دواین هەواڵ

پیاوی مامەڵە تەمومژاوییەکان

‌هیوا جەمال

23/01/2026

تۆم باراک، ملیاردێری ئەمریکی-لوبنانی و هاوڕێی نزیکی دۆناڵد ترەمپ، یەکێکە لە پڕکێشەترین کەسایەتییەکانی ناو ئیدارەی ترەمپ. ئەو تەنیا نوێنەری ئەمریکا نییە لە تورکیا و سوریا، بەڵکو "ئەندازیاری نەخشەی نوێی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە" کە تێیدا بەرژەوەندی کۆمپانیا گەورەکان و سەقامگیری دەوڵەتە ناوەندییەکان دەخرێنە پێش مافی گەلان و کەمینەکان. ناسینی باراک وەک ناسینی ئەو "چەقۆیە" وایە کە بە پاساوی "ئاشتی و ئاوەدانکردنەوە، خەریکە لە جەستەی "رۆژئاوا" دەدرێت. بۆ تێگەیشتن لەوەی بۆچی باراک ئێستا پشتی لە کورد کردووە، دەبێت سەیری جیاوازی زمانەکەی بکەین لە نێوان ساڵانی 2019 و 2026.

لە ساڵانی رابردوو، باراک و تیمی ترەمپ کوردیان وەک "باشترین و کاریگەرترین هێزی پیادە" وەسف دەکرد. لە کۆبوونەوەکانی واشنتۆندا، باراک باسی لە "قارەمانییەتی هەسەدە" دەکرد لە تێکشکاندنی خەلافەتی داعش. ئەو کاتە کورد "کارتێکی براوە" بوو بۆ ئەمریکا تاوەکو بێ ئەوەی سەربازی زۆری خۆی بە کوشت بدات، داعش لەناو ببات. تۆم باراک ئێستا زمانێکی سارد و تەکنیکی بەکاردەهێنێت. ئەو دەڵێت: "ئەرکی هەسەدە وەک هاوبەشی سەرەکی دژە داعش تاڕادەیەکی زۆر بەسەرچووە." بۆچی ئەمە دەڵێت؟ چونکە ئێستا حکومەتێکی نوێ لە دیمەشق هەیە کە ئامادەیە " سەری خۆی بە ئەمریکا و ئەورووپا بسپێرێت". باراک پێی وایە کاتێک دەوڵەتێکی مەرکەزی هەبێت کە دۆستی ئەمریکا بێت، ئیدی پێویست بە هێزێکی "نا-دەوڵەتی" وەک هەسەدە ناکات.

باراک بە ئاشکرا باس لەوە دەکات داهاتووی سوریا بریتییە لە "یەک سوپا، یەک حکومەت، یەک دەوڵەت". ئەمە مەترسیدارترین پەیامە بۆ کورد. باراک جەخت دەکاتەوە شەڕڤانی هەسەدە دەبێت وەک "تاک" بچنە ناو سوپای سوریاوە، نەک وەک یەکەیەکی سەربازی یەکگرتوو. ئەمە واتە هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی هەسەدە و نەهێشتنی هەر هێزێکی سەربازی کە پارێزگاری لە ئیدارەی خۆسەر بکات. باراک لە گفتوگۆکانیدا داوا دەکات کورد کێڵگە نەوتییەکان، بەنداوەکان و دەروازە سنوورییەکان رادەستی دیمەشق بکەنەوە. لای ئەو، ئەمە ناوی "گەڕانەوەی سەروەرییە"، بەڵام لەڕاستیدا "خەڵاتکردنی دیمەشقە" لەسەر حسابی ئەو خوێنەی کورد رشتوویەتی. تۆم باراک وەک باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا، رۆڵێکی گەورە دەبینێت لە رازیکردنی ئەنقەرە. ئەو دەزانێت کە تورکیا هەرگیز سوریایەکی قبوڵ نییە کە کورد تێیدا خاوەن پێگەی سەربازی بێت. باراک خەریکی دابەشکردنی گرێبەستی گەورەیە بەسەر کۆمپانیا تورکییەکاندا (وەک جەنگیز و کالیۆن) کۆمپانیایانە بە ئارامی کار بکەن،

باراک پێویستی بەوەیە "کێشەی کورد" لە سوریا بە یەکجاری کۆتایی پێ بهێنێت لە ڕێگەی تواندنەوەیان لەناو دەوڵەتدا. باراک بە راشکاوی دژی هەر بیرۆکەیەکی "فیدراڵی" یان "حکومی خۆسەرە" بۆ کورد. ئەو دەڵێت "خۆبەڕێوەبەری کاتی" تەنیا بۆ سەردەمی فەوزای شەڕ بوو، و ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کورد بگەڕێتەوە ژێر چەتری "وڵاتینامەی سوری". رافتاریی باراک: لە یەکێک لە سەردانەکانیدا بۆ لوبنان، باراک بە شێوازێکی زۆر نزم و لەسەروو تێڕوانینەوە قسەی لەگەڵ رۆژنامەنووسان کردووە و وتوویەتی: "ئەگەر بە شێوازێکی حیوانانە رەفتار بکەن، ئێمە ئێرە جێ دەهێڵین." ئەمە دەریدەخات کە ئەو بە چاوێکی "باڵادەست و ئیستعمارانە" سەیری گەلانی ناوچەکە دەکات. ناوبانگی باراک لە ئەمریکا بەهۆی ئاشکرابوونی ئیمەیڵەکانی لەگەڵ "جێفری ئێپستاین" (تاوانباری سێکسی نێودەوڵەتی) لەکەدار بووە. لە ئیمەیڵەکاندا، ئێپستاین داوای لێدەکات "وێنەی خۆی و منداڵێکی بۆ بنێرێت تا زەردەخەنە بخاتە سەر لێوی".

ئەم پەیوەندییە نیشان دەدات کە باراک بەشێکە لە "نوخبەیەکی فاسد" کە تەنها بەرژەوەندی و پارە دەیناسێت، نەک بەها مرۆییەکان. باراک وەک لوبنانییەک، زۆرترین هەوڵ دەدات بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سوریا و ئیسرائیل. بۆ ئەو، "کورد" تەنها ئامرازێک بوون بۆ گوشار خستنە سەر ئەسەد؛ کاتێک ئەسەد ڕۆیشت و حکومەتێکی نوێ هات، ئیدی کورد لای ئەو هیچ بایەخێکی "ستراتیژی" نەماوە. تۆم باراک نوێنەرایەتی "ئەمریکای ترەمپیزم" دەکات؛ ئەمریکایەک کە تەنها زمانی "گرێبەست و قازانج" دەزانێت. وەسفە جوانەکانی ئەو بۆ کورد لە ڕابردوودا تەنها بۆ "بەڕێکردنی کات" بوو. ئێستا کە نەخشەی نوێی وزە و بازرگانی لە نێوان تورکیا، سوریا و ئیسرائیل دەکێشرێت، باراک کورد وەک "کۆسپێک" دەبینێت کە دەبێت رابماڵرێت بۆ ئەوەی ڕێگاکە بۆ وەبەرهێنەرە گەورەکان پاک ببێتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP