دواین هەواڵ

هێشتا هیوامان ماوە

‌ نەزهەت ‌حالی

17 کاتژمێر پێش ئێستا

سەرەڕای گلەیی و ڕەخنەی زۆرێک لە هاووڵاتیان لەسەرکردایەتی سیاسی کوردستان، بەڵام لەبەر ئەوەی لە ئێستادا هەر ئەوانمان هەن کە بتوانن هەوڵێک بدەن بۆ چارەسەری ناتەبایی و قەیرانەکان و کێشەی حوکمڕانی باش لە هەرێم ، هەر بۆیە تاکو ئێستاش کەسانێک بە چاوی هیوا و ئومێدەوە لەو بەڕێزانە دەڕوانن کە لە ئێستادا خاوەن پایەی هەرە بەرزن لەناو دامەزراوەکانی فەرمی هەرێم ، یان ئەوانەی لە دەرەوی دامەزراوە فەرمییەکانن و سەرۆک و بەرپرسی یەکەمی حزبە سیاسیەکانن و بە جۆرێک لە جۆرەکان کاریگەریان لەسەر کایەی سیاسی هەیە. 
  
لەبەر ڕابردووی خەبات و کەسایەتی و ميژووە سیاسیەکەی، کەسانێک چاوەڕوانی زیاتریان لە سەرۆک بارزانی هەیە، کە وەک ڕێبەرێکی سیاسی لە ئێستادا ڕۆل بگێڕێت، نەک مەرجەع( چونکە لە ئەدەبیاتی سیاسی و دەوڵەتداری مەرجەع نیە و تەنیا سەرۆک و سەرکردە و ڕێبەر هەن). 

ئەوانەی لە خەمی دۆخی ئێستا و ئایەندەی هەرێمن، لەم قۆناغەدا خوازیارن مەسعود بارزانی ڕابەرایەتی جولەیەکی بەهێزی نەتەوەیی و کوردستانی لە هەرێم بکات بۆ چارەسەری گشت پرسە سیاسیە ناوخۆییەکان و ئاشتبونەوە لەگەڵ خۆمان ، دڵنیام تاکو ئێستاش لە ناو گشت حزبەکان گەر گلەیی و نارەزایەتیشیان هەبێت، هەست بە مەترسی دۆخەکە دەکەن و ڕێزی بارزانی دەگرن بۆ چارەسەری پرسە سیاسیەکان.

هیوادارین سەرکردایەتی سیاسیمان گەلی خۆیان بێ هیوا نەکەن، چونکە گەر گەل بەگشتی بێ هیوا بوو لە سەرکردایەتی سیاسی ئێستای هەرێم بە دوای ئالترناتیڤ دەگەڕێت، ئەوجا ئالترناتیڤەکە باشتر یان خراپتر بێت.
دۆز و پرسی گەلی کورد لە هەرێم لە ناخی هەر کوردێک بوونی هەیە، لە ئێستادا لە هەر سەرکردەیەکی  کورد پرسیار بکرێت خۆی پێ لە هەموان کوردتر و دلسۆزتر و بەرگریکارترە بۆ پرسی نەتەوەی خۆی، بەڵام هەروەک غەسان کەنەفانی دەڵێت. “إذا كنا مدافعين فاشلين عن القضية،فالأجدر بنا أن نغير المدافعين،لا أن نغير القضية”.

 واتە ئەگەر ئێمە بەرگریکاری شکستخواردووی دۆزێک بین، واباشترە بەرگریکارانمان بگۆڕین نەک دۆزەکەمان.
بۆیە دۆز و پرسی نەتەوەی کورد هەر دەمينێت، بەڵام کارێکتەرەکانی بەرگری کردن لە دۆزی نەتەوەیی بە تێپەڕبوونی کات دەگۆڕدرێن.
 
زۆربەی ئەو گلەیی و ڕەخنانەش کە لەم بارودۆخە دەگیردرێن گەر هەنديکیان توندیش بن،بەڵام لە دڵسۆزی و پەرۆشییە بۆ ئایەندە و ئەم بارودۆخە خراپە،کە هەرێمی کوردستان لە ڕووی سیاسی-ئەمنی ، ئابوری، تەنانەت کۆمەڵایەتیش تێیکەوتووە، کە بەداخەوە بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ هەڵەکانی خۆمان.

ڕەخنە و کاردانەوەکان لەو کاتانەدا مەترسیدار و توند دەبن کە خەبات و قوربانیدانی خەڵک لای هەندێک کەسی بەرپرس لە خەیاڵێکی پوچ زیاتر نەبێت ،کەسی باش نەویستراو و هزر و کاری باش مانا و نرخی نەبێت.لەو کاتانەدا قەڵەمەکان لە نوسینی ڕەخنەی زۆر توند ناوەستن، نیشتمانپەروەرانیش لە وەرگرتنی هەڵوێستی جیاواز ناترسن .

لە ڕاستیدا وڵاتێک نیە کە گەل و دەسەڵاتە سیاسیەکەی لە هەندێ قۆناغ ڕوبەڕووی کێشە و گرفت و قەیرانی جیاواز نەبێتەوە، بەڵام تەنیا ئەوانە بەسەر کێشە و گرفتەکان سەر دەکەون، کە دان بە کێشە و قەیران و هەڵەکانیان دادەنێن، سەرچاوەی مرۆیی و مادی و پلانی گونجاو و پێویستیش بۆ چارەسەری دادەنێن. 

بە سود وەرگرتن لە کەسانی باش لەناو دامەراوەکانی فەرمی دەوڵەت و حکومەت، واتە شایستەسالاری و سود وەرگرتن لە تەکنۆکراتە نیشتمانپەروەرەکان دەکرێت ڕێگە بگیرێت لە حوکمڕانی خراپ و کاکیستۆکراسی(  Kakistokracy ) و سەرکەوتن بە سەر کێشە و گرفت و قەیرانەکان.

خودای مەزن گەلی ئێمە و نیشتمانەکەمان لە هەموو ناخۆشی و بەڵایەک بپارێزێت، ئەوانەش کە بۆ تەبایی و خێری گشتی و خزمەتی ڕاستەقینەی خەڵک کار دەکەن و ماندوو دەبن بپارێزێت و سەرکەوتوویان بکات.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP