تێڕوانینی ئەوەی کە تورکیا بەرەو بوون بە "کۆماری ئیسلامیی داهاتوو" بۆ ڕۆژئاوا و ئیسرائیل هەنگاو دەنێت، تەنیا تێبینییەکی سیاسیی نییە، بەڵکو خوێندنەوەیەکی قووڵە بۆ ئاڕاستەی ستراتیژیی ئانکارا لەژێر سایەی دەسەڵاتی رەجەب تایبەتب ئەردۆغاندا. ئەردۆغان لە ڕۆژی بەدەسەڵاتگەیشتنییەوە تا ئێستا، پڕۆژەیەکی نەپچڕاوی بۆ دووبارە داڕشتنەوەی پێگەی تورکیا بەڕێوەبردووە، کە لەسەر چەند پایەیەکی سەرەکی وەستاوە:
ڕێبەرایەتیکردنی جیهانی سوننە و جێگرتنەوەی ئێران: لە کاتێکدا ئێران ڕێبەرایەتی سەرکردایەتی مەزهەبی شیعی دەکات، ئەردۆغان هەوڵیداوە بۆشایی ڕێبەرایەتی لە جیهانی سوننەدا پڕبکاتەوە. ئەمەش لە ڕێگەی دەستتێوەردانی ڕاستەوخۆ لە ئاڵۆزییەکانی ڕوژهەڵاتی ناوەڕاست و خۆدەرخستن وەک پارێزەری سەرەکی دۆزی فەلەستین و بەکارهێنانی ئایدۆلۆژیای ئیخوان موسلمین.
کارتەکانی سووریا و گرووپە ئیسلامییەکان: پشتگیرییەکانی تورکیا بۆ گرووپە ئیسلامییە ڕادیکاڵەکان لە سووریا و بەکارهێنانیان وەک ئامرازی گوشار بۆ سەر ڕۆژئاوا و هەرێمەکە، سەلمێنەری ئەوەیە ئانکارا ئامادەیە ڕێگەی نانەریتی و دەستتێوەردانی سەربازی بۆ بەدیهێنانی ئامانجە ناوچەیییەکانی بەکاربهێنێت.
داڕشتنەوەی ناوخۆ بە شەرع و نەتەوەییگەرایی: لەسەر ئاستی ناوخۆ، لاوازکردنی سستمی سێکولاری کەمالیست و هەنگاونان بەرەو سەپاندنی بەها ئیسلامییەکان، هاوشان لەگەڵ ئەجێندای هەژموونخوازی دەرەکی، ژینگەیەکی لە ئێران دەچێت لە ناوچەکەدا دروستکردووە.
بەکارهێنانی دۆسیەی ئۆجەلان و کارتی کورد: هەوڵە بەردەوامەکان بۆ کۆنترۆڵکردن و دەستەمۆکردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە ڕێگەی بەکاربهێنانی کەسایەتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ئامانجی بێکاریگەرکردنی بەهێزترین هێزی دژبەری ناوچەیی و بەهێزکردنی پایەکانی دەسەڵاتی ئەنقەرەیە.
ئەم خاڵانە دەریانخستووە کە تورکیا چیتر ڕامکراوی ڕۆژئاوا نییە، بەڵکو وەک هێزێکی هەژموونخوازی ئیسلامیی کاردەکات کە دەیەوێت جیهانی ئیسلام بباتە ژێر سایەی چەتری خۆیەوە.