لە کۆمەڵی ئێمەدا، زۆرجار "ڕقلێبوونەوە" لە تەماشاکردنی تۆپی پێ و یارییەکانی مۆندیال، هەر پەیوەندیی بە خودی وەرزشەکەوە نییە، لەوە زیاتر؛ ڕەنگدانەوەی جۆرێک لە "نامۆبوونی کۆمەڵایەتی" و "گرێی خۆجیاکردنەوە"یە.
کاتێ زۆرینەی خەڵک لە دەوری خولیا و چێژێکی هاوبەش کۆدەبنەوە، لای هەندێک کەس تێنەگەیشتن لەو جۆشوخرۆشە دەبێتە هۆی دروستبوونی جۆرێ لە بەرگریی نەرێنیانەی دەروون.
ئەم ڕقە بێبنەمایە، ڕاستییەکەی، هەوڵێکی ناھۆشیارانەیە بۆ خۆسەلماندن لە ڕێگەی دژایەتیکردنی باو و نزمکردنەوەی بەهای ئەو شتانەی کە خەڵکی ئاسایی پێی دڵخۆشن، وەک بڵێی بێباکبوون لە بەرانبەر گەورەترین ڕووداوی وەرزشی جیهانیدا، نیشانەی باڵادەستیی هزری بێت!
ئەم دۆخە دەروونییە، کاتێک زیاتر چڕ دەبێتەوە کە دەگاتە ئەفسانەیەکی وەک (لیۆ مێسی). مێسی نوێنەرایەتیی "بەهرەی ڕەها" دەکات؛ ئەو جادووگەرەیە کە بە سروشتی خۆی و کەمترین ڕاهێنان، چێژ بە جیهان دەبەخشێت.
لای تاکی کورد، کە بەهۆی مێژوویەکی پڕ لە ستەم و بێبەشییەوە زۆرجار لەگەڵ چەمکی "دادپەروەری" و "شایستەیی" لە ململانێدایە، بینینی سەرکەوتنی خێرا و بەهرە مەزنەکەی مێسی، بەشێک لە گرێ دەروونییەکانی نوێ دەکاتەوە.
ڕقلێبوونەوە لە مێسی، جۆرێکە لە یاخیبوونی دەروونی دژ بەو سەرکەوتنە ڕەهایانەی کە مێشکی مرۆڤ ناتوانێت بە هاوکێشە لۆژیکییەکان یان بە "تیۆریی پیلانگێڕی" شرۆڤەیان بکات، بۆیە ئاسانترین ڕێگا لای ئەوان، ڕەتکردنەوەی جادوو و ناوزەدکردنیەتی بە "بەهرەیەکی بێبنەما" و تۆمەتبارکردنی بە فێڵ و لایەنگیریکردن.
بیریشمان نەچێت، ئەو ماکینە میدیاییەی برەو بە تۆپی پێ دەدا تاکو ببێتە بازرگانی و ململانێی یانە و هەڵبژاردەکان تا ئاستی بەئایدۆلۆجیکردن لای تەماشاکەر، هەمان ماکینەش هۆکارێکی سەرەکی دەبێت بۆ ئاراستەکردنی یارییەکە بەرەو ڕقلێبوونەوە و دۆخی نەرێنیی کەسێتیی تاکەکان. توێژینەوە و ئەزموونیش سەلماندوویانە هەوادار بە پاڵنەری ڕق پتر پابەند و پەیوەستی باوەڕ و ئایدۆلۆجییەکەی دەبێت!