دواین هەواڵ

گەمارۆی سێیەم، کاتێک یەمەن دەبێتە کارتی گوشاری ئێران لە دوو گەرووی جیهانیدا

‌حەسەن ئەحمەد مستەفا

6 کاتژمێر پێش ئێستا

سەرەتا هەموو جەنگێک ساتێک بەرهەم دێنێت کە تێیدا شانۆیەکی لاوەکی لەناکاو دەبێتە شانۆیەکی سەرەکی. بۆ جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا، ئەو ساتە ئێستایە و شوێنەکەشی یەمەنە. ئەوەی ئەم مانگە لە کەناراوەکانی دەریای سوور ڕوودەدات، هێرشێکی حوسییەکانە و گەمارۆی سێیەمە بۆ سەر گەمارۆکانی ئێران و ئەمریکا  بۆ یەکەم جار لەم جەنگی شەش مانگەدا، و گوشارێکی هاوکات دەخاتە سەر هەردوو گەرووە دەریاییە گەورەکەی ناوچەکە. تێگەیشتن لەوەی بۆچی ئەمە گرنگە، پێویستی بە تێپەڕاندنی ڕیزبەندی ڕووداوەکان هەیە.

با شرۆڤەکە دابەشی شەش خاڵی جەوهەری بکەین بزانین چ وێنەیەکی ڕوونمان دەست دەکەوێت.

یەکەم: بەڕاستی چی ڕوودەدات، ئەوە چ بوو لەنکاو سەرنجی هەموانی بردە یەمەن؟

هێزەکانی حوسی لە سەرەتای مانگی ئەیلولدا کۆنترۆڵی بەندەری مۆخایان کرد لە دەریای سوور، ئەمەش پاش هێرشێکی خێرا هات کە نزیکەی هەفتەیەک پێشتر دژی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی یەمەن لە تەعیز دەستی پێکردبوو. هێزەکانی نزیک لە سعوودیە بەرەو باشوور بەرەو زوباب کشانەوە. لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا، هێزگەلی حوسییەکان دەستیان بەسەر دوورگەی پریمیشدا گرت (کە پارچە زەوییەکە بە ڕووبەری 13 کیلۆمەتری چوارگۆشە کە گەرووی باب ئەلمەندەب دابەش دەکات بۆ دوو کەناڵی هاتووچۆی دەریایی) لەگەڵ دوورگەکانی حەنیش، بە جۆرێک کە تاوەکو ناوەڕاستی ئەیلول، کۆنترۆڵێکی ستراتیژی کاریگەری بەسەر تەواوی کەناراوەکانی یەمەن لە دەریای سوور و خودی گەرووەکەدا بەدەست هێنا. کۆنترۆڵکردنی دوورگەی پریم بەتایبەتی گرنگییەکەی لە قەبارەکەی زیاترە و ڕێگە بە چاودێریکردن و لە ئەگەریشدا بە مینڕێژکردنی تەنگترین خاڵی ڕێڕەوە ئاوییەکە دەدات.

گرنگی ستراتیژیی ئەم ناوچەیە بەهۆی جەنگە سەرەکییەکەوە بەڕادەیەکی زۆر گەورەتر بووە. باب ئەلمەندەب هەمیشە مایەیی سەرنج و دڵڕاوکێ بوو بە پانیی دوانزە میل، ڕۆژانە نزیکەی 6.2 ملیۆن بەرمیل نەوت و بەرهەمی پاڵاوتە دەگوازێتەوە، لەگەڵ نزیکەی 80 لەسەدی ئەو گازە سروشتییە شلەیەی (LNG) کە بەرەو باکوور بۆ ئەوروپا دەنێردرێت. بەڵام لەوەتەی ئێران گەرووی هورموزی داخستووە، عەرەبستانی سعوودی زیاتر لە 70 لەسەدی هەناردەی نەوتی خاوی خۆی ئاڕاستەکەی گۆڕیوە و دەیگوازێتەوە بۆ بەندەری یەنبوو لە دەریای سوور بەمەبەستی خۆلادان لەو داخستنە ( واتە باب ئەلمەندەب لە ماوەی شەش مانگدا لە ڕێڕەوێکی لاوەکیی گرنگەوە بووە بە هێڵی سەرەکیی ژیانی سعودییەکان). کۆنترۆڵکردنی گەرووەکە لەلایەن حوسییەکانەوە تەنها هەڕەشە لە "یەکێک" لە ڕێڕەوەکانی هەناردەکردنی سعوودیە ناکات، بەڵکو هەڕەشە لەو ڕێڕەو جێگرەوەیە دەکات کە سعوودیە بە مەبەست دروستکردبوو چونکە ڕێڕەوی سەرەکییەکەی(هورمز) پێشتر لەلایەن ئێرانەوە داخراوبوو.

سەرەڕای ئەمەش، هێرشێکی درۆنی کە تڕەمپ بە ئاشکرا خستییە ئەستۆی ئێران، بووە هۆی ڕاگرتنی کاتیی هێڵی بۆریی ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوای سعوودیە، ئەو ڕێڕەوە وشکانییەی کە لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا نەوتی خاوی لە کێڵگەکانی ڕۆژهەڵاتەوە دەگواستەوە بۆ کەناراوەکانی دەریای سوور، بە تایبەت بۆ ئەوەی خۆی لە هورموز لابدات. شایەنی باسە، ریاز دانی بەخۆیدا گرت لە ئەنجامدانی وەڵامدانەوە، ئەوەش دوای ئەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی الزێدی، لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا بە شێوەیەکی کەسی داوای کاتێکی زیاتری کرد بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هێرشەکانی لەم شێوەیە، وردەکارییەک کە ئەم چیرۆکە راستەوخۆ دەگوازێتەوە سەر باسی گرووپە چەکدارەکانی عێراق کە بە درێژایی ئەم مانگە چاودێریمان کردووە. ژمارەکانی خودی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە (IEA) پێ بە پێ داکشان دەردەخەن. خستنەڕووی نەوتی خاوی سعوودی لە مانگی ئابدا دابەزی بۆ 6 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، کە نزمترین ئاستە لە ماوەی زیاتر لە سی ساڵی ڕابردوودا، هەروەها ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە پێشبینیی بەرهەمهێنانی سعوودیەی بۆ ساڵی 2026 بە بڕی 885 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەم کردەوە.

ڕاستە حوسییەکان بە ڕووکەش دڵنیاییەکیان بە دارودەستەی ترەمپ داوە کە گواستنەوە بەردەوام دەبێت، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە:  ئێران شەش مانگی ویست بۆ داخستنی دەروازەی پێشەوە (هورموز)؛ یەمەنیش دەروازەی دواوەی (باب ئەلمەندەب) داخست لە هەمان ئەو کاتەی  کە ڕێڕەوی جێگرەوە لە ناوەڕاستدا (هێڵی بۆریی ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوا) لێی درا. جوگرافیای نەوتیی عەرەبستانی سعوودی، کە چەندین دەیەی خایاند تاوەکو هەمەجۆری بکات بە تایبەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاکە ڕێگەی پڕمەترسی هورمز، کەم کراوەتەوە بۆ تەنها یەک پرسیاری کێبڕکێ لەسەر: ئایا هیچ ئومێدێکیان ماوە. 

دووەم: لێدوانەکەی ڤانس، و ئەوەی کە "ئێمە گفتوگۆمان لەگەڵ حوسییەکان هەیە" شایەنی ورد بوونەوەی جدییە، جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەی دی ڤانس لە 14ی ئەیلولدا بە ڕوونی ڕایگەیاند: (ئێمە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ خودی حوسییەکان ئەنجام دەدەین. بۆیە ئێمە بەڕاستی باوەڕمان وابووە کە دۆخەکەمان لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە.) ئەوەشی گووت کە واشنتن لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ هەریەکە لە عەرەبستانی سعوودی و ئیمارات، و فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) و هەمان ڕۆژیش لە جەددە لەگەڵ شازادەی جێنشین محەممەد بن سەلمان کۆبووەوە.

 جا وەرە ئەمە لە بەرامبەر ڕاستییەکانی مەیدانیی پێکدادانەکە بخوێنەوە، و دژایەتییەکە زیاتر لەوەی بۆ واشنتن شەرمەزارکەر بێت، لەوانەیە شتێکی دیکە بێت، ئەوە دژایەتی هێزێکی گەورەیە کە دانوستان لەگەڵ لایەنێک دەکات کە هاوکات چاودێری زیاد بوونی کاریگەرییەکەی دەکات لە کاتی ڕاستەقینەدا. ڕستەی "دۆخەکەمان لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە" لە هەموو ئەو دووبارەو دەبارە بوونەوە هەواڵییەی 24 کاتژمێرییەدا دەوترێت کە تێیدا هێزەکانی حوسی کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی کەناراوێکی نەتەوەیی و گەروویەکی ستراتیژی نێودەوڵەتی تەواو دەکەن. ئەو مەودایە لە نێوان کۆنتڕۆڵی ڕاگەیەندراو و ڕاستییە بینراوەکەدا هەڵەی درکاندنی وشە و ڕستەی قسان نییە،  بەڵکوو کاتێک هێزێکی وەک حوسییەکان سەرکەوتنە مەیدانییەکەی زۆر لە پێش توانا دیپلۆماسیەکەیدایە هەموان دەبێ دەست بە ئومێدێکی لاوازیش بێت بگرن.

 بێ تاقت مەبە لە شوێن پێ هەڵگرتنی ئەم نوسینە با پێکەوە بگەڕینەوە بۆ : واشنتن پێشتر بەجدی لەم جۆرە پەیوەندییەی لەگەڵ حوسییەکاندا هەبووە ( بە کورتی لە ساڵی 2019 لەژێر خولی یەکەمی ترەمپدا، و دووبارە لە ڕێگەی کەناڵی لاوەکییەوە لەو کاتەوە) و لە نزیکەی هەموو حاڵەتێکدا، خودی بەرپرسانی حوسی بە شێوەیەکی گشتی تەنها خودی بوونی پەیوەندییەکەی ئەمریکایان وەک بڕواداربوون بە شەرعییەتەکەیان بەکارهێناوە، نەک وەک هەنگاوێک بەرە چەمانەوە و تەسلیم بوون. لێدوانەکەی حەمید عاسم، بەرپرسی باڵای حوسییەکان لە ساڵی 2019 دا، شایەنی ئەوەیە وەک خۆی بیهێنینەوە کە گووتی: قسەکردن لەگەڵیان لەلایەن واشنتنەوە لە ناوخۆدا وەک "سەرکەوتنێکی گەورە" سەیر دەکرێت، کە ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی بزووتنەوەکە لەسەر حق بووە کە شەڕی کردووە. هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی بیر بکەینەوە کە ئەو دینامیکە گۆڕاوە؛ ئەگەر شتێک هەبێت، ئێستا حوسییەکان هێزی کاریگەریی زۆر زیاتریان هەیە بۆ سەلماندنی هەمان ماف و ڕێبازی خۆیان.

سێیەم: بۆچی سیناریۆیی سوریا لە یەمەن دووبارە نەبۆوەو ئەم ناوەندەی بەرەی ئێرانیش لەناو نەبرا.
شیکارییە بەراوردکارییەکەی خودی سەنتەری سەنعا، کە لە دەستپێکی ڕووداوەکانی کەوتنی ئەسەددا بڵاوکرایەوە، شایەنی باسە بەو پێیەی کە پێش ئەوەی هیچ کەسێک بزانێت چیرۆکی حوسییەکان لەم ساڵدا چۆن بەرەو پێش دەچێت نووسراوە، کە ئەمەش گومانەکە زیاتر نەک کەمتر دەکات.

 قسە سەرەکییەکەی لێرەیە کە سەرەڕای ئەوەی یەمەنییەکانی ناو بەرەی دژە حوسی هیوایان بە داڕمانێکی سەرسوڕهێنەری لە شێوازی سووریادا هەبوو، و سەرەڕای ئەوەی بەشێوەیەکی ڕووکەش ڕاستە، هەردوو بزووتنەوەکە لایەنگری ئێرانن، هەردووکیان مۆدێلی حوکمڕانی یەک فۆڕمی قۆرغکاری سەرەڕۆیان دروستکردبوو، هەردووکیان سەنگەری گرنگ بوون لە بەرەی مقاوەمەتدا، بەڵام فۆڕمە بنەڕەتییەکانیان لێک جیاوازن. ڕژێمی ئەسەد لە ماوەی پێنج دەیەدا ببوو بە دەوڵەتێکی کلۆربووی شەخسی کە تێیدا تەنانەت لایەنی سەربازیش لە ئاستی باڵاو خوارێ باوەڕیان بەو سیستەمە قۆرغکراوە لەدەستدابوو کە بەرگرییان لێ دەکرد؛ خێرایی داڕمانەکەی گوزارشت بوو لە گەندەڵی ناوخۆیی دەیان ساڵە لە بەرامبەر کەمترین بەرگریدا.

شیکارییە نوێیەکەی پەیمانگای ئەنتەرپرایزی ئەمریکی (AEI) هۆکارە ڕیشەییەکە باس دەکات، کە بۆچی حوسییەکان لەگەڵ ئەو مۆدێلە نایەنەوە، و ئەوەش ئەو خاڵەیە کە زۆرترین جەختی لەسەر دەکەمەوە لە دیدارەکانی گەنگەشەی سیاسیشدا: حوسییەکان پێکهاتەیەکی تەواو ئاڵقە لەگوێی دەرەکی نین بەو چەشنەی بەشار ئەسەد بوو. ئەوان لە نەریتی سیاسی و ئاینی زەیدی شیعیی خودی یەمەندا ڕیشەیان هەیە( بنکەیەکی تایفەیی و هۆزگەرایی ڕەسەنی خۆجێیین، نەک بە پلەی یەک بەرهەمی پاڵپشتی دەرەکی بن). پشتیوانیی ئێرانی جدی و مەیدانی بووە (ڕاهێنەرانی سوپای پاسداران، چەکی قاچاغ و توانای بەرهەمهێنان، ڕێڕەوەکانی گواستنەوە لە ڕێگەی جیبوتی و عومانەوە)، بەڵام شیکاریی ئەنتەرپرایز دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە حوسییەکان ئێستا بەشێکی زۆر لە توانای سەربازیی خۆیان بە شێوەی خۆجێیی بەرهەم دێنن، بزووتنەوەکە هەروەها پشتیوانییەکی ماددی پتر لە چین بەدەست دەهێنێت، کە چین خۆی بەرژەوەندییەکی سەربەخۆی هەیە لە کۆنتڕۆڵکردنی گەرووی باب ئەلمەندەب بێ گوێدانە ئەوەی چ بەسەر ئێراندا دێت. ئەمەش مانای ئەوەیە کە حوسییەکان لانیکەم دوو پەناگەی پتەویان هەیە

(ڕەگ و ڕیشەی خۆجێیی تایفەیی و ئێستا خاوەنی پاڵپشتێکی دووەمی دەرەکییە) کە ڕژێمی ئەسەد هەرگیز خاوەنی نەبوو کاتێک پشتیوانیی ڕووسی و ئێرانی نەما. دەستەواژەی ڕوون  و راشکاوانەکەی ئەنتەرپرایز مایەیی سەرنجە کە نوسی: چاوەڕێ بکەن کە حوسییەکان لە خودی کۆماری ئیسلامی زیاتر بمێننەوە، چونکە هاندەری پەکین بۆ پشتیوانیکردنیان وەک ئامرازێکی گوشار لەسەر ڕێڕەوە دەریاییەکانی ڕۆژئاوا هیچ پەیوەندییەکی بە مۆرک و بنەمای ئێرانەوە نییە.

ڕاستە کە ناسنامەی تایفەیی هۆکارێکی ڕاستەقینە و پەیوەندیدارە بۆ تێگەیشتن لە ڕەوتی ڕووداوەکان، بەڵام بە شێوازێکی جیاواز ڕۆڵی خۆی دەبینێت لەوەی کە بەراوردکارییەکەی سووریا پێمان دەڵێت. بۆیەش وای لێ نایەت کە ناسنامەی شیعی ڕێگری لە داڕمانی حوسییەکان بکات، هەروەها ئۆپۆزسێۆنی سووریا سووننە بوو، کە بووە هۆی ئەوەی کە داڕمانی ئەسەد گونجاو بێت( خودی حوسییەکان بە وریاییەوە لە پەیامە ناوخۆییەکاندا خۆیان لە تێوەگلانی تایفەیی دوور خستووەتەوە، چونکە دانیشتووانی یەمەن بە ڕێژەیەکی زۆر سوننە-شافعین و کۆمەڵگەی شیعی زەیدی مێژووییەن لە باکووردا کۆبوونەتەوە). میکانیزمی ڕاستەقینە نزیکە لەوەی کە ڕاپۆرتەکانی نیو ئارەب (New Arab) دەربارەی کاردانەوەی حوسییەکان بەرانبەر بە کەوتنی ئەسەد بە ڕوونی تۆماری کرد، کە سەرکردایەتی حوسی دوای کەوتنی ئەسەد بە ئاشکرا نیگەران بوون چونکە بە وردی تێگەیشتبوون لە مەترسیی گواستنەوەی ناوبانگی خراپ، لێدوانی گشتیی بەرپرسێکی حوسی کە بزووتنەوەکەی لە ئەسەد دوور خستەوە و وتی کە کەوتنی سووریا خزمەت بە "بەرژەوەندییەکانی زایۆنیسزم" دەکات، ئەوە دەردەخات کە سەرکردایەتییەک خەریکی بەڕێوەبردنی هاوشێوەییە نەک ئەوەی دڵنیا بێت لەوەی کە بەسەریاندا جێبەجێ نابێت.

چوارەم: دەسکەوتەکانی ئێرن چین لەم پەرەسەندنە نوێیانەدا؟

لێرەدا قازانجی تیۆریی هەموو ئەوەی لە سەرەوە باس کرا گرنگە. چونکە چەندین سەرچاوە لەسەر یەک خوێندنەوە کۆبنەوە، و شایەنی ئەوەیە بە گرنگ وەربگیرێت: ئێران پێگەی دووەم و سەربەخۆی لە کاریگەری جوگرافی بەدەست هێناوە کە پشت بە چارەسەرکردنی قەیرانی گەرووی هورموز بە بەرژەوەندیی خۆی نابەستێت.

شیکەرەوەکانی ئەلمۆنتۆر ئەمە بە وردی وەک داینامیکی ناوەکیی ئەم جەنگە لە قەبارەیەکی بچووکدا دەبینن: کۆنترۆڵی حوسییەکان لە نزیک باب ئەلمەندەب " دەشێت پێگەی حوسییەکان لە دەوروبەری خاڵە گرنگەکەی بازرگانیی جیهانی بەهێزتر بکات." کە ئەمە کاریگەرترە لە پێگەی هورمز بۆ ئێران. شیکەرەوەیەکی ئەمنیی ناوچەیی کە لە ڕاپۆرتەکانی کەنداوی پەیمانگای ئەنتەرپرایزدا هاتووە، ئەلزورقا، لۆژیکی ستراتیژی بە ڕوونی دەردەخات: کۆنترۆڵکردنی پێگەکان لەسەر گەرووەکە (کارتی گوشارێکی زیادە دەداتە دەست تاران دژی بەڕێوەبەرایەتی تڕەمپ، بەتایبەت ئەگەر گوشار لە باب ئەلمەندەب هاوکات بێت لەگەڵ قەیرانێکی بەردەوام لە هورموزدا) و بە جیا هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکات کە ئێران "ڕۆڵێکی ناوەکی هەبووە لە پلاندانان، ڕاهێنان، پشتیوانی لۆجستیکی و چەکدارکردنی" چالاکی حوسیێەکان"، بە ئاماژەکردن بۆ شێوازە ناسراوەکانی سوپای پاسداران لە شێوازی هێرشەکاندا.
گرنگیی تیۆری شیکردنەوەکە ئەوەیە کە خوێنەران لێی تێگەیشتبن کە: ئێران بە شێوازێکی کاریگەر دەسەڵاتی زۆرەملێی خۆی دابەش کردووە بەسەر دوو خاڵدا کە لەلایەن دوو لایەنی جیاوازەوە کۆنتڕۆڵ کراون؛ دەوڵەتی ئێران ڕاستەوخۆ لە هورموز، و لایەنێکی نادەوڵەتی هاوپەیمان(بەڵام) سەربەخۆ لە باب ئەلمەندەب. ئەمە پێگەیەکی ستراتیژیی تەواو جیاوازە لە پشتبەستن بە تەنها هورموز، ماناکەی ئەوەیە کە گوشاری ئەمریکی یان سعوودی کە ئامانج لێی هورموز بێت، کاریگەری لەسەر بابلمەندەب نییە، و بە پێچەوانەشەوە.

پێنجەم: ئەوەی کۆبوونەوەکەی مەسقەتی هەڵوەشاندەوە گرنگتر بوو لەوەی کۆبوونەوەی بۆ دەکرا.
کۆبوونەوەیەک کە بڕیار بوو لە ڕۆژی دووشەممە 14ی ئەیلول لە عومان بەڕێوە بچێت، وەزیرانی دەرەوەی ئێران، عێراق و وڵاتانی ئەنجومەنی هاوکاری کەنداوی تێدا کۆببنەوە (بێ بەحرەین کە پێشتر ناڕەزایی دەربڕیبوو) بەتایبەت بۆ پرسی نێوان ئێران و عومان، بۆ ڕێکخستنێکی کاتی هاتوچۆی دەریایی لە هورموز( هەمان ئەو چوارچێوەیەی کە لە دانیشتنەکانی پێشویاندا باسی لێوە کرا). وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت کە عەرەبستانی سعوودی داوای دواخستنی دانیشتنی 14 ئەیلولی کرد؛ وەزیری دەرەوەی عومان بەدر بن حەمەد بن حەموود ئەلبووسەیدی پشتڕاستی کردەوە کە کۆبوونەوەکە هەڵوەشاوەتەوە "لەپێناوی کۆدەنگی،"لە هەمان کاتدا پشتڕاستی پابەندبوونی بەردەوامی مەسقەتی کردەوە بۆ دیالۆگ. وتەبێژی وەزارەتی ئێرانی ئیسماعیل بقایی دواخستنەکەی بە "هەلێکی لەدەستچوو" وسف کرد و ڕایگەیاند کە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەکە بۆ پەرەسەندنەکانی یەمەن دەگەڕێتەوە کە بریتییە لە لادانێک لە هۆکارە بنەڕەتییەکانی ئەم قەیرانە، کە مەبەستی ئێران زیاتر ڕۆڵی سعودیەیە لە هەڵوەشاندنەوەی دانیشتنەکە.
کاتێک ورد دەبینەوە، ئەم هەڵوەشاندنەوەیە کارەساتی دیپلۆماسی نییە، بەڵکو عەرەبستانی سعوودی بڕیارێکی ستراتیژیی ڕوون دەدات، واتە ڕەتکردنەوەی دانیشتن و دانوستان لەسەر چارەسەرێکی بەشەکیی هورموز لەگەڵ ئێران لەو ساتە هەستیارەدا کە هێزە هاوپەیمانەکانی ئێرانی (حوسییەکان) خەریکن دەست دەگرن بەسەر ڕێڕەوی جێگرەوەی هەناردەکردندا. ئەو ڕیزبەندییە پێمان دەڵێت کە ریاز، گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە دانوستاندن لەگەڵ تاران سەبارەت بە هورموز ڕێک لەوکاتەدا کە  لە باب ئەلمەندەبیشەوە گوشاری لەسەرە، بە مانای دانوستاندندن دێت لە پێگەیەکی لاوازی کەڵەکەبوودا نەک لە پێگەی هێزدا، باشترە کۆبوونەوەکە دوابخرێت تاوەکو بەرەی یەمەن سەقامگیر دەبێتەوە، تەنانەت ئەگەر باجەکەی ئەوەش بێت کە پرسی هورموز بۆ ماوەیەکی زیاتر بێچارەسەر بمێنێتەوە. بەرپەرچدانەوەکەی ئێران( کە سعوودیە یەمەن وەک بیانوو بەکاردەهێنێت) ئەوەیە کە تاران دەیەوێت گووتارەکە بەوشێوەیە بگەێنێت کە ڕیاز خۆی لە پێویستییەکی ناچار 

ی دەدزێتەوە، تاران نایەوێت پڕووپاگەندە بە سەرکەوتنی حوسییەکانەوە بکات، دەنا لە ڕاستیدا پەرەسەندنی یەمەن ئەومێزەی هەڵگێرایەوە کە بڕیار بوو لە مەسقەت لە دەوری کۆببنەوە. هەردوو حکوومەتی سعودیەو ئێران چیرۆکێک دەگێڕنەوە سەبارەت تێکچوونی کۆبوونەوەکە کە خزمەت بە پێگەی خۆیان دەکات، ئەمەش ئەزموونه مەیدانییەکەیە و تەنانەت کردن و نەکردنی دانوستانیش بووەتە مەیدانێکی جەنگی گووتارێکی کێبڕکێکار لەم جەنگەدا، نەک ڕاستییەکی بێلایەن.
عەرەبستانی سعوودی لەم دواییانەدا "پەیمانی مەککە"ی لەگەڵ تورکیا و پاکستان واژۆ کرد؛ کە ڕێککەوتنێکی بەرگریی هاوبەشە و ئامانج لێی دروستکردنی تۆڕێکی ئەمنیی فرەلایەنە (وەک ئاڵوگۆڕی هەواڵگری و سیستەمی بەرگریی مووشەکیی هاوبەش). ئەم هەنگاوە وەرچەرخانێکی گەورەیە و نیشان دەدات کە ریاز ئیتر تەنها پشت بە پەرژینی ئەمنیی ئەمریکا نەبەستووە، بەڵکو دەیەوێت سەرچاوەی هێزەکەی هەمەجۆر بکات. ئەمەش تەواو یەکدەگرێتەوە لەگەڵ ئەو باوەڕەی کە پێشتر باسی لێوە کرا؛ کە وڵاتانی کەنداو ئێستا لە پڕۆسەی دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی قەبارەی متمانەی خۆیانن بە ئەمریکا. بە کورتی، سعوودیە لەم کاتە هەستیارەدا بۆ ئەوەی خۆی لە لاوازی و گەمارۆدانی هاوکات بپارێزێت، خەریکی دابەشکردنی مەترسییەکان و دۆزینەوەی پشتیوانیی نوێیە لە دەرەوەی واشنتن.

شەم: دۆخی ئێران لە سایەیی گەمارۆکانی ئەمریکا و تێچووە ئابوورییەکان بۆ ئێران.
زیانەکانی ئێران ڕاستەقینەن و نابێت بە سادەیی فەرامۆش بکرێن تەنها لەبەر ئەوەی تاران کاریگەریی نوێی لە شوێنێکی تر دروستکردووە. وەک پێشتر باس کرا، هەڵمەتی "ڕۆژی D ی ئابووری"ی ترەمپ لە 24ی ئابدا ڕاگەیەندرا، کە ڕاستەوخۆ سزاکانی لەسەر ئێران چڕکردەوە، تانکەرە قاچاخبەرەکان، کۆمپانیا شاردراوەکان(داپۆشراوەکان)، نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕ، کەناڵەکانی زێڕ و سامانی دیجیتالی، لەگەڵ نزیکەی 60 ناوەند کە دیاری کراون لە چین، هۆنگ کۆنگ، مالیزیا، ئیمارات و سەنگاپوور لە خولی یەکەمدا. خودی سەرۆک کۆماری ئێران دان بەوەدا دەنێت کە گەمارۆ و سیستەمی سزاکان هەناردە و هاوردەی وڵاتی بە نزیکەی 35 لەسەد کەم کردووەتەوە.

لامان سەیر نەبێت لێرە ڕووبەڕووی دۆخێکی نوێ سەبارەت بە ڕۆڵی چین دەبینەوە، دانیەل فرید لە ئەنجومەنی ئەتڵەس بەو وشانە وەسفی کرد و وتی: "لێدانێکی کوشندەی ئابووری ئێران لە ئارادا نییە. هۆکاری بنەڕەتی ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە سەرکەوتنی هەڵمەتەکە پشت بە خواستی چین دەبەستێت، کە مەزەندە دەکرێت 80بۆ 90 لەسەدی هەناردەی نەوتی ئێران بکڕێت، و وەزیری خەزێنە بێسێنت بە ئاشکرا ڕەتی کردووەتەوە کە پابەندبوون لەو بارەیەوە ڕابگەیەنێت، و بە ڕۆژنامەنووسانی گوتووە کە نایەوێت"سیستەمی مالیی جیهانی تەفروتونا بکات،" لەگەڵ ئەوەی سەردانەکەی شی جینپینگ بۆ کۆشکی سپی لە کۆتایی مانگی ئەیلولدا بەهانەیەکی زیاتری داوە بە واشنتن تاوەکو لە ئێستەوە بۆ دیدارەکە، په‌لاماری بانکی چینی نەدات. چینیش، لەلای خۆیەوە، نەک بە نائارامی، بەڵکو بە متمانەوە وەڵامی داوەتەوە، وەزارەتی دەرەوەی چین دەڵێت هاوکاری لەگەڵ ئێران "نابێت تێکبدرێت،" و فاینانشڵ تایمز ڕاپۆرت دەکات کە پەکین ڕاستەوخۆ هۆشداریی داوە بە واشنتن کە سزای بەرفراوان لەسەر کۆمپانیا چینییەکان دەبێتە هۆی تۆڵەسەندنەوە، کە ئەگەری هەیە سنووردارکردنی کانزا هەستیارەکانیش لەخۆ بگرێت. ئەوە دۆخی حکوومەتێک نییە کە هێشتا هەڕەشەکە بە هەند وەرگرێت.

سەرەنجام

کەمبوونەوەی 35 لەسەدی لە بازرگانیدا ژمارەیەکی کەم نییە بۆ  ئابووریی هیچ وڵاتێک ، نەک بۆ یەکێک کە پێشوەختە بە ڕێژەی 40 بۆ 50 لەسەد هەڵاوسانی تێدایە. بۆیە هەڵمەتی سزاکان، بەو شێوازەی کە ئێستا ڕێکخراوە و جێبەجێ کراوە، ڕۆڵی لە بڕینی کەناڵەکانی پارەدارکردنی ئێراندا هەبووە، بەڵام تا ئێستە دەست بۆ پەیوەندی جەوهەری چین و ئێران نەبراوە. چونکە واشنتن بە ئاشکرا بڕیاری داوە کە باجی دیپلۆماسی و دارایی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی پەکین نەدات.
بۆیە گەمارۆ بێ وێنە جیهانیێەکەی ئەمریکا دژی ئێران ئامانجی خۆی نەپێکا و چینی لێ بەدەرکرا.
نەوتی خاوی برێنت بۆ سەروی 108 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرز بۆوە، لە ناو پەرەسەندنەکانی باب ئەلمەندەب و هێڵی بۆریدا، نرخەکان زیاتر لە بەر فرە بەرەیی مەترسییەکان بەرز بوونەوە. 

لە کۆتاییدا، ئەم قەیرانە نیشانی دا کە ستراتیژیی ئێران لە دابەشکردنی کارتی گوشار لە نێوان هورموز و باب ئەلمەندەب، توانیویەتی هاوکێشەی هێز لە ناوچەکەدا هاوسەنگ بکات و پلانەکانی واشنتن و ریاز تووشی بنبەست بکات. لە لایەکی ترەوە، تێچووی ئابووریی جیهانی و پەککەوتنی دابینکردنی وزە سەلماندی کە کێشەکە تەنها ململانێیەکی ناوچەیی نییە، بەڵکو کارەساتێکی درێژخایەنە بۆ بازاڕی نێودەوڵەتی. بەو پێیەی چینیش لە ڕێگەی هاوبەشییە داراییەکانەوە پشتیوانێکی سەرسەختی تارانە، هەڵمەتی سزاکانی ئەمریکا نەیتوانیوە کۆتایی بەم دۆخە بهێنێت، ئەمەش وا دەکات داهاتووی ئاسایشی ناوچەکە زیاتر گرێدراوی گۆڕانکارییە مەیدانییەکان و شکستخواردنی بژاردە دیپلۆماسییە کاتییەکان بێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP