دواین هەواڵ

فاسۆلیاخۆرەکانی ڕۆژهەڵات و بەسیجییەکانی باشوور

‌سه‌ردار عه‌بدوڵڵا

7 کاتژمێر پێش ئێستا

تەنها لە ماوەی یەک مانگدا، قارەمانە گیانلەسەردەستەکانی ڕۆژهەڵات، پێشمەرگە و گەریلا، زنجیرەیەک چالاکی سەربازییان کردوە. ئەم چالاکییانە وێڕای ئەوەی بایەخی ستراتیژی گرنگیان هەیە، تێزی سەرپێیی هەندێک نووسەری وەکو دکتۆر بورهان یاسین و کاک مەلا بەختیار و زۆری تر سەبارەت بە خەباتی چەکدار بەتاڵ دەکەنەوە. هاوکاتییش دەبێت بمانخەنە بەردەم ئەرکی ورد خوێندنەوەی ئەو جەنگە دەروونییەی داگیرکەرانی کوردستان و نۆکەرانیان لە کوردستان بەشێوازێکی سیستەماتیک و هەمەلایەنە بەرپایان کردوە.

ڕەتکردنەوەی تێزە سادە و سەرپێییەکەی دکتۆر بورهان و کاک مەلا باختیار و هاوبۆچوونەکانیان لێرەدا باس ناکەم چونکە نامەوێ لە مەبەستی سەرەکیی وتارەکە دەربچم، بەڵام زۆر بە کورتیی ڕووداو و ڕاستییەکانی سەر ئەرز خۆیان ئەم تێزە ڕەت دەکەنەوە، هۆی دوەمیش ئەوەیە کە ئەم ڕەتکردنەوەیەم، بابەتی بەشێکی کتێبێکە کە هیوادارم بتوانم لە ئایندەیەکی نزیکدا بڵاوی بکەمەوە.

بایەخی ستراتیژی ئەم چالاکییە سەربازییانەی قارەمانەکانی ڕۆژهەڵات، هەر لەوەدا نیە کە حزووری چەکداریی لەمەیداندا پیشان دەدات، بەڵکو یەکێک لەڕەگەز و خەسڵەتە هەرە گرنگەکانی ئەوەیە کە تەنها لە ناوچەیەکی دیاریکراودا نەبوون. تەنها لە ناوچەکانی سنووری دەستکردنی نێوان عیراق و ئێرانیشدا نین، بەڵکو لەناوچەی جیاجیای فراوان، هەروەها قووڵایی خاکی کوردستانن، کە ناوچەکانی (سەردەشت، ماکۆ، پیرانشار، بانە، مەهاباد، مەریوان، وپاوە)ی گرتۆتەوە. بایەخی هەرە گرنگی ستراتیژیی ئەم داستانە قارەمانانە، لەوەدایە کە بەشێکن لە خەباتی هەمەلایەنە و نەپساوە و ئازایانەی سەرجەم ڕۆژهەڵاتییانی سەربەرز.

ئەم هێز و مەفرەزە جیاجیایانە لەو هەموو ناوچە بەرفراوان و جۆراوجۆرانە، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ڕۆژهەڵاتییانی سەربەرز ڕۆڵە قارەمانەکانی خۆیان لە باوەش گرتوە و هاوکارییان دەکەن، ئەگینا مومکین نیە هێزی چەکدار بتوانێت تا ماوەیەکی بەرچاو بەبێ پشتیوانیی و پاڵپشتیی و هاوکاریی خەڵک درێژە بە خەبات و حزووری سیاسیی و سەربازیی خۆیان بدەن. هەربۆیە لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین ئەم چالاکیی و داستانانە بە هەڵگیرسانەوەیەکی نوێی خەباتی ڕەوا و ئازایانەی چەکداریی ڕۆژهەڵاتییانی قارەمان بزانین.

لایەنێکی دیکەی بایەخی ستراتیژی ئەم داستانانە ئەوەیە کە خودی ئەم لەباوەشگرتن و پاڵپشتییانە کۆتا بەشداریی ڕۆژهەڵاتییانی سەربەرز نیە لەم شۆڕشەدا، بەڵکو تەنها یەک دیوی خەباتی نەپساوەیانە لەناو شار و شارۆچکە و گوندەکانی کوردستان، و تەنانەت کوردانی دانیشتووی شارەکانی ئێرانی دەرەوەی ڕۆژهەڵاتیشە. ڕۆژهەڵاتییانی سەربەرز ساڵانێکی زۆرە جۆرەها شێوازی دیکەی خەباتیان گرتۆتە بەر، بۆ چرکەیەکیش نە لە مەیدانی ناوەوە، نە لە باشوور و نە لە تاراوگەش، لە خەباتی بەردەوام و ئیمانی پتەویان بەسەرکەوتن نەوەستاون، هەربۆیە هێز بتوانێت ڕایان بگرێت.

لە ئاستی سیاسییشدا هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات لە بازدانێکی گەورە و مێژووییدا توانییان هاوپەیمانییەکی سیاسیی پێک بێنن، کە بایەخە ستراتیژییەکانی لە توانای وتارێک زیاترن، بەڵام بە خێرایی لانیکەم دوو ئامانجی ستراتیژی سەرەکیی پێکاوە: یەکەم، جیهان دەزانێت کورد لە ڕۆژهەڵات ناوەندێکی یەکگرتووی بڕیاری سیاسیی هەیە، کە دەزانێت لەگەڵ کێدا مامەڵە بکات. دوەمیش، ئەم دەستکەوتە مەزنە ڕێگرە لە دووبەرەکیی و فرەبڕیاریی و پەرتبوون، ئەمەش بۆ خۆی بۆتە مایەی زیادبوونی متمانەی گەلەکەمان لە ناوەوە و لەجیهاندا.

لەبەردەم ئەم نەخشە و وێنە گەشە نوێیەی خەباتی سەربەرزانەی گەل و نەتەوەکەماندا، پرسیار ئەوەیە ئایا ئەرکی ئێمەی کوردی جیهان و پارچەکانی دیکە و بەتایبەتییش باشوور چیە؟ زۆر بەکورتیی ئەرکمان ئەوەیە کە بەهەموو توانا و شێواز و وەسیلەیەکەوە پشتیوان و پاڵپشت بین. بەڵام ئەرکێکی دیکەمان ئەوەیە ببینە بەشێک لەو جەنگە دەروونییەی داگیرکەران ئێرانیی و تورک لەدژی نەتەوەکەمان و بەتایبەتییش ئێستا لەدژی ڕۆژهەڵاتییانی دەکەن. جەنگی دەروونی تفەنگ و درۆنی پێویست نیە، تەنها دوو شتی پێویستە: پلان و بودجە و دامەزراوەی بەهێزی داگیرکەرانی پێویستە کە بەزیادەوە هەیانە و درێغییان نەکردوە. دوەمیش هەندێک ئەڵقەلەگوێ و نۆکەری کوردی پێویستە کە کارەکەیان بۆ بکەن، بەڵام فاکتەرێکی یەکجار کاریگەر و ترسناکی سەرگرتن یان شکستپێهێنانی جەنگی دەروونیی داگیرکەران فاکتەری هوشیارییە. لەدواییدا سەرلەبەری ئەم جەنگە لەناو هوشیارییدا بەڕێوەدەچێت.

جەنگی دەروونی لە ڕێگەی میدیاوە بەڕێوەدەچێت کە بەداخەوە بەشێکی بەرچاوی میدیای ئێمە وەک نەبوونەتە بەشێک لە خەباتی تێکشکاندنی جەنگی دەروونیی داگیرکەران، لەبەرامبەردا بوونەتە بەشێک لە جەنگی داگیرکەران بۆ چەواشەکردنی کوردان و فریودانیان و لە دواییشدا شکاندنی ئیمانی نەتەوەکەمان بە سەرکەوتن، ئەمەش لە ڕێگەی شکاندنی ئیرادە متمانەمانەوە دەکەن. جەنگی دەروونیی نوکتەی پێویستە. بوختانی پێویستە. ناو و ناتۆرەی پێویستە، داگیرکەران و نۆکەرە بەسیجییەکانیان لە باشوور دەیانەوێت وامان لێ بکەن، لە جیاتی پشتگیریی تێکۆشەرانمان، لۆمەیان بکەین.

هەموو چەک و جبەخانە و دارایی هێزی سەربازیی ئێران و پاڵپشتی تورک بۆ ئێران لەدژی رۆژهەڵاتییان، کاریگەریی ئەو هەڵوێست و هێرشە خراپانەی نیە کە جەنگی دەروونیی هاوبەشی تورک و ئێرانیی وایان لە هەندێک کەسی کورد کردوە، بەبیانووی جیاجیا هێرش بکەنە سەر ڕۆژهەڵاتییان و تێکۆشەرانیان، و بەبیانوی جیاجیا ناو و ناتۆرەی ناڕەوایان لێ بنێن. هیچ نەتەوەیەک جبەخانە و هێز نەیشکاندوە، چونکە جەنگ بەر لەوەی لە مەیدانی شەڕدا یەکلا ببێتەوە، لە دەروون و ویژدان و هوشیارییدا یەکلا دەکرێتەوە. بۆیە مامۆستا مەزنەکانی هونەری جەنگ جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەبێت بەر لە هەڵگیرساندنی بڕیاری بردنەوەت دابێت. هاوکاتیش هەندێک جەنگ هەیە، بەبێ تەقاندنی یەک فیشەک یەکلا دەکرێتەوە. چونکە جەنگ لە کۆتاییدا هیچ نیە جگە لە ململانێی ئیرادەکان، تەنها ئەو لایەنەش دەیباتەوە کە دەتوانێت ئیرادەی بەرامبەر بشکێنێت.

ئێمەش لە جەنگێکی وجودیی بەردەوامداین، ناشکرێ تا هەتایە لەم جەنگەدا بین. بۆیە دەبێت پلان و نەخشەی بردنەوەمان ڕوون بێت و بۆ یەک جار بیبەینەوە و نەتەوەکەمان ببەینە کەناری ئاشتی و پارێزراوبوونی هەمیشەیی، کە هێنانەدیی سەربەخۆییە. لێرەدا تەنها یەک نموونەی بچووک بەڵام زۆر ترسناکی ئەم جەنگەی داگیرکەران دەخەمە ڕوو.

هاونیشتمانانی ئازیز
ئەو کاتەی هەر یەکێکمان ناو ناتۆرەی بۆ نموونە فاسۆلیا خۆرەکان دەدەینە پاڵ تێکۆشەرە قارەمان و کۆڵنەدەرەکانی ڕۆژهەڵات، ئەمە هەر بەتەنها نوکتەیەک نیە بۆ سەرگەرمیی، بەڵکو پرۆسەیەکی ترسناکی چەواشەکارییە کە ئەنجامەکەی لەگەڵ جۆرەها شێواز و بوختان و بێمتمانەکردنی خەڵکدا کە کەڵەکە دەبن، دەکەنە لەناوبردنی متمانە بەخودی خەباتی نەتەوەکەمان، دەبنە مایەی دروستکردنی هوشیارییەکی فەیکی ناڕاست کە لەجیاتیی باوەڕبوون بە سەرکەوتن، لەجیاتیی دروستکردنی ڕۆحیەتی ناونیشتمانبوونی و پاڵپشتیی و چوونەژێرباری ئەرکی نەتەوەییەوە لەلایەن هەر کوردێکی جیهانەوە. دەبێتە مایەی سووکایەتیکردن بەخەباتی ڕۆژهەڵاتییان و دروستکردنی وێنەیەکی کاریکاتێریی ترسناک، کە تەنها و تەنها ئیمانمان بەسەرکەوتن لەناو دەبات، چونکە متمانەمان ناهێڵێت و ئیرادەمان دەشکێنێت. ئیدی لەو حاڵەتەدا داگیرکەران پێویستیان بە جبەخانە و درۆنیش نامێنێت.

دیوێکی دیکەی ئەم ناتۆرە ترسناکە ئەوەیە کە لە بنەڕەتدا ناڕاست و بێبنەمایە. هێزە سەربەرزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە چالاکییە سەربازییەکانیان ڕاگرتوە، لە ترسدا نیە، لەبەر ئەوە نیە ئازا نین و دانیشتوون خەریکی فاسۆلیا خواردنن، بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە هێزی خاوەن ئەخلاق و تێگەیشتنی نەتەوەیی باڵان، تا ئەو ئاستەی هەمیشە ئامادە بوون لە پێناوی پاراستنی ئەزموونی حوکمڕانیی کورد لە باشووردا قوربانیی بە پلان و سیاسەت و تەنانەت ئەرکە مەیدانییەکانی خۆشیان بدەن، لەبەر هیچ نا، تەنها لەبەرئەوەی ئەم ئەزموونە بەهی خۆیان دەزانن. ترۆپکی ئازایەتی لە سیاسەتدا ئەوەیە کە لەبەر بەرژەوەندییە باڵا نەتەوەییەکان قوربانی بە بەرژەوەندییە حیزبی و ناوچەییەکانت بدەیت.

هاونیشتمانیە باشووریەکانم لە ناوە و لە هەموو جیهان
ئەمە تەنها نموونەی یەک شێوازی داگیرکەران بوو لە بردنەوەی ئەم جەنگە دەروونییەی دژ بە ئێوەشی دەکەن. بۆیە ئەرکی هەر هەموومانە، بەهەموو شێوازێک ببینە بەشێک لەم جەنگە ڕەوایەی نەتەوەکەمان لەدژی داگیرکەران و نۆکەرانیان. لەسەرتان نیە تفەنگ هەڵگرن و بچنە مەیدان و شەڕی پاسدار و بەسیج بکەن، بەڵکو لەسەرتانە تەنها هەڵوێست و تێگەیشتنەکەتان بگۆڕن کە داگیرکەران لە ڕێگەی نۆکەرانیان لەناو ڕۆشنبیر و میدیاکارانی باشووردا ئێوەیان پێ چەواشە کردوە، بۆ نموونە ئەرکی ئێوە زۆر ئاسانە، لەجیاتی ئەوەی ببیتە بەشێک لە ئەجیندای داگیرکەر و لە سۆشیالمیدیاکەتەوە هێرش بکەیتە سەر ڕۆژهەڵات و تێکۆشەرەکانی، هەر لە هەمان سۆشیال میدیاوە پێچەوانەکەی بکە. سۆشیال میدیاکەت بکە بە سەنگەری خەباتی نەپساوەی دژ بە داگیرکەران و زەلیلکردن و ڕیسواکردنی ئێرانچیی و بەسیجییەکانی خۆمان. واتا تۆ لەسەرت نیە بە تفەنگ لە مەیداندا شەڕی بەسیج و پاسداری ئێران بکەیت، ئەوە ڕۆژهەڵاتییانی قارەمان درێغیی لێ ناکەن، بەڵام لەسەرتە بەسۆشیال میدیاکەت ئێرانچیی و بەسیجییە کوردەکان بشکێنیت.

لەمەودوا هەر کەسێک بە تێکۆشەرێکی رۆژهەڵاتی گوت (فاسۆلیاخۆر) یان هەستت کرد ئەو کەسە بەشێکە لە ئەجیندای داگیرکەران، سەرەتا ئامۆژگاریی بکە و ڕاستییەکان و ئەرکەکەی سەبارەت بە خەباتی نەتەوەیی بۆ ڕوون بکەوە، ئەگەر دڵسۆز بێت و فریو درابێت دێتەوە ناو سەنگەری خەبات و لەبری سووکایەتیکردن دەست دەکات بە پشتگیریکردنی خەباتی ڕۆژهەڵاتییان. خۆ ئەگەر هەر بەردەوام بوو، ئەوا گومانت نەبێت کە بەشێکە لە ئەجیندای داگیرکەر. ئەو کاتە ئەو وەڵامەی بدەوە کە خۆت بەشایستەی دەزانیت.

نەمریی و سەربەرزیی بۆ شەهیدانی ئەم دواییەی پێشمەرگە گەریلاکانی ڕۆژهەڵات
نەمریی بۆ شەهیدانی سڤیلی ڕۆژهەڵات و سەرجەم شەهیدانی کوردستان

بە هوشیاریی یەک بە یەکی کوردان لەسەرتاسەری جیهاندا، ئەم شۆڕشە پیرۆزە سەرەتای سەرکەوتنمان دەبێت و لە ئاستی هەنووکەییشدا دەبێتە مایەی تێکشکاندنی پیلان و هەوڵە گوماناوییەکانی داگیرکەران بۆ دەرکردنی هێزەکانی رۆژهەڵاتیش لە باشوور، ئەمەشیان بابەتی وتاری داهاتوومان دەبێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP