دواین هەواڵ

دەوڵەتان لەسەر چ بنەمایەک پەيوەندی لەگەڵ یەکتر درووست دەکەن؟

‌رەنج نەوزاد

1 رۆژ پێش ئێستا

یەکێک لەو دەروازە گرنگانەی بۆ تێگەيشتن لە سياسەت و پەيوەندی و هاوکێشە نێودەوڵەتييەکان بريتييە لە ناسينی ئەو فاکتەر و بنەمایانەی کە دوو دەوڵەت، یان گروپێک لە دەوڵەت دەکەنە هاوپەيمانی یەکتر، یان نزيکان دەکەنەوە لە یەکتر.

مێژوو و واقعی پەيوەندييە نێودەوڵەتييەکان ئەوە دەردەخەن کە دەيان هۆکار و فاکتەر هەن بۆ نزيکبوونەوەی دوو دەوڵەت، یان کۆمەڵێک دەوڵەت لە یەکتر. گرنگترين و ديارترينی ئەو فاکتەرانە کە زۆربەی کات دووبارە دەبنەوە، بريتيين لەم دوو فاکتەرەی خوارەوە:

١. ڕووبەڕووبوونەوە و خۆپاراستن لە هەڕەشە: نيوەی زیاتری هاوپەيمانێتی و نزيکایەتی نێوان دەوڵەتان سەرچاوەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەڕەشەیەکی هاوبەش هەیە. لێرەدا مەبەست لە بەهێزترين و سەرەکيترين هەڕەشەیە بۆ سەر دەوڵەت. مامەڵەکردنی دەوڵەت لەگەڵ هەڕەشەی سەرەکی دوو جۆر ستراتيژی دژ بە یەکی هەیە، یان دەوڵەتەکە هەوڵدەدات نزيکایەتی لەگەل دەوڵەتی خاوەن هەڕەشەکە درووست بکات و لەگەڵی ڕێکبکەوێت، وەک ڕێککەوتنی ستالين لەگەڵ هتلەر لە ١٩٣٩، یان ببێتە هاوپەیمانی بۆ نموونە بيلاڕووسيا لەگەڵ ڕووسيا. پەيوەندی و نزيکایەتی بەشێک لە دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ئاسيا لەگەڵ چين هەر لەم چوارچێوەیەدایە. لێرەدا دەوڵەت بە چوونە پاڵ دەوڵەتی مەترسيدار، خۆی لە هەڕەشەیەکی گەورە دەپارێزێت. مامەڵەی دووەم، کە زیاترە و باوە، ئەوەیە دەوڵەتەکە بۆ خۆپاراستن لە هەڕەشەی سەرەکی، ڕێککەوتن و هاوپەيمانێتی لەگەڵ دەوڵەتێکی بەهێز، یان لەگەڵ چەندين دەوڵەت دەکات کە نەياری دەوڵەتی خاوەن هەڕەشەکەن. بۆ نموونە هاوپەيمانێتی دژ بە هتلەر لە جەنگی دووەمی جيهانی، ستالين لەو ماوەیەدا هەردوو مامەڵەکەی ئەنجامدا، سەرەتا لەگەڵ هتلەر ڕێککەوت، بەڵام شکستی هێنا، بۆیە دواتر چووە پاڵ ئەمريکا دژ بە هتلەر. هۆکارێکی سەرەکی هاوپەيمانێتی دەوڵەتانی کەنداو لەگەڵ ئەمريکا هەر بۆ خۆپاراستنە لە هەڕەشە، هەڕەشەی سەدام و پاشان ئێران، پێشتر جەمال عەبدولناسر و تەوژمی سۆڤيەتی. 

ئەم جۆرە لە هاوپەيمانێتی و نزيکایەتی، لەگەڵ نەمان و گۆڕانی هەڕەشەکە دەکرێت گۆڕانی بەسەردا بێت. بەڵام قوورسە پەيوەندييەکە خێرا بەرەو ململانێ بچێت لە نێوان ئەو دەوڵەتانەی کە دوێنێ هاوپەيمانی یەکتر بوون. بەڵکو پڕۆسەیەکی خاوە، دەکرێت ساردبوونەوە و ناکۆکی سادە ڕووبدات، بەلام نزيکایەتييەکە هەر دەمێنێتەوە. چونکە هاوپەیمانێتیەکە بە یاسایی و دەزگایی کراوە. 

لە ئەگەری سەرهەڵدانی هەڕەشەیەکی تر، کە ئەمجارە ئاڕاستەی هەموو ئەو دەوڵەتە هاوپەيمانانە نييە، بەڵکو ئاڕاستە یەکێکيان یان بەشێکيانە، دەکرێت پەيوەندييەکان بگۆڕێت و هاوپەيمانێتی نوێ درووست ببێت.

 فاکتەری ناوخۆ لە یەکێک لەو دەوڵەتانە، بۆ نموونە کوردەتایەکی سەربازی یان شۆڕشێکی جەماوەری بۆ ڕووخانی ڕژێمەکە، دەکرێت کوتوپڕ ئەو دەوڵەتە بکاتە دژی هاوپەيمانە کۆنەکانی. بۆ نموونە شۆڕشی ئيسلامی لە ئێران لە ١٩٧٩. لەبەر ئەوەی شۆرشەکە گشتگير بوو دژی کۆی ڕژێمی سياسی ئێران بوو لە سەردەمی شا، سياسەتی ناوخۆ و دەرەکی بە شێوەیەکی ڕيشەیی گۆڕی، بۆیە لە ماوەیەکی زۆر کورت ئێران لە دۆستێکی ئەمريکا و ڕۆژئاواوە بووە نەياری ئەمريکا. لێرەدا شۆڕشگێرەکان بۆ ئەوەی دەوڵەت بە تەواوی لە دەستی ڕژێمی کۆن دەربێنن، دەبنە دژی هەموو شتێکی ئەو ڕژێمە بە دۆست و هاوپەيمانەکانيەوە. 

هەڕەشەی سەرەکی چەندين ڕەهەند و شێوەی هەیە، بۆ نموونە فاکتەری جوگرافی ڕۆڵی سەرەکی دەبينێت، بە گشتی هەڕەشەی سەرەکی بۆ سەر دەوڵەتێک، دەوڵەتێکی دراوسێ یان چەند دەوڵەتێکی دراوسێيە، کە دەتوانێت داگيری بکات و بە ئاسانی هەڕەشەی لێبکات و گەمارۆی بدات. فاکتەرێکی تر بريتييە لە هێز، ئەو دەوڵەتەی کە دەبێتە هەڕەشەی سەرەکی، بەهێزترە یاخود هاوسەنگە لە هێزدا لەگەڵ دەوڵەتەکەی تر. بەڵام بۆ ململانێی سوپەر پاوەر و زلهێزەکان لەسەر سيستەمی جيهانی یان بەشێکی گەورەی جيهان، فاکتەری نزيکایەتی ڕۆڵی کەمە و فاکتەری هێز ڕۆڵی سەرەکييە. بۆ نموونە کێبرکێی ئەمريکا و چين، یان ئەمريکا و سۆڤيەت، فاکتەری هێز ڕۆڵی سەرەکی دەبينێت. لە ململانێی پاکستان و هيندستان، ئێران و کەنداو، ئيسرائيل و ميسر پێش ١٩٧٨، فاکتەری جوگرافيا ڕۆڵی گرنگتر بوو. 

٢. هاوسەنگی هێز؛ بەهێزترين دەوڵەت: بە گشتی دەوڵەتان هەوڵدەدەن هاوپەيمان و نزيکی بەهێزترين دەوڵەت بن، چونکە جگە لەوەی دەکرێت بيانپارێزێت، لە ڕووی سياسی و پێگە و ئابووریيشەوە سوودمەند دەبن. ژمارەیەکی زۆر لە دەوڵەتانی جيهان لەسەر ئەم بنەمایە نزيکن لە ئەمريکاوە. یان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی، دەوڵەتە بچوکەکان هەوڵدەدەن لەگەڵ دەوڵەتە بەهێزەکانی ناوچەکە پەيوەنديەکی نزيک و باشيان هەبێت. بۆ نموونە سوريای نوێ کە لاوازە، هەوڵ دەدات لەگەڵ تورکيا و سعودييە پەيوەندیيەکی باش درووست بکات و لەگەڵ ئيسرائيل جۆرێک لە ڕێککەوتن بکات. بەحرێن لەگەڵ سعوديە هاوپەيمانە و لەگەڵ ئيسرائيل لە ڕێککەوتنامەی ئيبراهيميە. لەم جۆرەش هەڕەشەی سەرەکی هەر ڕۆڵی هەیە. 

کۆمەڵێک دەوڵەتی تر هەن ناچنە پاڵ بەهێزترين، چونکە سروشتی ئەو دەوڵەتانە وایە ئەگەر بچنە پاڵ بەهێزترين، دەکرێت بڕوخێن یاخود گۆڕانکاری گەورە لە سياسەت و سيستەمی سياسيان دەبێت ڕووبدات، یان ڕژێمە سياسيەکە شەرعيەت لەدەستدەدات. بۆ نموونە دەوڵەتانی وەک  کۆریای باکور و ئێران و کوبا و عيراقی سەدام و ڤەنزوێلا و سوريا پێشوو، ڕژێمی سياسی ئەمانە لەسەر ئەوە بەندە کە دژی بەهێزترينن. بۆیە ئەمانە بۆ هاوسەنگی دەچنە پاڵ ئەو زلهێزانەی کە نەياری ئەمريکان، وەک ڕووسيا و چين. 

ئەم ستراتيژ و جۆرەی هاوپەيمانێتی (چوونە پاڵ بەهێزترين)، زیاتر ئەو دەوڵەتانە دەگرێتەوە کە جۆرێک لە نەقسيان هەیە لە هێزدا، بۆ دەوڵەتە زلهێز و بەهێزەکان هاوکێشەکە جياوازە. بۆ نموونە وينستۆن چێرچڵ دەيوت بە درێژایی ٤٠٠ ساڵ بەڕيتانيا هەميشە چووەتە پاڵ هێزە لاوازەکەی ئەوروپا دژ بە بەهێزترينەکە، دەڵێت ئاسانتر بوو بچينە پاڵ بەهێزترينەکە و سوودەکانی لەگەڵ دابەش بکەين، بەڵام ئێمە هەميشە ئەرکە قوورسەکەمان هەڵدەبژارد و هەموو کاتيش لە بەهێزەکەمان دەبردوە. لەسەردەمی شەڕی سارد، نيکسۆن و کيسنجەر لە نێوان سۆڤيەت و چين کە دەرەفەت هەبوو جۆرێک لە نزيکایەتی درووست بکرێت لە نێوان ئەمریکا و یەکێک لەو دووانە، بڕيار درا لەگەڵ چين ئەو نزيکایەتييە درووست بکەن نەک سۆڤيەت. کيسنجەر پێی وابوو، کاتێک نزيکایەتی و هاوپەيمانی لەگەڵ لایەنی لاوازتر درووست دەکرێت، ئەوا لاوازەکە زیاتر پێويستی بە یارمەتييە و لایەنی بەهێز زاڵتر دەبێت، چونکە کەمتر سازش دەکات و لایەنی لاواز سازشی زیاتر دەکات. هاوکات، دەرەفەتی یاريکردن کەم دەکرێتەوە بۆ دەوڵەتی نەياری سەرەکی کە سۆڤيەت بوو. لێرەدا ئامانجی سەرەکی سۆڤيەت بوو، نەک چين، ئەمريکا پێويستی بە زیادکردنی هێزی خۆی نەبوو بەرانبەر بە سۆڤيەت، بەڵکو پێويستی بە کەمکردنەوەی هێز و دەرەفەتی سۆڤيەت بوو. بۆیە لەو هاوکێشەیەدا لایەنی لاواز کە چين بوو، سوودی زیاترە بۆ ئەمریکا وەک لە لایەنی بەهێز کە سۆڤيەت بوو. بۆ تێڕوانينەکەی چێرچێل سەبارەت بە بەڕيتانيا هەمان شت ڕاستە. 

٣. فاکتەری ديکە هەن وەک ئايدۆلۆژیا (ئاين و ناسيوناليزم و سۆشياليزم...) وەک بنەمایەک بۆ هاوپەيمانێتی و نزيکایەتی دەوڵەتان. ئەمانە هەرچەند لەسەر ئاستی گوتار و درووشم وەک فاکتەری سەرەکی دەبينرێن، بەڵام ئەزموونی واقع و مێژوو ئەوە دەردەخەن کە دەوڵەتان کەمتر لەسەر ئەو بنەمایە هاوپەيمانێتی و نزيکایەتييەکی تۆکمە و ڕاستەقينە درووست دەکەن. چونکە لەم جۆرە هاوکێشەیەدا کێشەی تەفسير و ڕابەر درووست دەبێت. بۆ نموونە کێ ڕابەری ناسيوناليزمی عەرەبیيە؟ ئەم پرسە زیاتر ناکۆکی و لەیەکتر دوورکەوتنەوەی لەناو عەرەبدا درووست کرد لە سەردەی جەمال عەبدولناسر و بەعس. بۆ نموونە کەنداوييەکان و جەمال عەبدولناسر دژی یەکتر بوون، بەعس و ناسڕييەکان بە هەمان شێوە. یاخود کێ ڕابەری جيهانی ئيسلامييە؟ ئەمە بووە هۆکارێکی سەرەکی بۆ دووژمنایەتی لە نێوان ئێران و سعوودييە. جاران، لە نێوان عوسمانی و سەفەوی. هۆکارێک بوو بۆ ناکۆکی نێوان تورکيای ئەردۆگان و سعوودييە. چونکە بە پێی تەفسير و تێگەيشتنی هەر یەک لەوانە، خۆیان ڕابەرن. ئەم فاکتەرە وای کردووە کە دەوڵەتانی عەرەبی و ئيسلامی لەگەڵ دەوڵەتانی دەرەکی هاوپەيمانی ببەستن بۆ خۆپاراستن لە یەکتر. 
لە سەردەمی شەڕی سارد، سۆڤيەت و چين لە ڕووی ئايدۆلۆژييەوە نزيکتر بوون لە یەکتر، بەڵام چين بۆ خۆپاراستن لە سۆڤيەت، لە ئەمريکا نزيک بووەوە کە نەياری یەکتر بوون لە ڕووی ئايدۆلۆژييەوە. سۆڤيەت کە لەسەر بنەمای ئايدۆلۆژیا درووست ببوو، دواجار هەر لەناوخۆوە ڕووخا و زۆربەی ئەندامەکانی بەرەو ناتۆ و ئەمريکا چوون. 

ئايدۆلۆژیا کاتێک دەکرێت ببێتە بنەمایەکی گرنگ بۆ هاوپەيمانێتی و نزيکایەتی لە پەيوەندييە نێودەوڵەتييەکان کە سيستەمی دوو جەمسەری هەبێت، وەک سەردەمی شەڕی سارد کە جيهان دابەش دەبێتە سەر دوو جەمسەر، هەر یەکێکیان ئايدۆلۆژیای خۆی دەکاتە درووشم و گوتاری سەرەکی. بەڵام لەو کاتەشدا بنەمایەکەی پتەو و جێگيری نييە، بۆ نموونە کە پرسی هەڕەشە هەبوو، وەک چين پشت لە سۆڤيەت دەکات و بەرەو ئەمريکا دەچێت. 

ئايدۆلۆژیاکان بۆ ناوخۆی دەوڵەت دەکرێت بنەمایەکی پتەو و بەهێز بن و کۆمەڵگە یەکبخات، بەڵام ئايدۆلۆژیا سروشتێکی شۆڕشگێرانەی هەیە، شۆرش بە گشتی سنوورەکان تێدەپەڕێنێت و دەچێتە دەرەوە، لە دەرەوە زیاتر دەبێتە مایەیی ناکۆکی و ململانێ، نەک نزیکایەتی. 

٤. فاکتەری ئابووری و بازرگانی: بە گشتی زۆربەی کات ئابووری و بازرگانی یەکێکە لە هۆکارەکانی نزيکایەتی لە نێوان دەوڵەتان. چين لەم سەردەمە ئەم فاکتەری کردووە بە ستراتيژ، دەيەوێت لەگەڵ هەمووان پەيوەندييەکی باشی هەبێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەشی ئابووری و بازرگانی. بەڵام ئەم فاکتەرە هەتا ئەو کاتە کار دەکات، کە جارێ فاکتەری هەڕەشە بوونی نييە. بۆیە لەگەڵ ئەوەی چين لەگەڵ زۆربەی دەوڵەتان پەيوەندييەکی ئاسایی و باشی هەیە، بەڵام لە ڕووی هاوپەيانێتييەوە لاواز دەردەکەوێت بەرانبەر بە ئەمريکا. 

بە گشتی هەڕەشە و ترسی هاوبەش فاکتەری سەرەکين بۆ رەفتاری زۆربەی دەوڵەتان بۆ سياسەتی دەرەوە. تێڕوانين و هەڵسەنگاندن بۆ هەڕەشەی سەرەکی، بە پێی ڕژێم و بارودۆخ و کات دەگۆڕێت. بەشێکی سەرەکی بەرژەوەندی دەوڵەت، لە چوارچێوەی هەڕەشە و مەترسی سەرەکيدا خۆی دەبينێتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP