دواین هەواڵ

کۆتا شانسی تەلئەبیب لە سەردەمی ترەمپدا؛ سیناریۆکانی دوای هەڵبژاردنی پارلەمانی ئیسرائیل

‌مەیسەم مورادی

21 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەمڕۆ هەڵبژاردنی پارلەمانی ئیسرائیل بەڕێوەدەچێت. هەر لایەنێک کە بتوانێت ٦١ کورسی لە ١٢٠ کورسی پارلەمان بەدەستبهێنێت، دەتوانێت حکومەت پێکبهێنێت. بەپێی ڕاپرسییەکان، هیچ لایەنێک ناتوانێت ٦١ کورسی بەدەسبهێنێت، بۆیە قۆناغی دانوستاندنی نێوان لایەنەکان دەستپێدەکات و ئەو لایەنەی کە زۆرترین کورسی هەبێت، ٢٨ ڕۆژ کاتی هەیە بۆ پێکهێنانی حکومەت. ئەگەر نەتوانێت، سەرۆککۆماری ئیسرائیل بە لایەنی دیکە دەڵێت ئێوە بچن حکومەت پێکبهێنن، ئەگەر ئەو لایەنەش نەتوانێت، حکومەتی کاربەڕێکەر ڕادەگەیێنرێت و کاتی هەڵبژاردنی دیکە دیاری دەکرێت. ئەمە دیوێکی بابەتەکە، دیوێکی دیکە ئەوەیە کە بنیامین نەتەنیاهۆ فێڵێک بکات و بەجۆرێک بتوانێت گادی ئایزنکۆت و لایەنەکانی دیکە هەڵخەڵەتێنێت و خۆی حکومەت پێکبهێنێت.

تێروانینی هەرکام لە نەتەنیاهۆ، ئایزنکۆت و نەفتالی بنێت لەسەر ئێران زۆر جیاوازە: 

نەتەنیابۆ باوەڕی وایە کە دەبێت تا قۆناغی داڕمانی کۆماری ئیسلامی بچێتە پێشەوە. واتە لەم ماوەی ٢ ساڵەدا کە دۆناڵد ترەمپ لەسەر کارە، کۆتا شانسی ئیسرائیلە بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، ئەگینا لە داهاتوودا هەرکەسێک ببێتە سەرۆککۆماری ئەمریکا، وەک دۆناڵد ترەمپ گوێبیستی ئیسرائیل نابێت. هاوکات لەسەر نەزمی ناوچەکە، نەتەنیاهۆ باوەڕی وایە کە دەبێت سەرەتا کۆماری ئیسلامی بڕووخێت، ئەوکات هەموو یاریکەرەکانی دیکە بەرەی خۆیان لەگەڵ ئیسرائیل ڕووندەکەنەوە.

ئایزنکۆت باوەڕی وایە کە ئیسرائیل ناتوانێت کۆماری ئیسلامی بڕووخێنێت، بەڵام دەتوانێت پرۆگرامی ئەتۆمی—مووشەکی و پرۆکسیەکانی لەناو ببات. ئایزنکۆت هەڵوێستێکی مامناوەندی هەیە لەپێش وڵاتانی عەرەبی. بۆ نموونە وەک نەتەنیاهۆ نییە کە هێرشی کردە سەر دۆحەی پایتەختی قەتەر. 

نەفتالی بنێت باوەڕی وایە ئێران وەک ئەختەپووتە (ئۆختاپووس). سەرەکەی لە تارانە و باڵەکانی لە ناوچەکەس، کە دەبێت هەموو باڵەکانی لە ناوچەکە ببڕدرێت، ئەوجا لە سەرەکە بدرێت. نەفتالی بنێت لە ئاینزکۆت توندترە لەهەمبەر ئێران و وڵاتانی عەرەبی و تورکیاش. بنێت باوەڕی وایە کە ئیسرائیل دەبێت قەتەر بخاتە لیستی تیرۆرەوە و نەهێڵێت پاڵپشتی گرووپەکانی ناوچەکە بدات. 

بەهەرحاڵ، تێڕوانینی وڵاتانی عەرەبیش بۆ ئەم هەڵبژاردنەی ئیسرائیل، زۆر سەرنجڕاکێشە. ئەم ماوەیە چاودێری ڕاگەیاندنە عەرەبییەکانم دەکرد، بەشێکیان بەفەرمی داوایان لە حیزبە عرەبە ئیسرائیلییەکان دەکرد کە بچنە بەرەی دژبەری بنیامین نەتەنیاهۆوە و ڕێگە نەدەن حکومەت پێکبهێنێت. حیزبی «ڕعام»، بە ڕێبەری مەنسور عەباس، یەکێک لەو حیزبە عرەبیانەیە کە گومان دەکرێت بیەوێت بچێتە بەرەی دژبەرانی نەتەنیاهۆوە. بەڵام تا ئێستا نەفتالی بنێت و گادی ئایزنکۆت وتوویانە بەهیچ شێوەیەک ناچنە هاوپەیمانی لەگەڵ هیچ حیزبێکی عرەبەکاندا. 

وەک وڵاتانی عەرەبیش، بەشێکیان پێیانخۆشە بنیامین نەتەنیاهۆ ببێتەوە سەرۆکوەزیران. بەڵام بەشێکی دیکەیان هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن ئایزنکۆت چۆک بە نەتەنیاهۆدا دابدات. 
ئەم هەڵبژاردنەی ئیسرائیل، دەرئەنجامەکەی هەرچی بێت، کاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر ئەندازیاری ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە کوردیش بەشێک دەبێت لەم گۆڕانکاریە. ئەگەر لەسەر ئەساسی بەرژەوەندی نەتەوەیی کورد لەم هەڵبژاردنە بڕوانین، هاتنی گادی ئایزنکۆت بەقازانجمان نییە و مانەی نەتەنیاهۆ لە دەسەڵاتدا بۆ ئێمە باشترە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP