دواین هەواڵ

گەلى کورد ،،کلیلى ئاشتى،هاوسەنگییە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و بە بێ کورد ئەستەمە

‌رێبوار حەمەلاو شوانی

1 رۆژ پێش ئێستا

گەلى کورد وەک نەتەوەیەکى ڕەسەن وخاوەن خاک ومێژوو و زمان وکەلتوورى تایبەت و شارستانییەکى کۆن ، لەلایەن هەر دوو ئیمپراتووریەتى عوسمانى وسەفەوەی، ئینجا دواتر لەماوەى یەک سەدەى رابردوو بە سەر هەر عەرەب،فارس،تورک و چوار دەوڵەتى عێراق،تورکیا،سووریاو ئیران کە  دروستکراوى دەستى ڕێککەوتننامەى شوومى سایکس پیکۆ و لۆزان بوو لەساڵانى 1916 و 1923 دابەش و بەو وڵاتانەوە لکێنران ، چونکە ئەو وڵاتانە لەسەر بنەماى نکۆلیکردن لەسەر  سەر خاک و نەتەوەى کورد دروستکراون.
هەر ئەوەشە ماوەى سەد ساڵە داگیرکران شوناسى خۆیان لەسەر نەتەوەى سەردەست دامەزاندووە ، واتە یەک نەتەوەى باڵا دەست کە تێیدا هەموو مافێک و شوناسێکى نەتەوەیی کورد ڕەتکردۆتەوە ، بۆیە سەدەیەک دواى ئەو ڕێککەوتننامەى تا ئێستا پرسى کورد و دۆزى کورد لە رووى سیاسى و کەلتوورییەوە بە بێ چارەسەرى ماوەتەوە .ڕاستە جیهان گۆڕانکارى بەسەر هاتووە ، بەڵام زێهنیەتى سیاسى هەر چواردەوڵەتە داگیرکەرەکە هەر وەک خۆى ماوەتەوە و نەگۆڕاوە . بۆیە ئەو دەوڵەتە دروستکراو و دەستکردانە هەر چى هەوڵ بدەن بە توندوتیژى چارەسەرى دۆزى کورد بکەن ،بەڵام ناتوانن ڕێگرى لەو دابەشکارییە نوێییەى نەخشە سیاسییە نوێیە بە دروستکردنى فشار و کوشتن و بڕین و کۆمەڵکوژییەکى دیکەى گەلى کورد بگرن 
دەبێ ئەو راستییە بزانرێت چارەسەرى پرس و دۆزى کورد وکۆتاییهێنان بە خاڵى لاوازى خۆتان لە دانپێدانانێکى نوێی هاوچەرخ و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەوە بێت بەداننان بە مافێکى چارەى خۆنووسین لە ناو هەر چوار دەوڵەتى داگیرکەر ، تەنیا بەوەش دەتوانرێت سەقامگیرى و ئاشتى لە ناوچەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بەدى دێت ، چونکە بە بێ دادپەورەى ، دیموکراسى، مافى چارەى خۆنووسین ئەستەمە ئاشتى لە ناوچەکە بەدى بێت ، کلیلى ئاشتى و هاوسەنگى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست تەنیا کوردە و بە بێ کورد ئەستەمە ؛ چونکە مێژوو سەلماندوێتى و هەموو دونیاش باش ئەو راستیە دەزانن گەلى کورد نەتەوەیەکى ئاشتیخوازە و هەرگیز باوەرى بەشەڕ نییە ، بەڵکو هەمیش حەزى لە لێبوردەیی و میانڕەویی ، پێکەوەژیانە و ستەمى مێژوویی بەرامبەر فێرى بەرگریکردنى کردوو ، فەرهەنگ و شارستانیەتى کورد لە شەڕەوە نەهاتووە ، بەڵکو لە خۆشەویستى بۆ ژیان و کشتوکاڵ و ژیانێکى ئاسوودە بۆ خۆى و دەوروبەرییەوە بووە ؛ بەڵام پێچەوانەکەى هەر چوار دەوڵەتى داگیرکەر بە دڕنداتەترین شێواز وەڵامى خەباتى ڕەواى کوردیان داوەتەوە 
هەموو خەبات و تێکۆشان بەرامبەر کۆمەڵکوژى و چەکى قەدەغەکراو و زیندەبەچاڵکردن و لە سێدارەدان و کیمیاباران وراگواستن و هەوڵى تواندنەوەى گەلى کورد لە نێو تورک و فارس و عەرەب و لە ئێستاشدا هەوڵى لەناوبردنى گەلى کورد لە رۆژئاواى کوردستان لە سەر مورتەزەقەى داعش و دوژمنانى کوردستان بەڵام خەباتى گەلى کورد نەوەستاوە و ئەمڕۆ کورد هەموو بووتە یەک جەستە ، لە هەر بەشێکدا شێوازێک خەبات بۆ رزگارى بەرامبەر داگیرکەران بەردەامە ، بۆیە ناکرێت چیتر گەلى کورد بەرامبەر هەموو ئەو ستەمکارییانە و نکۆڵیکردنانە بێدەنگ بێت و دەبێت خاوەن خاک و سەربەخۆیی و مافى چارەى خۆنووسینى خۆى بێت .
مێژوو سەلماندى هەموو ئەو سنوورانە دەستکردن ، دەیان ساڵە داگیرکەران لەسەر خاک و نیشتیمانى کوردان سەروەت و سامانەکەى بەتاڵان دەبەن و ئەوى دیکەشى بۆ کڕینى چەک و بۆ لەناوبردنى بەکاردێنن ، بۆیە باش دەزانن ئەم خاک و نیشتیمانەى ناوى کوردستان نەموڵک و نە خاوەن تاپۆشن بەڵکو بە زۆر دابەشکراواە و بە زۆر لکێنراوەتە سنوورە دروستکراوەکان و هیچکاتێکیش ڕەوایەتى نەبووە  
رووداو و پێشهاتەکانى 12 ساڵى رابردوو و بەئێستاشەوە و شەڕى داعش و تیرۆریستان و میلیشاکان ، بۆ هەموو جیهان سەلمێنرا ، پێشمەرگە و شەڕڤانەکان لە جیهانى هەموو جیهان بەرگرییان لە ئازادى و مرۆڤایەتى کرد ، لە هەمانکاتیشدا ئەو راستییەش روونە گەلى کورد هێزێکى کاریگەر و چارەنووسساز بووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى ستەمکارى و توندڕۆى ، ئەگەر خۆڕاگرى  و بوێرى کورد نەبووایە هیچ هێزێک نەیدەتوانى لە جیهان ڕووبەڕووى دڕندە و زۆمبییەکان داعش و فاشیزمەکان ببێتەوە ؛


بۆیە بێگومان و دوو دڵى گەلى کورد قوربانى مێژووى پیلانگێرى و چاوچنۆکى زڵهێزەکان بوو ، ئەوانەى ئەمڕۆش بەناوى یەکپارچەى وڵات و سەروەرى قسە دەکەن ، مێژووى داگیرکەرى خۆیانى پێ دەشارنەوە ، چونکە داواکارى کورد داواکارى مافە نەک شەڕخوازى ، ئەم مافەش واتاى ژیانە بۆ گەلى کورد کە کۆکە لەگەڵ سیاسەتى و جارنامەى مافەکانى مرۆڤ ، لە سەدەى بیست ویەکەمدا ، ئێستا ناوچەکە و سیاسەتى نێودەوڵەتیش گۆڕاوە ، بەڵام تا ئێستاش کوردوکوردستان لە نێو داگیرکەرییە فیرک و سیاسییەکانى هەر بە داگیرکراوى ماوەتەوە ، هێشتا خەونى  هێشتنەوەى گەلى کورد بە ژێر دەستەیی دەبینن هەرگیز مافە نەتەوەییەکانى کوردیان لەبەرچاو نەگڕتووە ، بۆیە هەموو چەک و ئامراز و سیناریۆ و قەیرانێک بۆ سەرکوتکردن بەکار دێنن
لە بنەڕەاتدا ئەو وڵاتانە خاوەن سەوەرى خۆیان نین ، سەروەرى خۆیان بە تێکدانى سەروەرى نەتەوەی کورد بونیاتناوە ، سەروەرى ئەو وڵاتانە لە بنەڕەتەوە لە دژایەتى و ترسەوە سەرچاوەى گرتووە، نەک لەڕەوایەتى و ماف و ڕەزامەندى "  چونکە ئەوەى ناوى پارێزگاریکردن و سەروەرى و یەکپارچەى خاک بێت پروپاگەندەى بۆ دەکەن ، ئەوەش جۆرێکە لە سیاسەتى نکۆڵیکردن لە ماف و پرسى کورد ، بۆ ئەوەى گەلى کورد بەناوى جودا خواز و تێکدەرى لە هەموو مافێک بێ بەش بکەن 
بۆیە، زەروورەتێکى مێژووییە و ئەرکى هەموو کوردێکە  لەم قۆناغەدا بە چەکى کوردایەتى ئەویش تەبایی و یەکهەڵوێستیە ، بەهێزکردنى بیروباوەرى کوردایەتییە ، ئینجا بە یاسا و هێزى نەرم  ودیپلۆماسى بێت ،پێداگرى لەسەر مافە زەوتکراوەکان و خاکى کوردستان بکەین و ناچاریان بکەین دان بەمافى چارەى خۆنووسینمان بنێن ، ئاشتى دەتوانێت بنەمایەکى باش بێت ، بەدڵنییاییەوە ئێمە شەڕخواز نین ، ئێمە چاومان لەداگیرکردنى خاکى هیچ گەل و نەتەوەیەکى دیکە نییە ،  کوردستان یەک پارچەیە ، ئێمە رێگەى ئاشتیمان بۆ بەدیهێنانى مافى سەربەخۆیی یان کۆنفیدراڵى یان فیدڕاڵى بە مسۆگەرى دەوێت ، ئەوەش باشترین ڕێگەیە بۆ پێکەوەژیانى ئاشتیانە لەگەڵ هەموو گەل ونەتەوەکانى دراوسێ ، چونکە ئازادى کوردوسەربەخۆیی و دەوڵەتی کورد مەترسی نییە بۆ  سەر ناوچەکەو نەتەوەکان، بەڵکو هیوایە بۆ ژیان و ئاشتى و هاوسەنگى

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP