دواین هەواڵ

دیدێکی ئەخلاقی لە بارەی داگیرکردنی فەزای بینینەوە

‌ئەرسەلان رەحمان

3 کاتژمێر پێش ئێستا

دابەشکردنی چەتری لۆگۆداری کەناڵێک لە فەزایەکی گشتی بۆنەیەکی گشتیدا، ئەگەرچی لە ڕووکاردا تەکنیکێکی زیرەکانەی ڕێکلام یاخود پرۆمۆشنی لۆگۆیە، بەڵام تەکنیکێکی نوێ نیە و ماکی شەڕانگێزانە و قۆرغکاری فەزای بینینی پێوەیە و پێویستی بە قسەلەسەرکردنێکی ورد لە ڕووی ئەخلاقی و یاساییەوە هەیە.

سەرەتایەک بۆ داگیرکردنی فەزای بینین
جێری وێڵش، بەرپرسی بازاڕگەری کۆمپانیای ئەمەریکان ئێکسپرێس بووە لە 1984دا، یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی لۆس ئەنجلسی کردە گۆڕەپانێک بۆ تاقیکردنەوەی تەکنیکی ئەوەی ناوی لێنابوو "مارکێتینگی بۆسە"، زیرەکانە بێ ئەوەی کۆمپانیاکە سپۆنسەر بێت، فەزای بینینی یارییەکانی قۆرغکردبوو. ئەمەش وایکرد، دواتر کۆمپانیای ڕکابەری (ڤیزا) ناچار بێت ملیۆنان دۆلار خەرج بکات تەنیا بۆ ئەوەی خەڵک هۆشیار بکاتەوە، کە ئەوان سپۆنسەری ڕاستەقینەن، نەک ئەمەریکان ئێکسپرێس. کێبڕکێی ئەو دوو کۆمپانیایە درێژەی کێشا، تا ئەمەریکان ئێکسپرێس درووشمی "تۆ پێویستت بە پاسەپۆرتە نەک ڤیزا"ی بەرزکردەوە.

فەزای بینین و کێبڕکێی پیشەییانە

هەموو کەناڵێک مافی ڕەوای خۆیەتی، فەزایەکی خاوێنی هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانێت تێیدا کاری میدیایی بکات. ناکرێت کەناڵێک بە تەکنیکی پەلاماردەرانە یان هەراسانکارانە ڕێگە بە خۆی بدات، فەزای بینینی ئەوانی دیکە بشێوێنێت و بۆنە و یادە گشتییەکان بکاتە گۆڕەپانێک بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی بەسەر ئەوانی دیکەدا.

کاتێک کەناڵێک لە ڕێگەی تەکنیکی هەراسانکارەوە سنووری پیشەیی خۆی دەبەزێنێت و خۆی بەسەر کادر و گۆشەی بینینی کامێرای ئەوانی دیکەدا دەسەپێنێت، ئەمە پێی ناوترێت کێبڕکێی پیشەییانە، بەڵکو داگیرکاری و دەستدرێژییە بۆ سەر مافی ئەوانی دیکە، کە مافیانە گۆشەیەکی خاوێن پیشانی بینەرانیان بدەن و دەرفەتیان هەبێت دیمەنی گشتیی چالاکی یان بۆنە گشتییەکە پەخش بکەن و بینەریان لە دیمەنەکان بێبەش نەبێت.

ئەمە بنەمایەکی ئەخلاقی پیشەیە، ڕۆژنامەنووسان دەبێت هاوکار و پشتیوانی سەرخستنی کاری یەکدی بن، نەک ببنە مۆتەکە بۆ گیانی یەک و تەنگ بە یەکدی هەڵچنن.

بۆشایی یاسایی
لە دەقە یاساییە بەرکارەکانی هەرێمی کوردستاندا، پرسی قۆرغکاری فەزای بینین و تەنگپێهەڵچنینی کەناڵەکان و سەپاندنی لۆگۆ، یان ئاڵایەکی تایبەت بە بڕاندێک چارەسەری پێویستی نەکراوە -(هێندەی پێی بزانم)-، بەڵام لە بڕگەی یەکەمی ماددەی دووەمی یاسای ژمارە 35ی 2007ی ڕۆژنامەگەری لە کوردستاندا هاتووە: "ئازادیی دەربڕین و بڵاوکردنەوە بۆ هەموو هاووڵاتیان دەستەبەرە، لە چوارچێوەی ڕێزگرتنی ماف و ئازادییە تایبەتییەکانی تاکەکان و تایبەتمەندیی ژیانیان بە پێی یاسا و پابەندبوون بە ئیتیکی ڕۆژنامەگەری..".

واتە پابەندبوون بە ئیتیکی کار سەنگێکی یاسایی پێدراوە و پەیمانی ئاکاری فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان (ساڵی 1954ی هەموارکراو) وەک بەشێک لە یاساکە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و حوکمی یاسایی هەیە.

هەروەها لە خاڵی چوارەمی پەیمانی ئاکاری فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووساندا هاتووە: "پێویستە ڕۆژنامەنووس بۆ دەستخستنی هەواڵ و وێنە و بەڵگەنامە ڕێگەی دروست و ڕەوا بگرێتەبەر"، ئەمە دەکرێت فراوانتر لێی بڕوانین، بەو پێیەی قۆرغکاری و سەپاندنی لۆگۆیەکی دیاریکراو بەسەر فەزای بینینی کەناڵەکانی دیکە، ناچێتە خانەی "ڕێگەی دروست و ڕەوا"وە.
بەرپرسیارێتی و هۆشیاری
ڕێکخەرانی فێستیڤاڵ و بۆنە و یادە ئایینی و نیشتمانیی و نەتەوەییەکان، گرنگە بە گیانی بەرپرسیارێتی و بە هۆشیارییەوە بڕواننە پرسی ڕەخساندنی ژینگەیەکی خاوێن بۆ هەموو کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و ڕێگە نەدەن، فەزای بینینی کەناڵەکان لە لایەن یەکێک یان دوو کەناڵەوە قۆرغ بکرێت و بە تەکنیکی پەلاماردەرانە و داگیرکارانە پرۆمۆشنی لۆگۆیان بسەپێنرێت بەسەر ئەوانی دیکەدا.

ئەمە نەک تەنیا بۆ چالاکییە گشتییەکانی وەک یارییە وەرزشییەکان، فێستیڤاڵ و کۆڕ و کۆنفرانسەکان دروستە، بەڵکو بۆ کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکانیش دروستە.
ناکرێت هەر کەناڵێک بە ئارەزووی خۆی دروشمی ڕێکلامی خۆی لەسەر مایکەکەی بنەخشێنێت و کۆنفرانسە میدیاییەکان بکاتە گۆڕەپانێک بۆ سەپاندنی ناچاریانەی پرۆمۆشنی لۆگۆکەی خۆی و کەناڵەکانی دیکە بخرێنە ژێر باری ناچارییەوە، کە دیمەنەکەی پەخش بکەن.

گرنگە ئاستی تێگەیشتن و شارەزایی بابای قسەکەر لەو کۆنفرانسە میدیایانەدا بایی ئەوە بکات، بڵێت ئێرە گۆڕەپانی ڕێکلام و بڕاندینگی ئێوە نیە، هەروەها گرنگە میدیاکارەکانی دیکە سەردانەخەن و ڕێگری لەوە بکەن، شاشەکانیان ببێتە سەکۆی پیشاندانی دروشمی ئەوانی دی.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP