بە خوێندنەوەى و پێداچوونەوە بە هەموو بەڵگە مێژووییەکانى خەباتى گەلەکەمان و رووداوەکان ئاماژەیەکى روونن ، هەر کاتێک داگیرکەران و دوژمنانى کورد هەستیان بە لێکترازانى ناوخۆیی نێوماڵى کورد کردبێت ، ئەوا زیاتر کاریگەرییان لە سەر ڕێرەوى کاروانى خەبات و ئامانجەکانمان بۆ گەیشتن پێیان بەدەستهێناوە ، بەتایبەتى نەیارانى کوردستان زۆرجاران هەوڵێانداوە بە چەک و جبەخانە و وێرانکارى ئیرادەى کوردوکوردستان بشکێنن ، بەڵام بۆیان نەکراوە، بەڵام پێچەوانەکەى بەڕێگەى تێکدانى ڕیزەکانى گەلى کورد هەوڵى دروستکردنى بێ متمانەیی و دابەشکردنى کۆمەڵگەیان داوە
ئەگەر دوژمنان بە ئاشکرا ، پەڵامار و هێرش بکەنە سەر کورد، ئاساییە ، بەڵام دوژمنانى ناوخۆیی ئەوانەى پیلان و سیناریۆى دەرەکى و نەیارانى کوردستان پەیڕەو دەکەن ، ئەویش بەڕێگەى پەلاماردانى شکۆ و مێژوو و پیرۆزەییەکان و چاندنى ڕق و کینە و ناوچەگەرێتى خەونى تێکدانى ئاسایشى نەتەوەیی و کۆمەڵایەتیی دەبینن
ئەوانەى ساڵانێکە لە ژێر سایەى ئەو ئازادى و دیموکراسییە و بەناوى ئۆپۆزسیۆن بوون بەڵام هەڵگرى چەکى نەیارانى کوردستان بۆ زیانگەیاندن بە دیموکراسى و قەوارەى هەرێمى کوردستان بەرنامەى ناحەزانى کورد جێبەجێ دەکەن ، نەک هەر دڵسۆز و نیشتیمانپەوەر نین ،بەڵکو هەڵوێست و کردەوەکانیان ئامرازێکە بۆ تێکدانى ئاسایشى کۆمەڵایەتى و لێکترازانى کۆمەڵگە
ئەوەى گرنگە بگوترێت ، ئەو راستییەیە کە ؛ پێش ئەوەى کوردستان ، خاوەن چەکى دژە مووشەک و درۆن و تەکتۆلۆژیایی پێشکەوتوو بێت ، پێوستى بە هوشیارى و ئاگایی سیاسى و ڕۆشنبیرییە ، چونکە شەڕى ئەمڕۆ تەنها شەڕى فڕۆکە و درۆن و مووشەک و نییە ، بەڵکو جەنگێکى راگەیاندن و دەروونى و زانیارییە و پێوستە هەموو تاکێکى ئەم کوردستانە خۆى پڕ چەک بکات ،دەبێ هوشیار بین و بزانین ، کە دوژمنان هەموو ئامرازێک بەکاردێنن بۆ ئەوەى بیروباوەرە نیشتیمانپەوەرى و کوردپەوەرییەکان پێچەوانە بکەنەوە بۆ مەرامە شوومەکانیان و بەدیهێنانى خەونەکانیان
هەموو ئەو دەستکەوتانەى کە ئەمرۆ لە کوردستان بەدیهاتوون ، بەرهەمى خەبات و قوربانیدانى دەیان ساڵەیە ، هەر کۆمەڵکوژى ، ئەنفال ،کیمیاباران ، خەباتى پێشمەرگە ، زیندانییە سیاسییەکان ، ئارەقە و فرمێسکى دایکانى شەهیدانە،دەبێت گەلى کورد بزانین ئەم قەوارە و دەستکەوتە مێژووییانە موڵکى کەس ولایەنێک نییە ؛ موڵکى خەبات و بەرخودانى هەموو کوردستانە و ئەرک و بەرپرسیاریەتى بۆ پارێزگاریکردن لێیان لە ئەستۆى هەموو دڵسۆزێکى ئەم وڵاتەیە
ئەگەر هەموو لایەنەکان جیاوازى بیروبۆچوونیان هەبێت ، ململانێی سیاسییان هەبێت ، ئەوا لە دوونیایی سیاسەتەدا ئاساییە ، بەڵام ناکرێت لە ژێر هیچ پاساوێکدا زیان بە بەرژوەندییە باڵاکانى نەتەوە و نیشتیمان بگەێنرێت ، چونکە کاتێک دوژمنان لێکترازانى کورد دەبینن ، دەرفەتیان لەبارە بۆ ئەوەى بتوانن کورد ڕووبەڕووى یەکتر بکەنەوە و بەکاریان بێنن بۆ مەرامە شوومەکانیان
بۆیە ، یەکهەڵوێستى و تەبایی و پاراستنى بنەماکانى یەکتر قبووڵکردن و تەبایی و پێکەوەکارکردن و رێکخستنەوەى نێوماڵى کوردستان بە هاوبەشیی هەموو هێزە سیاسى و توانا جیاجیاکانى کۆمەڵگەى کوردستان ، بەهێزتر چەک و ئامرازە بۆ ڕێگریکردن لە هەر پیلانگێرییەکى نەیارانى کوردستان بۆ سەر گەل و خاکى کوردستان ، زەمینەى تەبایی و یەکدەنگى سیمایەکى ڕووناکە ، بۆیە کاتى ئەوەیە ئەمە بکەینە خاڵێکى دەستپێکى ژیانى ئاشتیانە و برایەتى و تەبایی و داهاتوومان لە سەر بژوەندییە سەرەکییەکانى کوردستان بونیات و بپارێزین ، ئەوا پیلان و نەخشەى دوژمنان پووچەڵ دەبێتەوە ، ئەوەى بەرهەم دەیان ساڵ خەبات و دەریاییەک خوێن ، دەبێت بیپارێزین ، چونکە کوردستان بە تەبایی و یەکهەڵوێستى دەبێتە هێزێکى کاریگەر و پێچەوانەکەشى بە لێکترازان و دووبەرەکى ، دەبێتە مەرامى نەیاران ؛ بۆیە باشترین وبەهێزترین چەکى گەلى کورد یەکڕیزى و یەکدەنگییە.