دواین هەواڵ

سەرەتای هەفتەی داهاتوو، چارەنوس ساز دەبێت

‌دابان محەمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا

١-دەسەڵاتی سیاسیەکان لە ئێران، بەرکەنار خراون، ئێستا سوپای پاسداران، سەرپەرشتی شەڕ و ئاسایشی ناوخۆی ئێران دەکات، لە دوای کوژرانی خامنەیی، جەنگەکە چوەتە قۆناغێکی تر، سوپای پاسداران، هێزەکانی پاشکۆی لە لوبنان و عێراق خستوتە جوڵە و زیاتر لە ڕۆژانی سەرەتای شەڕ، لێدانی لە وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل و تەنانەت هەرێمی چڕترکردوەتەوە، ڕابەر نەما، لە ئێستاشدا، ناوەندی بڕیار و کەسێکی دیاریکراو نیە، بکرێتە ئامانج یان مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، ئەمە هەم جەنگ درێژ دەکاتەوە، هەم چارەنوسی ئەم جەنگەش قورس و نادیار دەکات. 

٢- شۆڕش لە ئێران و جەنگی مەیدانی، ئەگەرێکە دوای ٨/٣ و سەرەتای هەفتەی داهاتوو، ڕوون دەبێتەوە، لە ئێستاوە و لە ڕێگەی کەناڵەکانی نزیک لە خەلیج، برەو بە بەشداری کورد ئەدرێت لەم جەنگە” بۆ گۆڕینی ئاراستەی مووشەکەکانە لە خەلیجەوە بۆ ناوچەیەکی تر! یان فراونکردنی بەرەی جەنگە دژی ئێران و هەرێم بەشێک بێت تێیدا”  لە هەر بارێکدا بێت، بڵاوبونەوەی پەیوەندی تەلەفۆنی ترەمپ، بۆ سەرکردە کوردییەکان و ڕاپۆرتەکەی سی ئێن ئێن سەبارەت بە شۆڕشی هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات، هەڵەی گەورەن و  بەبێ زامنکردنی ڕوخانی ڕژێم لە ئێران، ناوهێنانی کورد و لایەنگریان بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا، هەرێم بۆ ئێستا و ئایندە دەخاتە بەردەم مەترسی گەورە.

٣- گۆڕینی ڕژێم و هەڵتەکاندنی سیستمی سیاسی ئێران، بەبێ وجودی مەیدانی و سەر ئەرز ئاسان نیە، زەمینە سازی و چەکدارکردنی گروپی جۆراوجۆر هەیە، بەڵێنی زۆر و پشتیوانی ئاسمانی و ناوچەی دژەفڕین هەیە! پرسیاری جەوهەری ئەوەیە، تا چەند ئەم بژاردەیە سەرکەوتوە؟ ئێران دەباتە نێو شەڕێکی ناوخۆیی خوێناوی درێژخایەنەوە؟ یان لەماوەیەکی کورتی دیاریکراودا، ڕژێم دەکەوێت؟

-با ببینین، بڕستی گەمارۆی ئابوری و برسێتی و خراپی دۆخی بژێوی و پشتکردنە خەڵک! چی لە ئێرانێک کردوە، کە بە درێژایی ٨ ساڵ شەڕی ئێران- عێراق، گەنجەکانی بە لاشە و ڕۆحی خۆیان، ڕێگای مینڕێژکراوی عێراقیان کێوماڵ دەکرد و خۆیان دەخستە بەر زنجیری دەبابەکانی عێراق بۆ ڕێگریکردن لە پێشڕەوی.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP