دواین هەواڵ

جەنگەکە بەرەو کوێ؟

‌رەنج نەوزاد

4 کاتژمێر پێش ئێستا

دوێنێ زۆرێک چاوەڕوان بوون تڕەمپ لە پرێس کۆنفرانسەکە کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت، بە تايبەت کە پێشتر وتی شەڕەکە بەرەو کۆتایی دەچێت. ئەو لێدوانە کاريگەرييەکی خێرا و گەورەی کردە سەر نرخی نەوت. جارێ ڕوون نييە ئایا مەبەست لێی نرخی نەوت بوو یان شەڕەکە لەم چەند ڕۆژە کۆتایی دێت. هەردوو ئەگەرەکە لۆژيکييە.

لە یەکەم رۆژی هێرشەکە، ئاماژەم بەوە کرد نەک ڕژێمی ئێران، بەڵکو حکومەتی هيچ دەوڵەتێک تەنيا بە هێزی ئاسمانی و بۆردومان ناڕوخێت. بەڵکو بە دوو ڕێگا، هێرشی زەمينی، هاوشێوەی عيراقی ٢٠٠٣؛ جوڵانەوەیەکی ناوخۆ (خەڵک، کودەتا، گروپی چەکدار و ئۆپۆزسيۆن). ئاشکرایە تا ئێستا ئاماژەیەکی وا نييە کە ئەمريکا هێرشی زەمينی بکات. ئەوەی دەمێنێتەوە ناوخۆیە، ئەوە ڕوون نييە، ئایا ڕوودەدات یان نا، کەی و چۆن ڕوودەدات؟ ئەو کاتيش وتم باسکردنی ڕووخانی ڕژێم و هاندانی خەڵک لە لایەن ئيسرائيل و ئەمريکاوە زیاتر وەک فشار و تەکتيکە دژ بە ڕژێم، نەک ستراتيژ و ئامانجی سەرەکی جەنگەکە بێت. ئەگەر ئەمريکا ئامانجی جەنگەکە بکاتە ڕووخانی ڕژێم، ئەوا خۆی سەرباز دەنێرێت و هیرشی زەمينی دەکات، تەنانەت بە تەنيا پشت بە ناوخۆی ئێرانيش نابەستێت. ئەم هێرشەی سەر ئێران، لە جەنگی ئەمريکا و عيراق دەچێت لە ١٩٩١، نەک لە جەنگی ٢٠٠٣.

ڕاستە ويستێک هەیە بۆ رووخانی ڕژێم (بە تايبەت لە ئيسرائل) بەڵام ئەو ويستە ئامانجی جەنگەکە نييە لە ڕووی سەربازييەوە، بەڵکو ئەگەر ڕووبدات، وەک لێکەوتەیەکی هێرشەکە، باشتر، ئەگەر ڕوو نەدات ئەوە کار لە ئامانجە سەربازييەکان ناکات. بە پێی ئەوەی تا ئێستا ڕوويداوە، ئامانجی جەنگەکە لەسەر ئاستی سەربازی ڕوونە: لاوازکردنی ئێران وەک هێزێکی هەرێمایەتی لە ڕووی سەرکردایەتی و سەربازی و ئەمنييەوە. ڕاستە کووشتنی خامنەیی دەکرێت وا خوێندنەوەی بۆ بکرێت کە بۆ ڕووخانی ڕژێم بووە، بەڵام ئەمريکا و ئيسرائيليش دەزانن کووشتنی خامنەیی بە حەتمی نابێتە هۆکاری ڕووخان، بەڵام بە حەتمی گورزێکی بەهێزە لە سەرکردایەتی و توانای هەواڵگری و سەربازی ئێران. بە کووشتنی خامنەیی ئيتر ئێران هێزێکی هەرێمایەتی نييە وەک ساڵانی پێشوو، بەڵکو زیاتر وەک ميليشيایەکە یان وەک دەوڵەتێکی لاوازە شەڕی مانەوە دەکات، گوتاری فەرمی ئێران هەر ئاماژەیە بەمە، تاکە ئامانجی ئیران بووە بە مانەوەی ڕژێم و بەرگری، نەک سڕينەوەی ئيسرائيل لەسەر نەخشە و ئازادکردنی قودس و دەرکردنی ئەمريکا لەناوچەکە.

لەم ڕووەوە، ڕاستە جەنگەکە نزيکە لە کۆتایی. جگە لە سەرکردایەتی، توانای سەربازی و ئەمنی ئێران گورزی بێ وینەی لێ درا؛ سيستەمی بەرگری نەما و ئاسمانی لەژیر کۆنتڕۆڵی فرۆکەکانی ئەمريکا و ئيسرائيلە. توانای موشەکيەکەی ٩٠٪ دابەزيووە، ئێران پێش ٢ ساڵ توانای هەبوو بە یەکجار دەوروبەری ٣٠٠ موشەکی باليستی ئاڕاستەی ئيسرائيل بکات. لە ئێستا، چوار رۆژ دەبێت، بە یەکجار توانای نييە ٥ مووشەک ئاڕاستە بکات (زۆربەی ڤيديۆکانی ناو ئيسرائيل گوایە زیانی گەورەی پێگەيشتووە بە هۆی موشەکەکانی ئێران، هی شەڕی ١٢ رۆژە و شەڕی حيزبوڵا و حەوتی ئۆکتۆبەرە، یان ئەی ئای-یە، بۆ چەواشەکاری یان بە هەڵە ميدياکان بڵاوی دەکانەوە). پڕۆژەی ئەتۆمييەکەی گورزی کووشندەی لێدرا. هێزی دەریاییەکەی بە هەمان شێوە، هەر بۆیە دوێنێ هاتوچۆی کەشتييەکان زیادی کرد لە هورمز، چونکە ئێران توانای داخستنی هورمزی نەماوە. خاڵێکی گرنگ، دەرکەوت تەنانەت کەنداو، بە قەتەر و ئيمارات و بەحرێن و کوەێتەوە، دەتوانن بەرگەی هێرشەکانی ئێران بگرن، ئەو ترسە لە ئێران نەما، ئەمە بۆ ئێران زیانێکی ترە لە ڕووی پێگە و ڕەدع و هەژموونەوە.

لەبەرانبەردا، ئيسرائيل تا ئێستا یەک سەربازی بريندار نەبووە و نەکووژراوە، لە کاتێکدا ئێران تەنيا لە ئاستی سەرکردەی باڵا، دەوروبەری ٤٠ی لێ کووژراوە. ژمارەی کووژراوانی سڤيلی ئيسرائيلی نەگەيشتووەتە ١٥ کەس، بۆ جەنگیکی وا دەکرێت بڵێين ئيسرائيل زیانی مرۆیی نەبووە تا ئێستا. زیانە ماددييەکانی زۆر لە هی شەڕی ١٢ رۆژە کەمترە کە لەو شەڕەش زیانەکان کەم و سنووردار بوون. بۆیە ئاشکرا ديارە دەيەوێت درێژە بە شەڕەکە بدات، ئەوەی گومان دەکرێت شەڕەکە رابگرێت ئەمريکایە. تێچوونی سەرەکی بۆ ئيسرائيل، تا ئێستا، لەم جەنگەدا زیاتر تێچوونی ئەو موشەک و بۆمبانەیە کە بە ئێرانیيەوە دەنێت، لەگەڵ موشەکی سيستەمی بەرگری. ئەوەش ئامادەکارييەکی باشی بۆ کراوە و دەتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بێت، بۆیە دەخوازێت شەڕەکە هەر درێژە بکێشێت. تەنانەت بەرەیەکی تری شەڕی کردەوە لە لوبنان.

ئەوانەی دەڵێن ئەگەر ئيسرائيل ڕژێم نەڕوخێنێت کەواتە ئێران براوەیە، بۆچوونێکی هەڵەیە، یاخود پڕوپاگەندەیە بۆ پينەکردنی ئەو شکستە گەورەیەیی ئێران. ئيسرائيل لە مێژووی خۆيدا جەنگی لە ميسر و ئوردن و سوريا بردووەتەوە، بێ ئەوەی ڕژێمی ئەو دەوڵەتانە بگۆڕێت یان بڕوخێت. ئەو کاتەی دەبیتە هۆکاری ڕووخانی ئەسەد، لە جەنگدا نەبوو لەگەڵی، لە کاتێکدا ئەو وڵاتانە هاوسنووری ئيسرائيلن و دەتوانێت هیرشی زەمينی ئەنجامبدات. ئێران هاوسنوور نييە و هێرشی زەمينی بۆ ئيسرائيل مەحاڵە، ئيتر چۆن ڕووخانی ڕژێمی ئێران دەکاتە ئامانجی جەنگ! ئێران بە هۆی لاوازی خۆی، تاکە ئامانجی بووە بە مانەوە، لەو ڕەهەندەوە، ئامانجەکەی مانای دۆخی شکستە نەک سەرکەوتن، هاوشێوەی عيراقی ١٩٩١ سەدام پێی وابوو براوەی جەنگە چونکە مایەوە.

جارێ ڕوون نييە ئایا قۆناغی تر هەیە لە جەنگەکە یاخود نا، ئایا ئەمريکا هێرشێکی زەمينی تايبەت و سنووردار دەکات؟ ناوخۆ دەجوڵێنەوە؟ ئەمانە دەکرێت قۆناغی دواتری شەڕەکە بن، ئەگەر ئەو قۆناغانە نەبن، لە ڕووی سەربازييەوە شەڕەکە نزيکە لە کۆتایی. هاوکێشەی ناوچەکە بەرەو ئەوە دەچێت کە ٣ هێزی سەرەکی و هەرێمایەتی بمێننەوە، ئيسرائيل و تورکيا و سعوودييە (ئيمارات جارێ ڕوون نييە)، ئيسرائيل بەهێزترين و کاريگەرترينە، چونکە ئامادەیە لەگەڵ هەمووان شەڕ بکات، ئەوانی تر خۆیان لەو شەڕە بە دوور دەگرن. ئێران چووە دەرەوەی ئەو هاوکێشەیە، ڕوونيش نييە دێتەوە یاخود نا، یان چەند ساڵی پێويستە بۆ ئەوەی ببێتەوە بە هێزێکی هەرێمایەتی سەرەکی، چونکە کاتێک دەوڵەتێک ئامانجی تەنيا مانەوەی ڕژێمەکەی بێت، واتە دەرەوەی لەدەستداوە و بەشێکی سەرەکی لە هێزەکەی نەماوە، ئەمە بە هێزێکی ئيقليمی هەژمار ناکرێت ئيتر. ئەگەر هەیە ململانێکانی داهاتوو لە نێوان ئيسرائيل و تورکيا و، تورکيا وسعوودييە بێت، یاخود ئيسرائيل-ئيمارات بەرانبەر بە سعودييە-تورکيا، هەموویان دۆستی ئەمريکان، بۆیە ئەمريکا ئيدارەی ئەو ململانێيانەی داهاتووش دەکات، وەک پۆليسی جيهان و ناوچەکە، بەو مەرجەی هەڕەشەی سەربازی لە ئيسرائيل نەکرێت، چونکە لەم سيناريۆیەدا ئەمريکا لە ئيدارەدانی ململانێکانەوە دەچێتە بەرەی ئيسرائيل ئيتر بەرانبەر هەر لایەن و دەوڵەتێک بێت.

ئەگەر هێرشی زەمينی سنووردار و جوڵانەوەی ناوخۆ ڕوونەدات، دەکرێت شەڕەکە لە ماوەیەکی کورت کۆتایی بێت. ئەگەر ئەوانە ڕووبدات، شەڕەکە درێژە دەکێشێت. جارێ ڕوون نييە تڕەمپ مەبەستی چييە لە تەسليمبوونی بێ مەرج بۆ ئێران، لەوانەیە تەنيا فشار بێت، یاخود مەبەست لێی رێککەوتن بە پێی مەرجەکانی ئەمريکا. ئەگەر مەبەستی تەنيا تەسليمبوونی بێ مەرج بێت، شەڕەکە درێژە دەکێشێت.

بە هۆی لاوازبوون و کەوتنی ئێران و بەرەی ئێران، ڕووسيا و چين لەناوچەکە لاواز بوون و ئەمريکا بەهێزتر. ئەوەی ئاماژەی پێدرا لەسەر بنەمای فاکت و ڕووداوەکانی ئێستایە، بۆ ئايندە هەميشە ئەگەری گۆڕانکاری هەیە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP