گەڕی دووەمی جەنگ و ململانێکانی نێوان ئێران لە لایەک، و ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە لایەکی دیکەوە کە نزیکەی هەفتەیەکە دەستی پێکردووە، تەنها جەنگێکی ئاسایی و تەقلیدی نییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؛ بەڵکو دەکرێت وەک “جەنگی گۆڕانکاریی سەدە” وەسف بکرێت. ئەم چەمکە ئاماژەیە بۆ ئەو وەرچەرخانە مێژووییانەی تەنها سەدەی جارێک ڕوودەدەن و زنجیرەیەک گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە نەخشەی سیاسی و جیوپۆلەتیکی ناوچەکەدا بەدوای خۆیاندا دەهێنن. ئەوەی ئەم قۆناغە لە ڕابردوو جیا دەکاتەوە، گۆڕانی ستراتیژیی ململانێکەیە لە “شەڕی سێبەر” و “بریکارەکان”ەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ.
ئەم وەرچەرخانە بە “شکانی نوکی ڕمەکە” دەستی پێکرد، کە ئامانج لێی تەنها پەکخستنی توانای سەربازی تاران نەبوو، بەڵکو مەبەست لێی تێکشکاندنی ناوەندی بڕیاردانی سیاسی و سەربازی بوو لە تاران. لە نێوان ئەم کێشمەکێشانەدا، کۆمەڵێک پرسیار یەخەی ئێمە دەگرن ئەوانیش بریتین لەوەی:
ئایا ئێرانی گەمارۆدراو تا چەند بەرگەی درێژەکێشانی جەنگ دەگرێت؟ و لێکەوتەکانی ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە لەسەر تاران چی دەبن؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارانەدا، دەتوانین بڵێین توانای سەربازی و ئابووریی ئێران لە بەردەم دوو ڕاستی دژبەیەکدایە، کە وەک خاڵی بەهێز و لاوازی تاران دەردەکەون:
یەکەم/ خاڵی بەهێز، تاران هەوڵ دەدات لە ڕێگەی جبەخانە موشەکییە بالیستییەکانی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی، شانبەشانی گروپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا (بەتایبەت لە عێراق)، گورزی کاریگەر لە بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا بوەشێنێت و تێچووی جەنگەکە بۆ بەرامبەرەکانی گران بکات.
دووەم/ خاڵی لاواز: درێژەکێشانی جەنگەکە دەبێتە هۆی داڕمانی تەواوەتیی ژێرخانی ئابووریی ئێران کە پێشتریش بەدەست گەمارۆکانەوە نەیاندەناڵاند. هاوکات، کەلێنی گەورەی تەکنەلۆژی و هەواڵگری لە بەرامبەر ئیسرائیل و ئەمەریکا، سوپای ئێرانی لە دۆخێکی بەرگریی سەختدا داناوە. لە لایەکی دیکەوە، ئێران لە ناوخۆدا بەدەست قەیرانێکی قووڵی “شەرعییەت و یەکهەڵوێستی” دەناڵێنێت. بێزاریی گەلانی ئێران، بەتایبەت نەتەوەی کورد، لەگەڵ تێچووی بەرزی بژێوی و ئەو قەیرانە داراییەی ساڵانێکە بەرۆکی خەڵکی گرتووە، وای کردووە بەشێکی زۆری کۆمەڵگە چاویان لە گۆڕانکاریی بێت. ئەم دۆخە سوپای ئێرانی خستووەتە بەردەم دوو ئەرکی تاقەتپڕوکێن، لە لایەک سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان و لە لایەکی دیکەشەوە خۆتەرخانکردن بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشە دەرەکییەکان.
ئەوەی ئەم جەنگە وەک “ڕووداوی سەدە” وێنا دەکات، ئەوەیە کە ئەمە بە دوا دەرفەت لەبەردەم ئیسرائیل و ئەمەریکا دادەنرێت. چونکە دەربازبوونی ئێران لەم جەنگە بەبێ گۆڕانکاریی ڕیشەیی، وادەکات تاران بگاتە قۆناغی “بەرگریی ئەتۆمی”. ئەگەر ئێران ببێتە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی، هاوسەنگیی هێز بە تەواوی دەگۆڕێت و دەستوەردانی سەربازی لە داهاتوودا دەبێتە مەحاڵ. بۆیە فشارەکانی ئێستا بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێکەیە پێش ئەوەی تاران بگاتە خاڵی بێ گەڕانەوە.
لە ئەگەری یەکلابوونەوەی دۆخی تاران، پێشبینی دەکرێت” حەڵقەی دووەم”ی گۆڕانکارییەکان بگاتە ئەنقەرە. هەرچەندە تورکیا ئەندامی ناتۆیە و گۆڕانکارییەکانی زیاتر شکڵێکی “سیاسی و ناوخۆیی”یان دەبێت، بەڵام گەیشتنی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مافە نەتەوەیی و سیاسییەکانیان، دەبێتە پاڵنەرێکی بەهێز بۆ بزووتنەوەی کورد لە تورکیا و تەواوکردنی زنجیرەی گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. کە دەکرێت حەڵقەی دووەم لە وتارێکی دیکەی تایبەتدا قسەی لەبارەوە بکەم. بەڵام لە کۆتاییدا، دنیای سیاسەت هاوشێوەی یاریی شەترەنجە؛ هەر جووڵەیەک لێکەوتەی خۆی هەیە و تێگەیشتن لێی پێویستی بە وردبینی و سەبرێکی زۆرە. ئەم شیکارییە خوێندنەوەیەکە بۆ ڕووداوە چاوەڕوانکراوەکان، بەڵام هەمیشە دەبێت ئەوەمان لەبەرچاو بێت کە یارییە سیاسییەکان دیوێکی شاراوەیان هەیە کە خوێندنەوەی وردیان تەنانەت بۆ کارەکتەرە سەرەکییەکانی ناو ڕووداوەکەش کارێکی ئاسان نییە.