مێژوویی خەباتى گەلى کورد پڕە لەوەى دوژمنان و داگیرکەران بەو هەموو ئەو ستەمکاری و وێرانکارییانە و کۆمەڵکوژى و ئەنفال وکیمیاباران و تیرۆر و تا دەگاتە کەزیی بڕین و ئاوارەی و دەرەبەدرەى و هەوڵى گۆڕینى شوناس و خاک تا تواندنەوەى نەتەوەیەک ؛ ئەوەى ئێستا بەرامبەر بە گەلى کورد دەگوزەرێت پەیوەست نییە بەناوچە وبەشێکى دابڕاو لە خاکى کوردستان بەڵکو چەند باربوونەوەى ستەمکارى و ئەو زێهینیەتە فاشیزمەیە بەرامبەر بە کوردوکوردستان و پێشیڵکردنى هەموو مافەکانى مرۆڤە ، ودوورە لەهەموو بەها و رەوشتێک و بەزاندنى هەموو سنوورە ئەخلاقییەکانە
دوژمنان ئەگەر دوێنى گەلى کوردیان تەنیا لەبەر کوردبوون زیندەبەچاڵ و شوێن بزر دەکرد ، ئەوەتا ئەمڕۆ کەزییەکەى کەهێماى شکۆمەندى ئافرەتى کورد دەبڕن و لەسەر باڵەخانەى چەند نهۆمى جەستەى بێ ڕێزانە فڕیدەدەنە خوارەوە ئەوەش ئەوپەرى دڕندانەیەتى و بەربەرییەتە بەرانبەربە بە هەموو کورد ، بەردەوامى توندوتیژى و دوژمنانیەتى و شکاندنى کەسایەتى و خەونى سڕینەوەى شوناس و فەرهەنگى نەتەویەکە ؛ بەڵام پێدەچێت هەموو ئەو شکستانەى کە لەسەر دەستى ئافرەتانى کورد لە ساڵانى رابردوو چێشتبێتیان وەک ڕقێک لە ناو جەستە و رۆحى پیسیان مابێتەوە ، ئەو داعشە زۆمبیە مورتەزەقانە بەم شێوەیە پەلامارى کورد دەدەن ؛ گەلى کورد هەرگیز خاک و ستەمى بەرامبەر بە هیچ گەلێکى دیکە نەکردووە ، بەڵام مێژوو گەواهیدەرە هەمیشە بەرگریی لە خاک و کەرامەتى گەلى کورد کردووە و وەک چیاییەک خۆڕاگر بووە ، لەهەمانکاتیشدا هەموو جیهانی لە هەڕەشە ئەو داعش و میلیشیا تیرۆریست و دڕندانە پاراست و خوێنى زۆریشى لەو پێناودا بەخشییووە
ئەو گروپ و تاقمە تیرۆریستە زۆمبییە دڕندانە ئەمڕۆ لە نێو حکوومەتێکى فەرمیدان ، نەک هەر دوژمنى کوردوکوردستانن ،بەڵکو گەورەترین هەڕەشە و دوژمنن بۆ سەر مرۆڤایەتى و ئەوانە تاریکپەرستن ؛ بەڵام گەلى کورد ، رێگە نەدات دەنگى ئازادیخوازى و ئیرادەى بشکێ و سووکایەتى پێوە بکرێت ، هەڵبەت ئەو تاقم و گروپە تیرۆریستانە بە پشتیوانى نەیاران و داگیرکەرانى کوردستان ئەو کارە نامرۆڤایەتییە دەکەن ئەوەش ئاماژەیە بە ترسنۆکى و پەلەقاژەیان بەرامبەر بەو گۆڕانکارى و پێشهاتە نوێیانە و لەهەمان کاتیشدا سەلمێنەرى ڕق ئەستوورى و کینەیانە ، بەڵام مێژوو گەواهیدەرە ئەو کارە دڕندانەیە ئیرادەى کورد لاواز ناکات و نایلەرزێنێت و دەستبەردارى مافەرەواکانى نابێ بەڵکو زیاتر پێداگر دەبێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانى
بۆیە، دەبێ ئەو راستییە بزانن و بەمێژووى پڕ قوربانیدانى خەبات و بەرخودانمان بچنەوە ئەگەر کەزیمان ببڕن و زیندەبەچاڵمان بکەن ، گەمارۆ و برسیمان بکەن ، سەرمان لە جەستە لێ بکەنەوە و لە باڵەخانەى بەرز جەستەمان فڕێدەنە خوارەوە و کۆمەڵکوژمان ، بکەن ، بەڵام هەرگیز ناتوانن ئیرادەى گەلى کورد بشکێنن؛ دەبێ هەموو دونیا بزانێت ئەم زۆمبییە داعشە مورتەزەقانە دوژمنى سەرەکى گەلى کوردن چونکە ڕووبەڕوویان بووەتەوە و لەهەمانکاتیشدا دوژمنى مرۆڤایەتین ، ئەگەڕ ئەمڕۆ لە رۆژئاڤاى کوردستان شەڕى گەلى کورد دەکەن ،سبەینێ ئەگەر خوا نەکات دەسەڵاتیان هەبێ دڕندانە ئاسا پەلمارى هەموو لایەک دەدەن ؛ بۆیە ، ئەوەى ئەمڕۆ لە هەموو چەکێک بەهێزتر و گڕنگترە تەبایی نێوماڵى کوردستانى و یەکڕیزییە وەک چۆن جەنابى سەرۆک بارزانى دەفەرمووێت : خۆت هەبی خەڵک هەیە، خۆت نەبی کەست نییە؛ لە هەموو شتێک پیرۆزتر کەرامەت و هەمبوونى کوردە ؛ بۆیە بەدوژمنان نەیارانى دەڵێن ؛ هەرگیز ناتوانن ئیرادەى پۆڵاینى گەلى کورد بشکێنن