک تاک و بە جیاواز ڕێگای بەغدا بگرنە بەر ئەگەری دروستبوونی لێکەوتەی نەخوازراوی دەبێ.
جەنابی سەرۆک بارزانی، پێشنیاری دیالۆگی ئاشکرا و دڵسۆزانە بۆ سەرکردایەتی یەکێتی کردووە بۆ ئەوەی ڕێگەیەکی کاریگەر بێت بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان. هەردوو لایەن دەتوانن گفتوگۆی بنیاتنەر بکەن و گوێ لە دیدگای یەکتر بگرن و کار بکەن بۆ دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش.
دۆست و دوژمنان ئەمڕۆ لە سەرکردایەتیی هەردوولا دەڕوانن کە ئایا پارتی و یەکێتی توانای چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکی و قەیرانانەیان بە گفتوگۆی ئاشتیانە بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان ھەیە.
بەدیلی ڕێکنەکەوتن چییە؟ مەرج نییە شەڕ بێ، بەڵام لەشەڕ خراپتر هێشتنەوەی دۆخەکەیە وەک خۆی. ئەزموونی چەندین ساڵەی کوردستان پێمان دەڵێ رێککەوتن لەگەڵ یەکتری لانی کەم خوێنی تێدا ناڕژێت و جۆرێک لە سەقامگیری کۆمەڵایەتی دروست دەکات.
لە کۆتاییدا پرسیارەکە ئەوەیە: کە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان گرینگە یان بەرەو خزمەتکردنی بەرژەوەندیی نەیارانی کوردستان، بۆیە ئەزموونەکە پێمان دەڵێ پارتی و یەکێتی رێککدەکەون و نگەڕێنەوە بۆ ساڵی ١٩٩٤.