دواین هەواڵ

ئایە كورد پێویستە بەشداری شەڕی ئێران _ ئەمریكا بكات؟

‌کارزان گلی

9 کاتژمێر پێش ئێستا

(١)
بەگوتەیەكی گرنگی زانای ئیسلامی ئیبین روشد دەستپیدەكەم كە دەڵێت ”هێلكە ئەگەر لەناوەوە شكا، ژیانێكی تازە لەدایك دەبێت، بەڵام ئەگەر لە دەرەوە بشكێت، هێچی لێ بەرهەم نایەت و هێلكەكە ورد خاش دەبێت“
بۆ بارودۆخی ئێستای ئێران، ئەو گوتەیەی ئیبین روشد دەگونحێت، چونكە ئەمریكا و ئیسرائیل دەیانەوێت لە دەرەوە لە هێلكەكە بدەن، بەڵام ئەو ترسەیان هەیە هێلكەكە ورد و خاش بێت و ژیانێكی تازە دروست نەبێت، وەلێ ئەگەر لەناوەوە لە هێلكەكە بدەن، ژیانێكی تازە دەستپێدەكات و جوجەلە سەری دەردەهێنێت و ژیان دەستپێدەكات.
ئەمریكا هەمیشە ستراتیژی وابووە لە دەرەوە هیلكەكەی شكاندووە، بۆیە ژیان وێران بووە، ئەوەتا لە لیبیا، لە ڤێتنام و ئەفغانستان و عێڕاق و زۆر شوێنی تر، ئەمجارەشیان بەرامبەر بە ئێران هەمان سیاسەت پەیڕەو دەكات، بەڵام دەركەوت هێلكەی ئێران لە دەرەوە بەئاسانی ناشكێت، دەبێت لەناوەوە بیشكێنێت، بۆ ئەمەشیان كورد و موجاهیدینی خەڵقی هەیە، بەڵام كورد یاریكەرە سەرەكییەكەیە.
دۆناڵد ترەمپ، لەگەڵ بەرپرسانی كورد قسەی كردووە، بەتایبەت سەرۆك بارزانی، بەڵام وەڵامەكان دڵخۆشكەر نەبوونە، چونكە كورد ئیدی تێگەیشتووە دەبێت سیاسەت بكات نەك وەكوو ماشە بەكاری بهێنن.
چەند شڕۆڤەكارێكی سیاسی توركیا پێیانوایە بارزانی تێگەیشتووە لەوەی نابێت كورد ببێتە ماشەی هیچ وڵاتێك، چونكە لەرۆژئاوای كوردستان ئەو هەنگاوە نرا و كورد زوو فریای خۆی كەوت، نایانەوێت لە رۆژهەڵاتی كوردستان هەمان سیناریۆ دووبارە ببێتەوە.
راستە كورد نابێت بەشداری شەڕی نێوان ئەمریكا و ئێران بكات و ببێتە لایەنگر، بەڵام ناشكرێت هەروا بێلایەن بێت، چونكە لە ئەگەری گۆڕانكاری لە ئێراندا كورد بەدەست بەتاڵی لێی دێتە دەرەوە، بۆیە دەبێت ستراتیژی هەبێت بۆ هەموو ئەگەرێك، بۆ نموونە لە ئەگەری رووخانی رژێمی ئێران ستراتیژی لەگەڵ ئەمریكا هەبێت، لە ئەگەری مانەوەی ئێرانیش ستراتیژی لەگەڵ رژێمی ئێران هەبێت، چونكە مانەوەی رژێم، بەبێ گۆڕانكاری نابێت و دەبێت لەو گۆڕانكارییەدا دەستكەوت بۆ كورد مسۆگەر بكرێت.
(٢)
ئەم گۆڕانكارییە خێرایانە پێمان دەڵێت، كۆنگرەی نەتەوەیی بۆ كورد چەند گرنگە، ئاخر ئەگەر كۆنگرەی نەتەوەیی دروست بكرایە، هەموو بڕیارێك لەوێوە دەدرا، واتە دەبووە كۆنگرێسی كورد و بڕیارە چارەنووسسازەكان هەموو لەو كۆنگرێسەوە دەدرا، بۆیە ئەمڕۆ كۆنگرەی نەتەوەیی كورد دروست ببێت باشترە لە بەیانی.
بەڕێز ئۆجەلان، لە ئیمیڕاڵییەوە پەیامی بۆ سەرۆك بارزانی ناردبوو و داوای لێكردبوو كۆنگرەی نەتەوەیی ببەستێت، چونكە تەنیا كۆنگرەی نەتەوەییە كورد لەو رارایی و بێسەنتەرییەی بڕیاردان رزگار دەكات.
بەڵام پرسێك هەیە گرنگە، هەر سەركردەیەكی هەر پارتێكی سیاسی، بەشدار بێت لەو كۆنگرەیەی ناوی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردە، نابێت بڕوای بە دەوڵەتی كوردی نەبێت، چونكە ئامانجی گەورەی كۆنگرەی نەتەوەیی بڕیارە لەسەر پرسە چارەنووسسازەكان، كە دەوڵەتی كوردی لەسەرووی هەموو پرسەكانی تردایە.
با بەیەك دەنگ و هەموومان داوا بكەین كۆنگرەی نەتەوەیی بەزووترین كات دروست ببێت، لەم ساتە مێژووییەدا تەنیا كۆنگرەی نەتەوەیی كورد دەپارێزێت و لە هاوكێشە جیهانییەكان و ناوچەییەكاندا شوێنی بۆ دەكاتەوە.









Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP