دواین هەواڵ

دۆێنى شەهیدکردنى پێشمەرگە ،ئەمڕۆ پەلامارى تیرۆریستى بۆ سەر ماڵى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ ؟؟

‌رێبوار حەمەلاو شوانی

12 کاتژمێر پێش ئێستا

هەڵکەوتەى جوگرافى کوردستان کەوتۆتە ناوچەیەکى سەخت لە ڕووى مێژووییەکى پڕ لە ئاڵۆزى و ململانێی قورس و کە هەرگیز سەقامگیرى و ئاسوودەیی بەخۆیەوە نەبینیووە ، لەگەڵ ئەوەى گەلى کورد و ەک نەتەوەیەکى ڕەسەن هەرگیز باوەرى بە شەڕ وداگیرکارى نەبووە ،بەڵام بەدرێژایی مێژوو دوور لەویستى خۆى کەوتۆتە نێو ئاگرى شەڕى جەمسەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانەوە ، ئەوەتا جارێکى دیکە هەرێمى کوردستان کەوتۆتە نێو تاقیکردنەوە و ئەزموونێکى قورسەوە ، سەردەمێک لە بەهۆى بەرژوەندیی زڵهێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا بەش بەش و هەوڵى سڕینەوەمان درا و قوربانى زۆرمان بۆ مانەوەمان بەخشى،ـ ئێستاش دواى زیاتر لەیەک سەدە لە کۆتایی پەیماننامەیەکى شوومى بریتانى وفەرەنسى بەناوى سایکس پیکۆ، جارێکى تر پێشهات و رووداوەکان ژانى لەدایکبوونى نەخشەیەکى نوێ سیاسى لێ چاوەران دەکرێت . ئەوەتا چەند ساڵێکە و بە دیاریکراوە لەرووداى رووداوەکانى 7ى ئۆکتۆبەرى 2023 شەڕ و ململانێیەکان رۆژ بە رۆژ قورستتر دەبنەوە لە نێوان ئەمەریکاوئیسرائیل بەرامبەر ئێران ، بەتایبەت لە 28ى شووباتى 2026وە شەڕ و ئاڵۆزییەکان چڕتر بوونەتەوە ، ئەوەش تەنها جەنگ و کێبڕکێییەکى نێوان چەند دوڵەت نییە ،بەڵکو کۆتایی هێنان بە هەژمووونێکە کە 47 ساڵە دواى سڕینەوەى ئەمەریکاو ئیسرائیل دەکات لەناوچەکەدا ، ئەوەى جێگەى هەڵوەستەکردنە جارێکى دیکە گەلى کورد و خاکى کوردستان راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کراوەتە گۆڕەپاتى یەکلاکردنەوەى جەنگى گەرم و سارد زڵهێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان

وێراى ئەوەى گەلى کورد و سەرکردایەتیی سیاسى کوردستان بە ئاشکرا و ڕاشکاوى بێلایەنى خۆى لە نێو ئەو شەڕ و ململانێیاندا ڕاگەیاندووە ، بەڵام بە شێوەیەکى زۆر ناڕەوا بەغدا و  تاران چ ڕاستەوخۆ بێت یانیش بەڕێگەى گروپ و تاقمە تیرۆریست ولە یاسا دەرچووەکان بە هەموو جۆرە چەکێک پەلامار و هێرش دەکەن سەر خەڵکى سڤیڵ و پێشمەرگە شەهید ئەندامى دەزگە ئەمنییەکان شەهید و بریندار دەکەن ، ئەوە ئاماژە و پێشهاتێکى مەترسیدارە و دوورە لە هەمو وبەها مرۆڤایەتییەکان و دراوسێتى و پەیوەندییەکان  کورد و عەرەب و فارس ، لە کاتێکدا و بەدرێژایی 34 ساڵى حکوومڕانى هەرێمى کوردستان ، هەرگیز نەبووەتە مەترسى و نائارامى بۆ سەر هیچ گەل و دراوسێیەکى بەڵکو هەمیشە هەوێنى سەقامگیرى و ئاسایش و پێکەوەژیان بووە و پەیوەندیی ئابوورى و کۆمەڵایەتى بوارى دیکەش هەبووە ، بەڵام جێگەى داخە ، هەم دەسەڵاتى تاران و هەمیش بەغدا  بە زێهنیەتێکى زۆر دوژمنکارانە و ناڕەوا زمانى ئاگر  وئاسن و درۆن و مووشەک بۆ شکاندنى ئیرادەى گەکەلەمانیان گڕتەبەڕ  ، لەگەڵ هەموو ئەم دوژمنکاریانەدا سەرکردایەتیی سیاسى هەرێمى کوردستان هەوڵەکانى تەنها بۆ چارەسەری ئاشتیانە و لۆژیکانە و پارێزگاریکردن بووە لەخۆى بۆ تێوە نەگلان لە شەڕ و ململانێیەکانى ناوچەکە بووە

پەلامارى تیرۆریستى بەڕێگەى درۆنى بۆ مبرێژکراو بۆ سەر ماڵى نێچیرڤان بارزانى،سەرۆکى هەرێمى کوردستان ، لە شارى دهۆک ، رووداوێکى سادە و تەنها بۆ سەر ماڵى بارزانى نییە ، بەڵکو قۆناغ و هەنگاوێکى زۆر مەترسیدارە لە کات و ساتێکدا کە ناوچەکە بە قۆناغێکى زۆر هەستیار و پڕ لە گرژى گوزە دەکات ، بۆیە بە ئامانج گرتنى ماڵى سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێمان دەڵێت : 

یەکەم ،، لە دواى پێکانى پێگە سەربازى و ئەمنیی و ئابوورییەکان ، ئێستا پێگە سیاسى و دیپلۆماسییەکان و هێلە سوورەکان دەکرێت ئامانج بەتایبەت ماڵى نێچیرڤان بارزانى ، وەک سەرۆکى هەرێم کە خاوەن سەنگ و پێگەیەکى گرنگ و دیپلۆماسییە و کەسایەتییەکى دیار و بەرچاوە بۆ چارەسەرى کێشە ئاڵۆزەکان و کردنەوەى گرێکوێرەکان لە نێو ئاڵۆزییەکان ناوچەکەدا ، هەوڵێکە بۆ ئەوەى هەرێمى کوردستان پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانى لەگەڵ وڵاتانى زڵهێزى دونیا بپچێڕنێت 

دووەم ،، چڕبوونەوەى هێرش و پەلاماردان بۆ سەر کۆنسووڵخانەى وڵاتان و شوێنى سڤیل و فڕۆکەخانە و ماڵى سەرۆکى هەرێم کە ماڵى هەموو کوردێک و شوێنى چارەسەرى کێشەکانە و لێدانە سەر سەنگ و قورسایی هەرێمى کوردستان بەتایبەتى کە بارزانى ئەندازیارى ئاشتى و ئومێدە بۆ کوردستان و عێراق و خاوەن کردنەوەى کلیلى دەرگە داخراوەکانە و لەهەمانکاتیشدا پارێزەرى قەوارەى هەرێمى کوردستان و هەوێنى یەکریزى و تەبایی کوردوکوردستانە 

سێیەم ،، پەلامارى تیرۆریستى بۆ سەر ماڵى سەرۆکى هەرێم، خەونێکى نەزۆکە بۆ ئەوەى پەیوەندییەکانى کوردستان لەگەڵ وڵاتانى ناوچەکە و جیهان بچڕێنن ، بەڕێگەى دروستکردنى ترس لە نێو گەلى کورد وسەرکردایەتییەکەى و تا بەهەمووان بڵێن کوردستانیش شوێنکى پارێزراو نییە 

چوارەم ،، ئەو هێرش وپەلاماردانە تیرۆریستیانە لەکاتێکدایە گرژى و ناسەقامگیرى هەموو ناوچەکەى گڕتۆتەوە،بۆ نەیاران و دوژمنان گەلى کورد و  ئەم قەوارەیە چاویان بە هەرێمى کوردستان کە تاکە دوورگەى سەقامگیرە لە ناوچەکە وعێراق هەڵنایەت و خۆشیان تووشى هەرەسهێنان وشکست بوونەتەوە ، خەونى ئەوەش دەبینن تا ئەو تاقم وگروپە تیرۆریستیانە هەموو هەوڵێک بدەن تا کوردستان بگڵێنە ناو شەڕى ناوچەکەوە ، بۆ ئەوەى جگە لەوەى زیانى سیاسى ودیپلۆماسى و ئاسایشى , لەهەمانکاتیشدا کۆسپ و بەربەست لە بەردەم پێشکەوتنەکانى کوردستان دروست بکەن و متمانە خەڵکى کوردستان بە حکوومەت و دامەزراوەکانى کەم بکەنەوە،وەک چۆن لەماوەى رابردوو هەوڵیاندا و بەڵام نەیانتوانى 

پێنجەم،، لەماوەى رابردوو و ئێستاشدا دوژمنان و تیرۆریستان درێغیان نەکردووە ، لە هێرش وپەڵاماردان بۆ سەر پێشمەرگە و خەڵکى سڤیڵ و شوێنە گشتییەکان و نەوت و غازى کوردستان بۆ بێ ئومێدکردن و دروستکردنى ترس لە نێو خەڵکى کوردستان ، بۆیە ئەم کردەوە ترسنۆکانە و تیرۆریستیانە بەزاندنى هەموو هێڵە سوورەکان و پێوستە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بێتە سەر هێڵ چونکە ، چیتر ناکرێت ئەو  پەلامارە تیرۆریستیانە تەنها لە چوارچێوەى ئیدانەکردن و بەیاننامەى دا بمێنێتەوە 

شەشەم،، ئیستا ئیتر کاتى ئەوە هاتووە چۆن کوردستان ڕووبەڕووى تیرۆریستانى داعش بووە ، بەهەمان شێوە مافێکى رەواى خۆیەتى بەرگرى لە قەوارەى هەرێمى کوردستان و ئاسایشى نەتەوەیی ونیشتیمانى خۆى بکات و گرنگە تەکنۆلۆژیان و چەکى بەرگری پێشکەوتوو بۆ بەڕپەرچدانەوەى ئەو درۆن و مووشەکانەى دوژمنان لەلایەن زڵهێزانەوە بۆ دابین بکرێت لە پێناو پارێزگاریکردن لە سەروەرى خاک و نیشتمانمان 

گرنگە هەوڵە سیاسى و دیپلۆماسىییەکان چ لە سەر ئاستى ناوچەیی و نێودەوڵەتیی چڕ بکرێنەوە بۆ زیاتر پشتیوانى هەرێمى کوردستان و پارێزگاریکردن لێ و ئەرک و بەرپرسیاریەتى رەوندى کوردستانیش لەدەرەوە بۆ دروستکردنى گوشار لە سەر وڵاتانى زۆر زەروورەتە، لە هەمان کاتیشدا مێژوو سەلمێنەرە گەلى کورد قۆناغى زۆر لەوە سەخت و دژوارترى بڕیووە و هەرگیز بەرامبەر کوشندەترین و وێرانکەرترین چەکى دوژمنان ئیرادەى نەشکاوە و خۆى نەچەماندووە و ئەو هێرشە ترسنۆکانە و نامرۆڤانەیەش تەبایی و یەکهەڵ,ێستى نێوماڵى کوردستانى لەسەر ئاستى هەر چوار بەشى کوردستان زیاتر پتەوتر کردووە ، پارێزگاریکردنیش لە قەوارەیەک کە بەخۆینى هەزاران شەهید بەرهەم هاتووە و هەمیشە هەوێنى ئاشتى و ئارامى بووە و هەرگیز بە درۆن ومووشەک و پەلامارى تیرۆریستان و دوژمنە نامەردەکان ناڵەڕزێت و ناکەوێت

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP