دواین هەواڵ

کورد چی دەکەن لە حەلەب؟

‌د.سەردار عەزیز

17 کاتژمێر پێش ئێستا

لە ڕۆژانی ڕابوردودا، ئەم پرسیارەم چەند جارێک بەرچاو کەوت. پرسیارەکە بۆ خۆی ئاڵۆزە، دەکرێت چەندین مانا هەڵبگرێت. یەکەم مانا، بەو مەبەستە دەپرسرێت کە حەلەب شارێکی کوردی نیە، کورد چی دەکەن لەوێ؟ دووەم، چونکە حەلەب شارێکی کوردی نیە، ئەوا کورد لەوێ خاوەن ماڵ نین. سێیەم، لە هەمانکاتدا پرسیارەکە بۆ ئەوەیە کە کورد نابێت بۆ شوێنێک شەڕ بکات کە کوردستان نیە.

کاتێک لە مێژو و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و جوگرافی ناوچەکە دەڕوانیت، هەموو ئەم تێگەیشتن و پرسیارانە هەڵەی گەورەن. دیار ەئەگەر لە ناو کورددا خۆی ئەم پرسیارە دەکرێت، ئەوا لە ناو عەرەب و سوری و ئەوانیتردا جەنگی نەرەتیڤ یان جەنگی پڕوپاگەنەدە بەشێکی دانەبڕاوی جەنگەکەیە.

بۆ تێگەیشتن لە بونی کورد لە حەلەب، دەبێت لە مێژوی ناوچەکە و تێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی بە قوڵی و بە ووردی ووردبینەوە.

یەکەم پێودانگ. چونکە بونی کورد لەو خاکەی پێی دەوترێت سوریا، زۆر پێش بونی سوریایە، ئەوا ناتوانین لە هەناو چوارچێوەی سوریادا لە بون و نەبونی کورد بگەین، بەڵکو پێویستمان بە تێگەیشتنی درێژمەودایە، لۆنگ-دویرەی، هەروەها لە ڕووی پانتاییەوە دەبێت فراونتر بیر بکەینەوە.

دووەم، ئەگەر وەها بیربکەینەوە کە ناوچەیەک هەیە کوردی تیادایە و ناوچەی کوردی سوریایە، ئەوا لە هەناو چوارچێوەی دەوڵەتی تیرەتۆری یان دەوڵەت نەتەوەدا بیردەکەینەوە، کە سوریا هێشتا نەبوەتە دەوڵەتێکی لەوجۆرە. سوریا پانتاییەکە کە هێزەکان تیایدا لە ململانێدان هەتا بمێننەوە یان زاڵ بن. 

بە لە مێژوی دوورەوە دەسپێبکەین.
قەڵای حەلەب کە شارەکی پێ دەناسرێتەوە لە سەردەمی دەوڵەتی زەنکیدا لە سەدەی دوانزەدا دروستکراوە، لە سەردەمی سەلجوقییەکاندا. پاشان ئەییوبییەکان حوکمی دەکەن. پاشان هۆلاکۆ و تەیمور هەتا سەدەی سیانزە حوکمی دەکەن.
لە سەدەی سیانزەوە بۆ شانزە، مەمالیکەکان بەڕێوەی دەبەن. لە سەدەی شانزە کە شارەکە دەبێتە عوسمانی کورد تیایدا باڵا دەست دەبن.
لە سەدەی حەڤدە عەلی جانبۆلات-ئۆغلۆ، کە پاشان وەک عەلی جانبۆلات دەناسرێت، دیارە ئۆغلۆ بە تورکی یانی کور، کەسێکی کوردە، دەبێت حاکمی شارەکە. سەردەمی حوکمی عەلی حەلەب بوو بە ناوەندی بازرگانی و لە گەڵ ئەوروپادا پەیوەندیی دروست کرد. بەڵام عەلی کە لە لایەن ئەفسەرانەوە دژایەتی دەکرا، نێردرا بۆ ئەوروپا و پاشان لە بەلیگراد لە ساڵی ١٦١٠ کوژرا.
پاش ئەمە بنەماڵەی جانبۆلات دەبن بە دوو بەشەوە، بەشێکیان دەچن بۆ لوبنان و دەبن بە بنەمای بنەماڵەی جونبولاتی ئێستا کە دروزن. بەشێکیان دەچن بۆ ناوچەی جەبەل کورد.

 

کورد هەمیشە لە حەلەب دەبن. هەتا سەردەمی نوێش. یەکێک لە ناسراوترین سەرۆکەکانی سوریا کە حوسنی زەعیمە، لە بنەماڵەیەکی ئاغای حەلەبن و کوردە. `

لە سەردەمی دەوڵەتی سوریدا، ڕۆشنبیرە عەرەبەکان دەڵێن، کورد لە حەفتاکانەوە هاتوەتە دیمەشق و ئەو ناچەیە کە ئێستا بە ئەشرەفیە و شێخ مەقسود ناسراوە، ناوچەیەکی چۆڵ بوە. شێخ مەقسود کە لەوێ نیشتەجێ بوە، کەسێکی سۆفی کورد بوە.
بە گشتی دوو هۆکار وەها دەکەن، کە کورد بێن بۆ حەلەب، گۆڕینی ئابوری و بەشاربون، لە گەڵ فشار و ناچاریی سیاسیی. بەشی زۆری ئەو کوردانەی کە دێنە حەلەب قوربانی سیاسەتی دەوڵەتی سوریای نوێن کە لە هەموو مافێک بێبەشی کوردوون و ناچار بوون کۆچ بکەن بۆ شار و لە پەراوێزی شاردا بگیرسێنەوە. ئەم دیاردەیە بەشێکە لە مێژوی دەوڵەتی پاش کۆلۆنیالی لە دونیادا، کە بە دیاردەی شانتی-تاون ناسراوە.

حەکایەتی عەرەبەکان دەخوازێت بڵێت کورد خەڵکی حەلەب نین. ئەم ئارگومێنەیە لە چەند ئاستێکدا بێ بنەمایە. لە سەردەمی عوسمانی و پێش عوسمانی کورد لە ناوچەکە هەبوون. لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتدا ئاگایی سیاسی تیرەتۆری بونی نەبوە. بەو مانایە کەسێک نەبوە خەڵکی شوێنێک بێت و خەڵکی شوێنێکی تر نەبێت، غەڵک بە ئاسانی و هەروەها بە ناچاریی بە سەرانسەری سەرزەمینی ئیمپراتۆریەتدا جوڵەیان کردوە. زۆربەی یەنی-شارییەکان کە سەربازی لە خێزان دابڕاوی خەڵکی بەلقان بوون. هەروەها مەمالیکەکان خەڵکی جۆرجیا و ئاسیای ناوەند بوون. کەسێکی وەک محەمەد عەلی کە حوکمی میسری کرد ئەلبانی بوو. 

لە پاش دروستبونی دەوڵەتی سوریی، کورد یان سوریین یان خەڵکی هیچ کوێ نین، بە تایبەتی پاش هاتنی بەعس. لە هەردوو دۆخەکەدا، ناتوانرێت بوترێت بۆ لە حەلەبن یان نا.

لە پاش بەهاری عەرەبی لە ناوچەکانی عەفرین و دەوروبەری تیرۆریستەکان کوردێکی زۆر ناچار بە کۆچ دەکەن بۆ حەلەب. لە ساڵی ٢٠١٢ سەرەتا شەڕ دژ بە ئەسەد لە ناوچە کوردییەکانەوە دەستی پێکرد. پاشان ئەسەد بۆ کەمکردنەوەی فشار، شەڕی کوردی نەکرد، چونکە کورد خواستی ئەوەبوو بمێنێتەوە، بۆیە تیرۆیستەکان کەوتنە شەڕی دژە کورد. بەتایبەتی کاتێک ناوچەی کوردنشین لە جێگەیەکی ستراتیژیدیدایە لە نێوان حەلەبو گازی-عەیناتاب. بەشی زۆری ئەو شەڕەی هەیە کۆنە قینی ئەو تیرۆریستانەیە دژ بە خەڵکی شخ مەقسود و ئەشرەفییە. 
مانگی دە لە عەممان بووم، شۆفێرێکی فەلەستینی هێنامی بۆ فڕۆکەخانە، لە ڕێگا لە کاتی قسەکردندا ووتی، ئێمەی فەلەستینی و ئێوەی کورد، دەڕۆین بۆ هەر کوێ دەڵێن ئێوە خەڵکی ئێرە نین. 
دەکرێت کورد لە حەلەبەوە بچنەوە بۆ عەفرین، کە تیرۆریستەکان ماڵەکانیان داگیرکردوون. بەڵام ئەگەر خەڵکێک شەست سالە لەو شارەن و هاووڵاتی ئەو وڵاتەن ئەوا هەموو مافێکیان هەیە لەوێ بن. کێشەی زۆرینەی گەلانی ناوچەکە ئەوەیە کە نە عەقڵیان هەیە نە ئەخلاق.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP