ئەو شەڕە بەرەو گەورەبوونی زیاتر دەچیت، تازە ئێران تا دوا هەناسە شەڕ دەکات و شانسی ئەمریکاش زیاترە لە بردنەوەی شەڕەکە .
ئەمریکا دەیەوێت، سیستەمی ڕژێمی ئیسلامی هەڵتەکێنی و بیسڕێتەوە، ئێرانیش دەیەوێ دەوڵەتانی کەنداو، بەتایبەت قەتەڕ و بەحڕەین و ئیمارات و سعودیە لەگەڵ خۆیدا بەرێ بۆ دۆزەخ ئەگەر بدۆڕێ .
تڕەمپ دەڵێ؛ دوورنیە هێرشی زەمینیش ڕووبدات، لەو باوەڕەدام هێرشی زەمینی لەکاتێکدا ڕوودەدات، ئەگەر بەو بۆردومانە وێرانکاریانەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل دەیکات، ئێران هاوسەنگی خۆی لەدەست نەدا تا خەڵکەکەی بیڕوخێنێ .
هەرچەندە لەوباوەڕەدانیم ئەمریکا ئەو کارە هەروا بەسانایی بکات، بەڵام ئەگەر ڕووبدات، سیناریۆکە بەوشێوەیە دەبێت، ئەمریکا بێتە ناو بلوجستان یا ئەحواز یاخود ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەوێوە بەرەیەکی شەڕ بۆ نەیارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بکاتەوە و بەردەوامبن تا ڕووخانی ڕژێمی ئێران .
یەکەم، ئەگەر ئەمریکا لە بلوجستانەوە لە ڕێگای دەریاوە بێتە ناو ئێران، هەرچەندە بلوج سوننین و ڕقیان لە ڕژێمی ئێرانە، بەڵام کێشەی ئەمریکا ئەوە دەبێت، کە سەرکردایەتیەکی ناسراوی بلوجی نیە وەک چۆن کورد هەیەتی تا پێشڕەویی بکات .
دووەم، ئەگەر لە ئەحوازەوەبێت، لەلایەک باشە دەوڵەتەکانی کەنداو هاوکاریان دەبن، بەڵام دوورنیە چۆن سەدام کە هێرشی کردە سەر ئێران، وایزانی عەرەبی ئەحواز زیاتر عەرەبن دواتر بۆی دەرکەوت زیاتر مەیلداری شیعەن نەک عەرەب، دوورنیە ئەمریکاش وای بەسەربێت .
سێیەم، ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەرچەندە ئەو سیناریۆیەیان زیاتر دروست ترە، لەوانەیە لە ڕووی واقیعەوە زیاتر لۆگیکی تر بێت، کە کورد لەو ناوچانە هەم پێشمەرگە و هێزی چەکداریان زۆرە و هەم سەرکردایەتیەکی سیاسی دیاریان هەیە، کە لە تەواوی ئێران ئەو ئۆپۆزسیۆنە تۆکمەیە نیە کە خەڵک بیناسێ و شوێنی دیاریکراوی خۆشیان هەبێ زۆر گونجاوتریش بێت و جێگای متمانەبن، بەڵام لە ڕووی جوگڕافیەوە کورد دەم دەریای نیە و لەوانەیە بەو ئاسانیە و خێراییە نەبێت .
هەرچۆنێکبێت ئەو سێ سیناریۆیە لە هەموان دیارترن، باوەڕناکەم ئەمریکا، وەک ساڵی ٢٠٠٣ بە تەنها لە شوێنێکەوە چۆن هات بۆ بەغدا بەو شێوەش ملبنێ بۆ تاران . هەرچەندە کورد گوتەنی؛ بەراز بیەوێ هێلکە بکات دەیکا .