دوای لێکەوتەکانی بەهاری عەرەبی، سعودیەکان و دەسەڵاتی ئیخوانیی تورکیا وەک دوژمنی سەرسەختی یەکتر دەرکەوتن. ئەمەش وای کرد بۆ ماوەیەکی زۆر لە ناوچەکەدا لە بەرژەوەندییەکانی یەکتر بدەن. بەڵام دوای ئەوەی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هەژموونی ئیسرائیل لە ناوچەکە زیاد دەبێت و ئێرانیش ئامادەکاری دەکات بۆ دوای قۆناغی کۆتاییهاتنی جەنگ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، پاکستانیش دوای ئەوەی لە ساڵی ڕابردوودا کەوتە شەڕ لەگەڵ هیندستان ــ کە هەم ئیسرائیلییەکان پشتگیریی هیندییەکانیان کرد و هەم هەستیان بە مەترسی کرد لەبەرامبەر هەژموونی نوێی ئیسرائیل ــ دەستی کرد بە هەڵسەنگاندنەوەی دۆخی نوێی ناوچەکە.
دوای ئەم سێ ڕووداوە، هەم سعودیەکان، هەم تورکەکان و هەم پاکستانییەکان بیر لە ڕێکەوتنێکی نوێ دەکەنەوە. ئەم هۆکارانە و چەند هۆکارێکی تر وای کرد کە ڕێکەوتنی مەککە لە ٧ی ئاب لەنێوان سعودیە، تورکیا و پاکستان مۆر بکرێت.لێرەدا چەند پرسیارێکی جەوهەری دێتە پێشمان: بۆچی سعودیەکان پەنایان بۆ ئەم ڕێکەوتنە برد؟ چی وای دەکات پاکستانییەکان بە پەرۆشەوە ڕێکەوتنەکە بکەن؟ چ هۆکارێکی سەرەکی بووە هۆی ئەوەی ئەردۆغان ڕابکێشێت بۆ مەککە؟
جارێک ناوەڕۆکی ڕێکەوتنەکە بریتییە لەوەی هەر وڵاتێک هێرش بکاتە سەر ئەم سێ وڵاتە، واتە هێرشی کردووەتە سەر هەر سێ وڵات. بەڵام فاکتەرەکانی پەنابردنی ئەم سێ وڵاتە، گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکان و گۆڕانە دینامیکییەکانی ناوچەکەیە.
سعودیەکان بەهۆی هێرشەکانی ئەم دواییەی ئێران بۆ سەر ژێرخانی سەربازی و ئابوورییەکانیان، پەلە دەکەن بۆ ڕێکەوتنێکی لەم جۆرە؛ بەڵام یەکێک لە هۆکارەکانی تری ترسی سعودیەکان، هەژموونی نوێی ئیسرائیلە.
لە هەمان کاتدا، یەکەم کاردانەوەکانی ئێران بەرامبەر ئەم ڕێکەوتنە ئەوە بوو کە تاران پێی وایە ئەم ڕێکەوتنە بە تەنیا ناتوانێت ڕیاز بپارێزێت، ئەگەر سعودیە ڕەفتارەکانی خۆی نەگۆڕێت و لە هەڵوێستەکانی خۆی دووبارە هەڵسەنگاندن نەکات.
هەرچی تورکەکانە، هەم پێیان وایە کە دەبێت خۆیان بۆ ڕێگریکردن لە هەژموونی ئێران ئامادە بکەن، هەمیش باش لەوە تێگەیشتوون کە نابێت تەنیا پشت بە ناتۆ ببەستن.
ئەوەی پاکستانە، دوو مەلفە کە ڕایانکێشاوە بۆ ئەم ڕێکەوتنە. یەکەم مەلفی هیندستانە، کە ئیسرائیلییەکان بە ئاشکرا پشتگیریی نیودەلهی دەکەن. مەلفی دووەمیش بریتییە لە کەیسی بەلوجیەکان.
لە پشت ئەم ڕێکەوتنەدا، تەنیا هەژماری ئەمنی و سیاسی نییە، بەڵکو بەرژەوەندییە ئابووری و سەربازییەکانیش ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن. سعودیەکان بە بوجەیەکی گەورەی دارایی دەیانەوێت پشت بە تواناکانی هاوپەیمانەکانیان ببەستن؛ لەوانە توانای ئەتۆمیی پاکستان و توانای تەکنەلۆژیی و سەربازیی بەیرقداری تورکیا، بۆ دروستکردنی ئاستێکی زیاتر لە پاراستن لەبەرامبەر هەڕەشەکانی ناوچەکە.
لە بەرامبەردا، پاکستانییەکان لەگەڵ بەرژەوەندییە ئەمنییەکانیان، چاویان لە توانای دارایی و پشتگیریی ئابووریی سعودیە و داهاتی زۆری نەوتی ئەو وڵاتەیە. تورکەکانیش لە لایەنی خۆیانەوە، بەهۆی ئەوەی فرۆشیاری سیستەمەکانی بەیرقدارن، بەرژەوەندییە بازرگانی و سەربازییەکانیان لە ئەم جۆرە پەیوەندییەدا دەبینن.
بە جێبەجێکردنی ئەم ڕێکەوتنە ڕۆڵ و پێگەی زۆر هێزی ناوچەیی دەگۆڕێت، بەڵام بە بڕوای خۆم ئەم ڕێکەوتنەش وەکو ڕێکەوتنەکانی ڕابردووی نێوان ئەم وڵاتانە ناچێتە بواری جێبەجێکردن. ئەگەریش بچێت بواری جێبەجێکردن، ئەوا لێکەوتە سیاسی، سەربازی و ئەمنییە زۆری دەبێت.
چونکە ئەم ڕێکەوتنە تەنیا ڕێکەوتنێکی ئاسایی نێوان سێ وڵات نییە، بەڵکو بەشێکە لە گۆڕانی هاوسەنگیی هێز و گۆڕانە جیۆپۆلیتیکییەکانی ناوچەکە.