قسەکانی عەلی زەیدیمان بینی، ئەی پێشنیازی بەدیلی نوێنەرانی گەل چی بوو؟!
سەرنج بدەن، پێرێ بڕیاربوو تەنها وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی بانگهێشتی پەرلەمانی عێراق بكرێن.
بەڵام دوای هەراوزەنای پەرلەمان، پێشنیازێک هاتە پێشەوە کە ئەو دوو بەرپرسە تەنها بانگهێشتی لیژنەی دارایی بكرێن وەک لیژنەیەکی پسپۆڕ.
دواتر بە ناوی ڕێگریکردن لە لێدوانی پۆپۆلیستی، فەوزا، پێدانی زانیاریی ناڕاست بە هاووڵاتیانی عێراق و بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی، هەردوو پێشنیازەکە بەلاوە نران.
واتە وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی نە چوونە هۆڵی پەرلەمان و نە چووشنە لیژنەی دارایی.
دواتر پێشنیازێکی نوێ لە نێوان سەرۆکی حکومەت، سەرۆکی پەرلەمان و بەشێک لە سەرۆک فراکسیۆنەکان گەڵاڵە بوو، کە سەرۆکی حکومەت، وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی بچنە پەرلەمان و (کۆبوونەوەیەکی تایبەت) تەنها لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان بکەن.
ئەوە بوو لە درەنگانی شەودا ئەو کۆبوونەوەیە کرا.
لێرەدا ئەوەی مایەی پرسیارە، تەنها ڤیدیۆی قسەکانی سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی بڵاوکراوەتەوە.
زۆر بە تەحەداوە (وەک ئەوەی لە هۆڵی ئەنجومەنی وەزیراندا قسە بۆ وەزیرەکانی بکات) قسە دەکات و هەمووان گوێی بۆ دەگرن.
لە بەشێکی قسەکانیدا دەڵێت: “ئەگەر ئێوە بژاردەیەکی باشترتان لەمەی من هەیە، ئەوا من ئامادەم و هاتووم گوێتان لێ بگرم!”
سەرنج بدەن؛ هەم ئەم تەحەدایەی زەیدی، هەم بێدەنگی و سەرلەقاندنی بەشێک لە سەرۆک فراکسیۆنەکان وەک لە ڤیدیۆکەدا دیارە، هەروەها تا ئەم ساتەش نەبوونی ڤیدیۆی قسە و پێشنیازی سەرۆک فراکسیۆنەکان؛ ئاماژەن بۆ ئەوەی هیچ فراکسیۆنێکی ناو ئەو پەرلەمانە هیچ پرۆژە و بەدیلێکیان نەبووە بیخەنە ڕوو.
خۆ ئەگەر لەلایەن سەرۆک فراکسیۆنەکانەوە پرۆژە، پێشنیاز و قسەیەکی جدی هەبووایە، ئەوا دوو جاران مەفرووز بوو قسەکانی ئەوانیش وەک قسەکانی عەلی زەیدی بۆ ڕای گشتیی خەڵکی عێراق بڵاو بكرێنەوە، بۆ ئەوەی خەڵک بزانن نوێنەرەکانیان چ پێشنیازێکی باشتریان هەبووە بۆ چارەسەری کورتهێنانی بودجە و ڕێگریکردن لە گرانکردنی نرخی دۆلار؟!
ئەمە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی هەر لە سەرەتاوە عەلی زەیدی، ستافەکەی حکومەت و تەنانەت سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش زانیویانە لەو پەرلەمانەدا هیچ پێشنیازێکی جدی لە گۆڕێدا نییە؛ وە ئەوەشیان زانیوە ئەگەر بچنە بەردەم پەرلەمانتاران، ئەوان دەست دەکەن بە دروشمدان و موزایەدە، هەربۆیە شەو درەنگێک پەرلەمانتارانیان ئەفەرۆز کرد و عەلی زەیدی بە پێی خۆی ڕۆشتە بەردەم سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان و زۆر بێمنەتانە قسەی خۆی کرد!
لە دۆخێکی لەم جۆرەدا، ئیدی ئەوەی عەلی زەیدی دەیکات تەنها بڕیاری حکومەت نییە، بەڵکو ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ئۆکەی و ڕەزامەندیی هەموو فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی لەسەرە.
من خوازیارم ئەم بڕیارە بە قازانجی خەڵکی عێراق بشکێتەوە (هەرچەندە بە دووری دەبینم).
بەڵام بە ڕای من، هەرچەندە لەگەڵیشیدا نەبم، ئەوەی زەیدی دەیکات، چاک یان خراپ، ڕوئیا و پرۆژەیە؛ وا بە ئازایانە داکۆکیی لێ دەکات و دەشڵێت: تەحەمولی مەسئولیاتی دەکەم.
ئەوەشی پەرلەمانتارانی بەڕێز دەیکەن، جگە لە فەوزا، سەرگەردانی و بەشێکیشی (هیچ نەزانی)، هیچی تر نییە.
سەرئەنجام لەو مەسەلەیەدا زەیدی توانی لە پەرلەماندا غوسڵی خۆی دەربکات؛ هەم پرۆژەی خۆی شەرعاند، هەم هێزی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی بەسەر دەسەڵاتی یاساداناندا سەپاند!
هەم بە خەڵکی عێراقی گووت: پەرلەمان و پەرلەمانتاران ئەهل و شوێنی گفتوگۆ و بڕیارە هەستیارەکان نین.
تکایە تکایە، حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێرە بەم قسانەم تووشی هەستیاری مەبن؛ من باسی مەنزومەیەکی گەورە و، دەیان حیزب و سەدان پەرلەمانتاری عێراقی دەکەم، کە هەم دووڕوون، هەم ئەگەر فەیسبووک و میدیا و مۆبایلەکانیان لێ وەربگریتەوە، ئیشێکیان نیە بۆ کردن.