دواین هەواڵ

لە پرسی کۆمەڵایەتییەوە بۆ مەرگدۆستیی شۆڕش ئەفسانەی فەڕەنسای شۆڕشگێڕ و چەند خاڵێک دەربارەی ئەوەی ڕوودەدات

‌پێشڕەو محەمەد

11 کاتژمێر پێش ئێستا

 

یەک:
هەموو نەتەوەکان بە گشتیی ئەفسانەیەکی بنەڕەتیان هەیە، واتا ئەفسانەی سەرهەڵدان و ئەفسانەی ناسنامەی نەتەوەیی. بۆ نموونە کورد باسی کاوەی ئاسنگەر و نەورۆز دەکات، ئەڵمانەکان باسی ڕەگەزی ژەرمەنی سەر بە ئارینوسی سوپاسالاری ڕۆمانیی بە ئەسڵ ئەڵمانیان دەکرد، ئێرانییەکان باسی کۆرش و شت دەکەن و ئیتر بەمجۆرە. بەڵام دوای جەنگی ١٩٤٥ ئەم شتە گۆڕا. ئێستا ئەفسانەی نەتەوەیی ئەڵمانیا بریتییە لە «کولتووری بەبیرهێنانەوە» و «کارکردنەوە لەسەر ڕابردوو» و ناسنامە و ئەفسانەی نەتەوەیی فەڕەنسییش بریتییە لە «خاکی شۆڕش». بەو مانایە لە دوای شۆڕشی ١٧٨٩ەوە ئەو ئەفسانەیە کراوەتە وانەی خوێندن کە فەڕەنسا خاکی شۆڕشگێڕانە و هەر بۆیەش بۆ ماوەیەکی زۆر ئەم ئەفسانەیە زۆرترین ڕۆڵی هەبووە لە بڵاوکردنەوەی هەژموونی کولتووریی فەڕەنسا: ١٧٨٩ فەڕەنسا دەکاتە هەژموونی جیهانیی، ١٨٤٨ دەیکاتە ڕێبەری دیموکراسیی، ١٨٧١ دەیکاتە خاوەن ناسنامەی شۆڕشی کۆمۆنیستیی، ساڵی ١٩٦٨ دەیکاتە ناسنامەی شۆڕشی خوێندکاریی و چەپی ڕادیکاڵ. هەموو جارێک فەڕەنسا بووەتەوە چەقی کولتووری جیهانیی، بەڵام بۆ ئەم جارە شتەکە جیاوازە؟

دوو:
شۆڕشی فەڕەنسیی لە ژاکۆبنیزمدا بەجۆرێک لە حەزی خواردنەوەی خوێن و کوشتن ڕۆیشت وایکرد یەکێک لە سەرسەخترین لایەنگرانی شۆڕش لە مێژووی مرۆڤایەتییدا، هێگل بەو ئەنجامە بگەیەنێت بڵێت، «ئەم تیرۆرەی شۆڕش ساردترین و ترسناکترین جۆری بەرهەمهێنەری مەرگە، هێندە ئاسان مەرگ بەرهەمدەهێنێت، وەک بڵێیت ئاسانتر لە لێکردنەوەی سەری کەلەرم یاخود هەڵقوڕاندنی پەرداخێک ئاو، وەها خوێن دەخواتەوە». 

سێ:
ئەوەی ڕوودەدات بەشێکی ئێجگار ڕەوایە، فەڕەنسا لە قەیرانی ئابووریی دایە، قەیرانی سیستەمی پەروەردە و کەمی مامۆستا، لەبەر کەمیی مامۆستا، لە فەڕەنسا کاتی خوێندن بەراورد بە سیستەمە پەروەردەییەکانی دیکە ئێجگار درێژە، زۆجار تا کاتژمێر ٩ی شەو درێژ دەبێتەوە. لەم ڕووەوە ناڕەزایەتیی خوێندکاران ئێجگار ڕەوایە و بابەتەکەش تەنها فەڕەنسیی نییە، بەڵکو ئەم کێشەیە لە زۆر شوێنی دیکە بە خراپتریش هەیە. 

چوار: 
ئەوەی ئەمجارە ئەم ڕاپەڕین و ناڕازییانەی فەڕەنسا لە جارەکانی پێشوو جیادەکاتەوە، و ڕەنگە بەپێچەوانەوە نەک هەژموونی کولتووریی، بەڵکو پێچەوانەکەی بۆ فەڕەنسا بەڕاست بگەڕێت، بریتییە لە بە فەڵەستینییکردن و بەئیسلامییکردنی ناڕەزایەتییەکان. لە ناڕەزایەتییەوە بەرانبەر بە خراپیی سیستەمی پەروەردەوە گوازرایەوە بۆ «بژی فەڵەستین»، «بڕوخێ ئیسرائیل»، «لە ڕووبارەوە بۆ دەریا فەڵەستین ئازاد دەبێت» و هتد. ئێستا ئاڵای فەڵەستین بووەتە ئاڵای ناڕەزایەتیی و ئاڵای بزووتنەوەکە. ئەمجارە بە ئەگەری زۆرەوە ئەم بەفەڵەستینیکردنە زیانێکی گەورە بە ناسنامەی کولتووریی و نەتەوەیی «خاکی شۆڕش» دەگەیەنێت. 

پێنج:
ئەوروپییەکان ماوەیەکی زۆر پێیانوابوو ئیسلامییەکان و کۆچبەران مرۆڤی تەمەڵ و تەوەزەلن و توانای حوکمڕانیی و کۆنتڕۆڵکردنی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانیان نییە، ئەمە لە گوتاری چەپێکیشدا بە ئاشکرا دەبینیت کاتێک بەخێرهاتنی کۆچبەران دەکات و باس لەوە دەکات کە هەرگیز کۆچبەر و ئیسلامیی و موسڵمان نابنە هەڕەشە. بەڵکو هەڕەشەی گەورە ڕاسیزمی ئەوروپییە. ئەم ئایدیایە دوو خاڵی ترسناکی تێدایە: ١) دەڵێت تەنها ئێمەی ئەوروپیی بۆمان هەیە هەم باش بین، هەم خراپ، هەم دەتوانین ڕاسیست بین و هەم دژەڕاسیست، توانای بەڕاسیستبوون و دژە-ڕاسیستبوون هەر هی ئێمەیە و ٢) پێیوایە موسڵمانان/عەرەبەکان مرۆڤی لێقەوماوی بێ زیانن و توانای فرت و فێڵ و کۆنتڕۆڵی شەقام و دامەزراوەکانیان نییە. هەردوو بیرۆکەکە لە خود-سەنتەریی ئەوروپییەوە دێن، جارێک ڕاست ڕابەرایەتیی دەکرد، ئێستا چەپ نوێنەرایەتیی ئەم خود-سەنتەرییە خۆکوژییە دەکات. 

شەش:
حەزی توندوتیژیی و کوشتن و وێرانکاریی بەشێکی سەرەکیی مرۆڤە بەگشتیی، بەڵام مرۆڤی شارستان بەهۆی پەروەردەی مەدەنییەوە ئەم حەزی وێرانکارییەی تێدا کەم دەبێتەوە و یاسا مەدەنییەکان وای لێدەکەن پێیوانەبێت مافی ئەوەی هەیە پەلاماری موڵک و ماڵی ئەویدیکە بدات. بۆرژوازیی ئەوروپیی لە داهێنانی یاسای پاراستنی مافی خاوەندارێتیی تایبەت، لە سێ سەد و پەنجا ساڵی ڕابردوودا مرۆڤی ئەوروپیی لەسەر بیرۆکەی هێرشنەکردنە سەر موڵک و ماڵی ئەویدیکە ڕاهێناوە. موسڵمانان و کۆمۆنیستەکان بە دوو هۆ دژی ئەم بیرۆکەیەن: موسڵمانان پێیانوایە کاڵا و سامانی مرۆڤی ناموسڵمان و کافر حەڵاڵە بۆ مرۆڤی موسڵمان و کۆمۆنیستەکان پێیانوایە مافی خاوەندارێتیی تایبەتی بۆرژوازیی، دزییە لە هەژاران. بۆیە دەستبەسەرداگرتنی ڕەوایە. بۆیە تا ئێستا نە هیچ ئیسلامییەک، نە هیچ کۆمۆنیستێک لە ئاستی دونیادا ئیدانەی ئەم تاڵان و بڕۆیەی فەڕەنسای نەکردووە. 

حەوت:
هەڵبەت دەکرێت باسی بەرژەوەندیی دەرەکییش بکەین، بەتایبەت ڕووسیا. ئەوروپا، بەپلەی یەک ئەڵمانیا و فەڕەنسا لەڕێگەی یارمەتیدانی ئۆکرانیاوە، ڕووسیایان هیلاک کردووە، بەڵام هاوکات زۆرترین پارەی دانیشتووانی ئەوروپیی و گیرفانی مرۆڤی کارکەر و خاوەن پیشەیان دۆشیوە و دەیکەن بە چەک و پارە و بۆ ئۆکرانیای دەنێرن، ڕاستڕەوەکان و چەپڕەوەکان دژی ئەمەن، پوتینیش دەیەوێت یارمەتیی ئەوروپیی بۆ ئۆکرانیا بووەستێت. ماری لوپێنی سەرۆکی بەرەی ڕاستڕەوی فەڕەنسیی هەم دژی یەکێتیی ئەوروپایە لە یارمەتیدانی ئۆکرانیا و دەڵێت بێتە دەسەڵات هەم پەیوەندیی لەگەڵ ڕووسیا ئاسایی دەکاتەوە و هەم یارمەتیی دارایی ئۆکرانیا دەبڕێت و هەم ساڵانێکی زۆریشە باس لە ترس و هەڕەشەی ئیسلامیی و موسڵمانان دەکات، لەبەرئەوەشە میدیای ڕووسیا ئێستا زۆرترین تەرکیزی لەسەر ئەم لایەنەیە. بێگومان هەردوو حاڵەتەکە پڕن لە ڕاستیی: هەڕەشەی کۆچبەرانی موسڵمان و ئەو قورساییەی جەنگی ئۆکرانیا خستوویەتییە سەر کۆمەڵگەی ئەوروپیی، بەڵام ئایا ئەمە فەڕەنسا بەرەو کوێ دەبات؟ 

هەشت:
بەشی زۆری ئەو یاخیبوون و پشێویی و ئاژاوانەی فەڕەنسا لەژێر ناوی «بسمیلا»دا ڕوودەدەن و ئێستا دەیانەوێت بیگوازنەوە بۆ ئەڵمانیاش، بەوەدا هەم ئەم خەڵکانە زۆرن و هەمیش ئەڵمانیا حەزی لە لاساییکردنەوەیە، بەڵام وەک مارکس دەیگوت فەڕەنسیی لە شەقامن، ئەڵمانیی لەنێو هزردا نوقمن. ئەڵمانیا خاوەن ئەفسانەی «خاکی شۆڕش» نییە. بەڵام لە شاری کۆڵن دوێنێ شەو بە ناوی «بسمیلا»وە هاتنە دەرەوە، پۆلیس ناردنیەوە ماڵەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP