بەکارهێنانی دەستەواژە، یان تيۆری تەڵەی تیوسەدایس لە لایەن سەرۆکی چين-ەوە لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ تڕەمپ، لە ميدياکانی جيهان بووە هەواڵێکی ديار و گەرم. زۆرێک لە ميدياکان وچاودێران وەک گوتارێکی نوێ دەيبينن کە یەکەم جارە شی بەکاری دەهێنێت. لە ڕاستيدا دەمێکە و زۆر جاريش ئەو دەستەواژەیەیی بەکارهێناوە، بەڵام لەبەر ئەوەی سەردانەکەی تڕەمپ تەرکيزێکی گەورەی کرایە سەر، وا دەرکەوت کە شتێکی تازەیە.
شی لە ٢٠١٥ەوە بە بەردەوامی هۆشياری دەدات کە ئەمريکا و چين نابێت بکەونە ناو تەڵەی تیوسەدایس، زۆر دژی ئەو چەمکەیە. لە ٢٠١٥ لە سەردانێکيدا بۆ واشنتۆن، بۆ بەشداريکردن لە بۆنەیەکدا، کەسایەتی سياسی و ئەکاديميست بەشداربوون، لە لایەن کيسنجەرەوە ڕێکخرابوو. سەرەتا کيسنجەر پێشەکيەک دەخوێنێتەوە، پاشان شی گوتارێک دەخوێنێتەوە. لەوێدا دەلێت شتێک نييە بە ناوی "تەڵەی تیوسەدایس" لە جيهاندا، بەڵام کاتێک زلهێزەکان خوێندنەوەی هەڵە دەکەن بۆ دۆخەکە، دەکەونە ناو ئەو جۆرە تەڵانە. شی لە سەرەتای ئەو گوتارەیدا بە سوپا و ستايشی کيسنجەر دەست پێدەکات، لەوێدا دەڵێت پێشەکيەکەی کيسنجەر بەڕاستی تێڕوانينێکی نوێی پێدام کە لێيەوە سەيری خۆم بکەم. کيسنجەر لای چينييەکان خۆشەويستە لەبەر چەند هۆکارێک.
لە ١٩٤٩ەوە لەگەڵ دامەزراندنی کۆماری ميلی چين، تا سەرەتای حەفتاکان، ئەمريکا و چين پەيوەندی دبلۆماسيان نەبوو. کيسنجەر بە ڕابەری درووستکردنی پەيوەندی ئەمريکا و چين دادەنرێت. لە کۆتایی شەستەکان ناکۆکی سۆڤيەت و چين دەگاتە ئاستێکی بەرز. دواتر کيسنجەر و نيکسۆن بە دەرەفەتی دەزانن چين لە ئەمريکا نزيک بکەنەوە و لە سۆڤيەت دووری بخەنەوە. ئەوە بە هاوکێشەی سێگۆشەی ئەمريکا-سۆڤيەت-چين دادەنرا لەو سەردەمە. سەرەتا کيسنجەر بە نهێنی سەفەری چين دەکات.
بۆ ئەو ئەرکە ئاڵۆزە، کيسنجەر دەست دەکات بە خوێندنەوە و وانە وەرگرتن و خۆفێرکردن سەبارەت بە چين، چونکە خۆی پسپۆری مێژوو و سياسەتی رۆژئاوا بوو. لە کۆتاییدا کيسنجەر دەبێت بە یەکێک لە شارەزا هەرە گەورەکانی بواری چين، ئەويش خۆشەويستی و سەرسامی بۆ درووست دەبێت بەرانبەر بە چين. یەکێک لە باشترين کتێبەکان لەبارەی چين و تێگەيشتن لەو دەوڵەتە، کيسنجەر نووسيوویەتی بە ناونيشانی "سەبارەت بە چين".
هۆکارێکی تر بريتييە لەوەی کيسنجەر سەر بە فکر و قوتابخانەی تيۆری هاوسەنگی هێزە، واتە باوەڕی وابوو باشترە ئەگەر سيستەمی جيهانی چەندين زلهێزی تیا بێت، ئەمريکا لەناویاندا بەهێزترين بێت، بەڵام دان بە زلهێزبوونی ئەوانی تر بنێت. ئەمە لای چينيەکان تێڕوانينێکی خوازاوە، تەواو پێچەوانەی تێۆری تەڵەی تیوسەدایس-ە.
شي لە ٢٠١٥ هەر لەو سەردانەيدا، چەند ئەندامێکی کۆنگرێسی ئەمريکی دەبينێت، دەڵێت پێويستە ئەمريکا و چين خۆیان بە دوور بگرن لەوەی پێی دەڵێن تەڵەی تیوسەدایس. لە چەندين گوتار و لێدوانی تر دووبارەی دەکاتەوە. تەنانەت لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بايدن لە ٢٠٢٤، بە بايدن دەڵێت تەڵەی تیوسەدایس حەتمی نييە.
تەڵەی تیوسەدایس چييە؟
تيوسيداس (٤٦٠پ.ز-٣٩٦ پ.ز) مێژوونووسێکی کۆنی يۆنانيە، کە مێژووی جەنگی پيلوپونيزی (٤٣١پ.ز-٤٠٣ پ.ز) نووسيوەتەوە، ئەو جەنگە لە نێوان دەوڵەت شاری ئەسينا و دەوڵەت شاری ئەسپارتا بە هاوپەيمانيەکانيانەوە ڕوويدا. تيوسيداس پێی وایە، هۆکاری سەرەکی ئەو جەنگە بريتیی بوو لەوەی کاتێک ئەسپارتا کە هێزی بە هەژموون وزاڵ بوو لەو سەردەمە، هەستی بە مەترسی کرد لە سەهەڵدانی هێزێکی نوێ کە ئەسينا بوو، واتە کاتێک هێزی زاڵ هەست دەکات هێزێکی نوێ درووست دەبێت ودەبێتە رکابەری، ئەوا هەڵگيرساندنی جەنگ لە نێوان ئەو دوو هێزە یا دەوڵەتە ئەگەرێکی چاوەڕوانکراوە (لە ئەدەبياتی نوێدا بووەتە حەتمی).
جەنگەکە بە سەرکەوتنی ئەسپارتا کە وەک نوێنەری هێزی سەربازی دەناسرا، بەسەر ئەسينا کە نوێنەری ديموکراسی وفکر وفەلسەفە بوو، کۆتایی هات. واتە هێزی زاڵ لە هێزە نوێيەکەی بردەوە. لەوانەیە ئەمە چين نيگەران بکات. هەرچەند لە ڕووی بەها و سياسیی و کولتورييەوە ئەمريکا لە ئەسينا دەچێت. پاشان ئەم تێڕوانينە، بە تيۆری تەڵەی تيوسيداس دەناسرێت.
پرۆفيسۆری ئەمريکی گراهام ئەليسۆن، لە ساڵی ٢٠١٧ لە کتێبی (Destined for War: Can America and China Escape Thucydides’s Trap?) ئەم تيۆرييە دوبارە بەکاردەهێنێتەوە ودەيکاتە دەروازەیەک بۆ تێگەيشتن لە ململانێ وپەيوەندی نێوان ئەمريکا وچين. ئەمريکا وەک ئەسپارتا ترسی هەیە لەو گەشەکردن وبەهێزبوونە خێرایەیی چين (لێرەدا چين ئەو رۆڵەی ئەسينای هەیە)، کە لەوانەیە ببێتە هێزی یەکەمی جيهان وکۆتایی بە سەردەمی ئەمريکا بهێنێت، بەڵام پرسياری ئەليسۆن لەو توێژينەوەیەيدا ئەوەیە، ئایا ئەمريکا وچين دەتوانن خۆیان بپارێزن لە کەوتنە ناو تەڵەی تیوسەدایس؟
بە مانای ئەوەی ئايا جەنگی نێوان ئەمريکا وچين ڕوودەدات؟
گراهام ئەليسۆن سەرپەرشتياری پرۆژەی توێژينەوەیەکی زانکۆی هارڤاردی دەکرد کە لە لایەن چەندين توێژەرەوە ئەنجامدرا (ئەم توێژينەوەیە بەشێکە لە کتێبەکەشی)، لەوێدا لێکۆڵينەوە کراوە لەسەر زیاد لە پێنج سەدە (لە کۆتاييەکانی سەدەی ١٥ تا سەردەمی ئێستا) کە تيايدا ١٦ جار ئەم جۆرە ململانێيەیی کە ئێستا لە نێوان ئەمريکا وچيندا هەیە (ململانێی هێزی بەهەژموون دژ بە هێزێکی نوێی تازە سەرکەوتوو) ڕوويداوە، لەو ١٦ جارە، ١٢ جار ململانێکە بەرەو هەڵگيرساندنی جەنگ چووە، تەنها ٤ جار ئەو جۆرە ململانێيە نەبووەتە مایەیی هەڵگيرساندنی جەنگ، لەو چوارەش دانەیەکی جەنگی ساردی نێوان ئەمريکا وسۆڤيەت بووە.
ئەمەی ئەمريکا وچين دەکرێت ببێت بە ١٧هەمين ململانێ لەو جۆرە. شایەنی باسە، هەموو ئەو ١٦ ململانێيە بريتی نەبووە لە ململانێی نێوان دوو هێز بۆ سەپاندنی هەژموون بەسەر جيهاندا، بەڵکو ،زۆر کات ململانێکان بريتی بوونە
لە ململانێ بۆ سەپاندنی هەژموون بەسەر ئەوروپا یا بەشیک لە ئەوروپا یا ئاسيا... بەڵام هەندێک لەو ململانێيانە، بۆ هەژموون بووە بەسەر کۆی جيهان، وەک ئەمريکا (رۆژئاوا) ولەگەڵ سۆڤيەت، ئەوەی ئەمرۆی ئەمريکا وچين، بەرەوە ئەوە دەچێت، ململانێی هەژموون بێت بەسەر هەموو جيهاندا.
ئەليسون لە دەرئەنجامدا دەگات بەوەی کە جەنگی نێوان ئەمريکا و چين حەتمی نييە. بەڵام ئەگەر هەردوولا زۆر وريا نەبن، ئەوا بەرەو جەنگێکی گەورە دەچن. ئەو پێی وایە جەنگەکە ئەگەر ڕووبدات، لە سنوورەکانی چين هەڵدەگيرسێت، لە ناوچەی پاسيفيک و بە تايبەت لە گەرووی تايوان و دەوروبەری، بە هۆی پرسی تايوان .
یاخود لەوانەیە لە هەڵەیەکەوە ڕووبدات، بۆ نموونە کاتێک کەشتييەکانی ئەمريکا دەچنە ئەو ناوچەیە، هەڵە تێگەيشتن و ئيستفزازێک لە نێوان کەشتييەکانی ئەمريکا و چين درووست بێت، بە بێ گەڕانەوە بۆ ناوەندی بڕيار، تەقە لە یەکتر بکەن. ئەليسۆن پێی وایە لە ئەگەری تێکشکاندنی کەشتييەکی جەنگی ئەمريکا و کووژرانی ژمارەیەکی زۆر سەرباز لە ناويدا، لە لایەن چين-ەوە، ئەوا سەرۆکی ئەمريکا، هەر کێ بێت، ئەگەر زۆر دژی ئەو جەنگەش بێت، ناچارە جەنگ ڕابگەيەنێت دژ بە چين، بە بێ گوێدانە لێکەوتە و زیانەکانی. چونکە بە ڕووداویکی وا پێگەی ئەمريکا لە سيستەمی جيهانی دەکەوێتە بەردەم هەڕەشەیەکی وجودی.
وا ديارە شي باش ئاگاداری گراهام ئەليسۆنە، لەو کاتەوە باس لە تەڵەی تیوسەدایس دەکات کە گراهام سەرقاڵیەتی. ڕاستە گراهام لە ٢٠١٧ کتێبەکەی بڵاوکردەوە، شی لە ٢٠١٥ەوە ئاماژە بەو تيۆرييە دەکات، بەڵام ئەليسون گراهام لە ٢٠١١ەوە بە وتار و سيمينار و موحازەرە سەرقاڵی ئەو بابەتەیە.
بۆچی چين ئەوەندە لە تەڵەی تیوسەدایس دەترسێت یان دژیەتی؟
١. چين بە ئابووری و بازرگانی گەيشتووەتە ئەم قۆناغە، یەکێک لە فاکتەرە سەرەکييەکانی ئەو ئابوری و بازرگانييە ئەمريکا و سيستەمی جيهانی ئەمريکی بوو کە لە زۆر ڕووەوە هاوکار بوو بۆ ئەو گەشەکردنەی چين. مەرجێکی سەرەکی ئابووری و بازرگانی بريتييە لە ئارامی و سەقامگيری. لە بری ئەوەی داهاتێکی زەبەلاح بۆ جەنگ سەرف بکرێت، بۆ ژێرخان و گەشەی ئابووری تەرخان بکرێت باشترە. بەرپابوونی جەنگ هەموو ئەوانە بۆ چەندين ساڵ دەگەڕێنێتەوە دواوە.
٢. لە دوای خودی ئەمريکا، لەوانەیە دەزگا هەواڵگری و سەربازی و سياسييەکانی چين شارەزاترين لایەن بن لە جيهاندا سەبارەت بە هێز و توانا و تەکنەلۆژیای ئەمريکا. لەناوەندەکانی چين، هەر چەند باس لە هێز و توانای خۆیان دەکەن کە چەنێک گەشەی کردووە، بەڵام واقعيانە دەڕواننە جيهان، دەزانن جارێ هێزی سەربازی و تەکنەلۆژی ئەمريکا زۆر لە پێش چينە. بە پێی پلانە سەربازييەکەی شی، سوپای چين لە ٢٠٤٠ دەبێت ببێتە سوپایەک کە بتوانێت بچێتە ناو جەنگی سەردەميانە و سەرکەوتووش بێت.
٣. لە کولتور و عەقليەتی سياسی و عەقيدەی سەربازیی چين ستراتيژێک هەیە کە دەڵێت شەڕی دووژمنەکەت مەکە هەتا لەو بەهێزتر دەبێت. چين هەموو کات دژی ئەو جەنگەیە، بەڵام پێیوایە ئەگەر هەر ڕووبدات، لەو کاتە ڕووبدات باشترە کە سوپا و تواناکەی گەيشتووەتە ئاستی ئەمريکا.
٤. ئەگەر بەهێزتريش بێت، ستراتيژی چين ئەوەیە بە ئامرازەکانی ئابووری و بازرگانی و دبلۆماسيەت و فاکتەرە نا سەربازييەکان شوێنی ئەمريکا لەق بکات
شایەنی باسە هەتا چين پرسی تايوان یەکلانەکاتەوە، باسکردنی سيستەمی جيهانیی دوو جەمسەری واقعی نييە. ناکرێت جەمسەرێک بەشێک لە خاکی وڵاتەکەی نەتوانێت بگرێتەوە لە ترسی جەمسەرەکەی تر. گريمان ئەمريکا ولایەتێکی خۆی لەدەست دەربچێت و لە ترسی چين یان ڕووسيا نەتوانێت کۆنتڕۆڵی بکاتەوە.
بۆیە پرسی تايوان، وەک شی بە ترەمپی وت، گرنگترين بابەتە لە پەيوەندی نێوان ئەمريکا و چين.