ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە مێژووی هاوچەرخی خۆیدا، هەرگیز بە ئەندازەی ئەمڕۆ لەبەردەم تاقیكردنەوەیەکی سەخت و ئاڵۆزدا نەبووە. ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەی لە نەخشەی ململانێ نێودەوڵەتییەکاندا ڕوودەدەن، وایکردووە ناوچەکە وەک تەختەیەکی شەترەنج دەربکەوێت کە تێیدا جوڵەی هەر پارچەیەک کاریگەری لەسەر چارەنووسی گۆی زەوی دەبێت.
لەم نێوەندەدا، (هەرێمی کوردستان) وەک هەرێمێکی سیاسیی کاریگەر، نەک هەر تەنیا وەک چاودێرێک، بەڵکو وەک کارەکتەرێکی خاوەن پێگەی ستراتیژی لە هاوکێشەکاندا دەرکەوتووە.
جیۆپۆلەتیکی کوردستان لەم جەنگە نوێیەدا، سەلماندی کە سەقامگیریی ئەم ناوچەیە بەشێکی جیانەکراوەیە لە ئاسایشی وزە و ئاسایشی نێودەوڵەتی.
لە ڕوانگەی تیۆرە سیاسییەکانەوە، بەتایبەت لە چوارچێوەی "ڕیالیزمی پێکهاتەیی"دا، پاراستنی قەوارە نادەوڵەتییەکان یان ئەو هەرێمانەی لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی فیدراڵیدان، پێویستی بە جۆرێک لە "خۆپاراستنی ژیرانە" هەیە. بۆ هەرێمێکی وەک کوردستان کە لە دەورەبەریدا چەندین هێزی گەورە و ململانێ هەن، "مانەوە" (Survival) دەبێتە بەرزترین ئامانجی سیاسی.
لەم دۆخەدا، گرنگترین هونەر ئەوەیە کە چۆن بتوانیت لەناو جەرگەی ئاگرەکەدا بیت و ڕێگە نەدەیت پریشکی جەنگەکە بەر جەستەی قەوارەکەت بکەوێت.
وەک "هانس مۆرگنتاو" زانای ناوداری سیاسی ئاماژەی پێدەدات: «لە کاتی قەیرانە گەورەکاندا، هێزی ڕاستەقینە لەوەدا نییە چەندە دەتوانیت جەنگ فراوان بکەیت، بەڵکو لەوەدایە چۆن دەتوانیت بەرژەوەندییەکانی خۆت لەناو هەڵچوونی ئەوانی تردا بپارێزیت.» ئەم گوتەیە بە تەواوی لەگەڵ سیاسەتی ئێستای هەرێمی کوردستاندا دەگونجێت؛ هەوڵدان بۆ ئەوەی کوردستان نەبێتە بەشێک لە بەرەی جەنگ، بەڵکو ببێتە بەشێک لە مەودای ئارامی، گەورەترین دەستکەوتی دیپلۆماسییە.
سەرباری ئەو هەموو ئاڵۆزییانە، هەرێمی کوردستان مۆدێلێکی دەگمەنی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی ئایینی و نەتەوەیی پێشکەش کردووە.
هەر ئەمەش وایکردووە کە ببێتە ئامانجی ئەو لایەنانەی کە سەقامگیریی ناوچەکە بە زیانی خۆیان دەزانن.
بە درێژایی ساڵانی ڕابردووش، ناردنی مووشەک و درۆنەکان بۆ سەر هەولێر، هەوڵێکی مەبەستدار بووە بۆ تێکدانی ئەو ژێرخانە ئابورییەی کە کوردستان دەبەستێتەوە بە بازاڕە جیهانییەکانەوە.
ئەوان دەیانویست، پەیامی ترس بنێرن کە "هیچ شوێنێکی ئارام بوونی نییە"، بەڵام خۆڕاگریی هەرێم و بەردەوامیی ژیان تێیدا، ئەو هاوکێشەیەی پێچەوانە کردەوە.
لە ئاستی جیهانیدا، ئێستا ململانێی جەمسەربەندیی نێوان ئەمریکا، چین و ڕووسیا گەیشتووەتە لووتکە. لە لایەکی تریشەوە، ئیسرائیل وەک کارەکتەرێکی سەرەکی لە هەوڵی پاراستنی پێگەی خۆیدایە. لێکەوتە سەربازییەکانی ئەم کێبڕکێیانە زۆر جار وڵاتانی بچووک دەکەنە قوربانی.
لێرەدا ڕۆڵی دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستان دەردەکەوێت. بۆ نموونە، ئەو هەوڵە چڕانەی سەرۆک بارزانی لەگەڵ واشنتۆن و پایتەختە ئەوروپییەکان دای، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەبوو لەوەی کە پریشکی ئاگری جەنگی ناو سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان زیاتر تەشەنە نەکات و ناوچەکە بەرەو کارەساتێکی مرۆیی گەورەتر نەڕوات. ئەم جۆرە لە "دیپلۆماسیی ڕێگری" نیشانەی تێگەیشتنێکی قووڵە لە هاوسەنگیی هێز.
ناکرێت باس لەم سەقامگیرییە بکەین و ئاماژە بە ڕۆڵی مێژوویی و مەرجەعییەتی سیاسیی سەرۆک مەسعوود بارزانی نەکەین.
وەک مەرجەعێکی نەتەوەیی، سەرۆک بارزانی هەمیشە جەختی لەسەر پرەنسیپی "دەستوەرنەدان" لە کاروباری پارچەکانی تری کوردستان کردووەتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا وەک چەترێکی پارێزەر بۆ هەموو کوردان ماوەتەوە. ئەو کاتەی پرۆسەی ئاشتی لە باکوری کوردستان بەرەو چەقبەستوویی دەچوو، یان کاتێک ڕۆژئاوا لەبەردەم هەڕەشەی لەناوچووندا بوو، سەرۆک بارزانی بە کەناڵە دیپلۆماسییە بێدەنگ و کاریگەرەکانی، توانیویەتی ببێتە مایەی هێورکردنەوەی دۆخەکە.
ستراتیژی سەرۆک بارزانی لەسەر بنەمای "ئاشتی لە ناوخۆ و هاوسەنگی لە دەرەوە" دامزراوە. ئەو دەزانێت کە هەرێمی کوردستان تەرەف نییە لە هیچ جەنگێکی هەرێمایەتیدا، بەڵام پێگەکەی وایکردووە کە نەتوانرێت هیچ بڕیارێکی چارەنووسساز لە ناوچەکەدا بەبێ ڕەچاوکردنی هەولێر بدرێت. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە کوردستان توانیویەتی لە "کێشە"وە ببێتە "چارەسەر".
لە کۆتاییدا، هەرێمی کوردستان لەبەردەم گۆڕانکارییەکی گەورەی مێژووییدایە. پاراستنی ئەم قەوارەیە تەنیا ئەرکی لایەنێکی سیاسی نییە، بەڵکو پێویستییەکی نەتەوەیی و هەرێمایەتییە. بەردەوامبوون لەسەر سیاسەتی بێلایەنیی ئەرێنی، پەرەپێدانی پێکەوەژیان و بەهێزکردنی کەناڵە دیپلۆماسییەکان، تەنیا ڕێگەن بۆ ئەوەی کوردستان لەم زریانە بە سەلامەتی دەربچێت و وەک لانکەی ئاشتی و ئارامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بمێنێتەوە. هەرێمی کوردستان سەلماندی کە دەکرێت دەوڵەت نەبیت، بەڵام وەک دەوڵەتێکی بەرپرسیار و خاوەن متمانە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا هەڵسوکەوت بکەیت.