بەیاننامەکەی دەوڵەتی یاسا (نووری مالیکی) لە وەڵامی دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی بۆ رێککەوتنی ھەولێر و بەغدا، لۆژیکی تێدایە، بەڵام ئەو لیست و گروپ و لایەنانەی کە دەیانەوێ بە ھەڕەشە مامەڵە لەگەڵ ھەرێم بکەن، بەم شێوەیە ئەنجامی نابێت...
ھەندێ لایەنی عێراقی دەڵێ با ئەمە قەرز بێت، ئێ خۆ ئێستا ھیچ نەماوە نەیکەن، درۆن، مووشەک، گەمارۆی ئابووری...؟
یانی چیتر دەمێنێ؟ تا لە دوای قۆناغی ئەم جەنگە بەرامبەر ھەرێم بیگرنە بەر...
ماوەیەکە سیاسییەکانی عێراق بە ئاشکرا بە شاندە باڵاکانی ئێمە دەڵێن، کە ئەوان دەسەڵاتیان زۆرنەماوە ئەوەی خاوەنبڕیارە لە عێراق سەرکردەکانی حەشدی شەعبین و دەڵێن لەگەڵ حەشد رێککەون...ئێ باشە ئێمە دەبێ چەند رێککەوتن بکەین:
یەکەم، لەگەڵ سیاسییەکانی عێراق.
دووەم، لەگەڵ سەرکردەکانی حەشد.
ئایا ئەمە لۆژیکە؟
حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ، وەک حکوومەت دەسەڵاتی بەسەر جومگە ھەستیارەکان ناڕوات، نمونەکە وەھایە:
ھەمووان لە بەردەم ھۆڵێکی نەشتەرگەری چاوەڕێی نەخۆشێک بن بەڵام نەخۆشەکە مردبێ و ئیتر پێی نەزانرێ، حکوومەتی عێراق لە ئاستی دەسەڵاتی حەشد خۆی مراندووە، ھەر لە بنەڕەتیشدا ئەم حکوومەتە لوتکەی دەسەڵاتی ھەڵقوڵای حەشدی شەعبییە، بە ناراستەوخۆ دەموچاوی ئەم ھێزانەیە، کەوایە دوو بژاردە ھەیە:
یان دەبێ لەم کاتکوشتنە رابێین تا دۆخەکە بەلایەک دەگات..
یان ئەوەتا دەبێ راستەوخۆ سەیری ناوچاوی ئەم دەسەڵاتە بکەین و ئیتر حەق و حسابێک بکرێ، چ بە ھێز، یانیش ئاشتی.
ھێشتا ھیچ نەبووە ھەندێ ھێزو لایەن لە بەغدا دەڵێن، سەبرکەن نۆرەتان دێ؟!!! ئەمە رێک گوشارێکە کە ھەرێم لەگەڵ سەرکردەکانی حەشد رێککەوێ..
لەم نێواندە مالیکی ماوە کە ئومێدی ھەیە ببێتە سەرۆکوەزیران، ئەو لەگەڵ گفتوگۆیە، تاڕادەیەکی زۆریش بڕیاری لە دەستە، بەڵام نازانرێ کە لە دوای ئەم جەنگە دۆخی عێراق چی بەسەر دێ...
تا ئێرە کورد نەکەوتووە، سبەینێی و داھاتوویش ناکەوێ...
رێککەوتن لەگەڵ حەشد یانی چۆن؟ لەسەرچی؟ بۆچی؟ کە ھەرخۆی ئەم فۆرمەی حوکمڕانییە لە عێراق شەرعیەتی لە ژێر پرسیاردایە، ئەی ئەگەر دۆخەکە گۆڕا؟؟ تەواوی فۆرمی حوکمڕانی لە رۆژھەڵاتی ناوین دوای ئەم جەنگە گۆڕا؟ ئەوکاتە ئەم ھێزەنە لەکوێ بدۆزینەوە بۆ رێککەوتن!!! ئەگەر نەشگۆڕا ئیدی پێگەی ھەرێم ناسڕێتەوە و ناکەوێ، گەر سەد ھێندەش ھەڕەشە بکەن.