دواین هەواڵ

کورد لە رۆژئاوا خۆ ناچەمێنن

‌کریستین کارۆخ

21/01/2026

ئەو بارودۆخە ئاڵۆزەی ئێستا لە ڕۆژئاوای کوردستان دەگوزەرێ، زوڵمێکی ڕوون و ئاشکرایە، چونکە گرووپە چەکدارەکانی سووریای عەرەبی بە ئاشکراو بە بەرچاوی خودا و خەڵکەوە بڕیاری ئاوارە و دەربەدەرکردن و وێرانکردنی ماڵی کوردەکانیان داوە، لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتووشدا، یەکێک لە ڕێگاکانی دوژمنانی کورد بۆ ڕێگەگرتن لە دروستبوونی کیانێکی کوردی، تێکشکاندنی کەسایەتی و سایکۆلۆژیای تاکی کورد بووە، ئەویش لە ڕێگەی سیاسەتی سەرکوتکردن و ژێردەستەیی و داپڵۆسین و چەوساندنەوە، ئەم پڕۆسەیەش بە درێژایی مێژوو لە ڕێگەی جیاوازەوە، بەشێوەیەکی بەردەوام و سیستەماتیک لەلایەن دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان پیادەکراوە. ئامانج لەم پڕۆسەیەش دروست نەبوونی کیانێکی کوردی و تاکێکی کوردی «باوەڕبەخۆبووە».

بەڵام لێرەدا کورد لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە هەمان پەیامی (سیاتێل)ی سەرۆک هۆزی هیندیە سوورەکانی هەیە، بە جۆرێک کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بە گشتی و ڕۆژئاوا بەتایبەتی وەک سیمبوڵی بەرخودان و نەچەمان دەمێننەوە. پیرۆزی خاکی کوردستان بەهەمان ئاستی وەسفی سیاتڵی سەرۆک هۆزی هیندیە سورەکانە کە دەڵێت: “ئەم خاکەو هەرچی تێدایە بۆ ئێمە پیرۆزە، گەڵای دەرزیلەیی کاژەکان، لمی کەنار ڕووباران، مژی نێو دارستانەکان، دەنگ و ڕەنگی مار و مێروو، هەموویان لە بڕوا و بیرەوەریی خەڵکی ئێمەدا پیرۆزن، ئەو شیلەیەی بە نێو دەماری دارەکاندا دەگەڕێت خولیا و خەونی ئێمەی تێدا مەییوە. خاک لەناخی ئێمەدایە، ئێمەش بەشێکین لە خاک و خاکیش پارچەیەکە لە ئێمە، گوڵان بە بۆن و بەرامیانەوە خوشکی ئێمەن، کەڵەکێوی و ئەسپ و هەڵۆکان برامانن، ڕەوەزبەردی لووتکەکان، شەونمی مێرگ و مەزراو تینی لەشی ئەسپ و مرۆڤ، هەموویان لە خێزانێکن.

ئەو ئاوە زوڵاڵەی بە جۆبار و ڕووبارەکاندا دەڕوات تەنیا ئاو نییە، خوێنی پشتاوپشتی ئێمەیە” ئەم نامەیە هەمان پەیامی «نەتەوەی کوردە» بۆ داگیرکەرانی کوردستان لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتووشدا.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP