ئەوەی ئەمريکا لە ڤەنزوێلا ئەنجاميدا، لە ڕووی یاسایی و سياسييەوە، کاریکی نوێ نييە بۆ ئەمريکا، لە دوای جەنگی دووەمی جيهانييەوە کە ئەمريکا بە فەرمی و فيعلی دەبێتە سوپەرپاوەری جيهان، دەيان جار لەو جۆرە ئۆپراسيۆن و هەوڵ و کارانەی ئەنجامداوە. هەموو جارەکانيش پرسياری ئەوە درووست بووە ئایا بە پێی یاسای نێودەوڵەتی ئەوە ڕێگە پێدراوە؟
سيستەمی جيهانی بريتييە لە ژمارەیەکی زۆر لە وردە سيستەم: سيستەمی سياسی و ئابووری و یاسایی و بازرگانی و تەکنەلۆژی و فکری و بەها... هەموویان بە یەکەوە هەيکەلێکی هەڕەمی درووست دەکەن بە ناوی سيستەمی جيهانی. زۆربەی کات، لە سەری هەڕەمەکە دەوڵەتی بە هەژموون هەیە، واتە بەهێزترين دەوڵەتی جيهان. هێز لێرە ڕێژەییە، واتە بەڕێژەیی و بە گشتی بەهیزترينە، نەک بەڕەهایی. ئەو دەوڵەتە خۆی، یان خۆی و هاوپەيمانەکانی ئەو سيستەمە جيهانيە-یان درووست کردووە، یاخود بۆیان ماوەتەوە لە هێزی بە هەمووژنی پێشتر، ئەوان هەندێک دەستکاریان کردووە. بۆ نموونە کاتێک ئەمريکا دێتە شوێنی بەڕيتانيا، کۆی سيستەمەکە ناگۆڕێت، بەڵکو دەستکاری و چاکسازی تیا دەکات. سيستەمی نوێ بە سەرکردایەتی ئەمريکا، پێگەیەکی باش و گرنگی دایە بەڕيتانيا، هەر بۆیە بەڕيتانيا بە ئاشتيانە شوێنی خۆی دا بە ئەمريکا، نەک بە جەنگ. سيستەمی جيهانی، بە گشتی، بە پلەی یەک لە خزمەتی بەرژەوەندی و ويستەکانی دەوڵەتی بە هەژموونە (بەهێزترين دەوڵەتی جيهان)، چونکە خۆی دايناوە، بێ گومان بەرژەوەندی خۆی دەکاتە پێوەری سەرەکی.
لە سيستەمی جيهانی بۆ ئەوەی پەيوەندييەکان رێکبخرێت، سيستمەکە بەردەوام بێت و پارێزراو بێت، هەر وەها شەرعيەتێکی یاسایی بدرێت بە پێگەی هێزی بە هەژموون (ئێستا ئەمريکایە، پێشتر بەڕيتانيا بوو) پێويستە یاسای نێودەوڵەتی دابنرێت. واتە ئامانجی یەکەمی ئەو یاسا نیودەوڵەتييە بۆ پاراستنی سيستەمەکەیە، خودی سيستەمەکە بە پلەی یەک خزمەت بەو دەوڵەتە دەکات کە خاوەنيەتی و درووستی کردووە. لێرەدا، لە ڕووی فيعليەوە، سەرەتا بەرژەوەندی ئەمريکا هەیە، پاشان یاسای نێودەوڵەتی. لەو کاتانەی ئەو یاسایە خزمەت بە ئەمريکا دەکات، کە زۆربەی کاتە، یاسایەکی بەهێزە و ئەمريکا پەيڕەوی دەکات، بەڵام لەو کاتانەی خزمەت بە ئەمريکا ناکات، یاخود هەندێک کات کە دژی ئامانجێکی ئەمريکا دەبێت، ئەوا بە ئاسایی پێشێلی دەکات، چونکە دواجار خۆی خاوەنيەتی و دايهێناوە، بۆ ئەوە دايهێناوە کە بەرژەوەندی خۆی بپارێزێت پاشان دۆستەکانی، نەک بۆ ئەوەی دژی خۆی بێت.
لەوانەیە ئەو پرسيارە درووست بێت کاتێک ئەمريکا خاوەنی سيستەم و یاساکانيەتی، بۆچی هەندێک کات یاساکان دژی بەرژەوەندييەکی ئەمريکا دەبن؟ وەڵامەکەی ڕوونە، هێزی بە هەژموون، بۆ ئەوەی شەرعيەت و دانپێدانانی ئەوانی تر بەدەست بێنێت، پێويستە بەرژەوەندی ئەوانی تريش، بە تايبەت دەوڵەتە بەهێزەکانی تر لەبەرچاوبگرێت، نەک تەنيا هی خۆی. چونکە دەوڵەتی بەهەژموون، ناتوانێت لە سەری هەڕەمەکە بەردەوام بێت، ئەگەر زۆرينەی دەوڵەتە بەهێزەکانی پلەکانی خوارەوەی هەڕەمەکە پشتگيری نەکەن و ئيعترافی پێ نەکەن. لێرەوەیە، یاساکان و بەشێکی لایەنی سيستەمەکە دەبێت بەرژەوەندی ئەوانی تر لەبەرچاو بگرێت، بۆ ئەوەی پشتگيری زیاتری پێگەی دەوڵەتی بە هەژموون بکەن. بۆ نموونە، ئەمريکا کە نەتەوە یەکگرتووەکان دادەمەزرێنێت، مافی ڤيتۆ دەداتە ٤ دەوڵەتی تر، سۆڤيەت (رووسيا) و چين، کە هەردووکيان نەیاری ئەمريکان، لەو چوار دەوڵەتەن. هەر وەها ئەو مافە بە دوو دەوڵەتی هاوپەيمانی خۆشی دەدات. لە کاتێکدا ڕوونە مافی ڤيتۆی ڕووسيا و چين، زیاتر دژی ئەمريکا بەکاردێت. ئەمريکا بەوە ڕازییە، چونکە دواجار ڕووسيا و چين شەرعيەت دەدەنە سيستەمە ئەمريکييەکە، کاتێک لەناو نيۆيۆرکەوە دوو نەياری ئەمريکا دژی ئەمريکا ڤيتۆ بەکاردەهێنن، لە وێنە گەورەکەدا، واتە ئەو دوو دەوڵەتە ڕازين لە سيستەمەکە و نايانەوێت بيڕوخێنن. ئەمەش بە پلەی یەک خزمەت بە ئەمريکا دەکات. بەڵام هەر کات ئەمريکا بەرژەوەندييەکی زۆر گرنگی هەبێت، ئەوا لەسەرووی ئەو سيستەمەوە دەجوڵێتەوە، بەڵام بۆ ماوەیەکی کاتی، پاشان هەر زوو دەگەڕێتەوە بۆ شەرعيەتدان بە سيستەم و یاساکانی.
خاڵێکی تر وەک وەڵام بۆ ئەو پرسيارە، ئەويش ئەوەیە هێز ڕێژەییە، هەرچەند ئەمريکا بەهیزترينە و درووستکەری سيستمەکەیە، بەڵام کۆنتڕۆڵکردنی ڕەها و هەژموونی ڕەها بوونی نييە. بۆیە ئاساییە لەناو سيستەمە ئەمريکييەکە چەندين ڕووداو و ئاکت و بکەر هەبن پێچەوانەی ويستی ئەمريکا بن. هەندێک کات ئەوە پێويستە و سيستەمەکە بەهێزتر دەکات، بە تايبەت کە نەيارەکان نموونەیەکی نەخوازراو و دواکەوتوو و ديکتاتۆر و تيرۆريست بن. بۆ نموونە جياوازی نێوان کۆريای باکور و کۆریای باشوور، جياوازی نێوان دۆستەکانی سيستەمی ئەمريکی و نەيارەکانی پێشاندەدات.
ئایا ئەمە مانای ئەوەیە یاسای نێودەوڵەتی درۆیە؟ نەخێر، تەنيا یەک هێز بۆی هەیە لەو یاسایە لابدات و تووشی سزا نەبێت، ئەويش درووستکەر و پارێزەر و خاوەنەکەیەتی کە ئەمريکایە. ئەوانی تر یان دەبێت پابەند بن، یاخود تووشی سزا و لێپێچنەوە و کووشتن و هێرش دەبن. ڕووسيا خاوەنی ١٤ هەزار بۆمبی ئەتۆمييە، ڕووبەڕووی دەيان سزا بووەوە، چونکە یاساکانی پێشێل کرد. مادۆرۆ لاوازە و یاساکانيش پێشێل دەکات، بۆیە دەستگيرکرا، ئەگەر نا دەکووژرا، لایەنی کەم هەر سزا و گەمارۆدانەکەی لەسەر بەردەوام دەبوو. زۆر نموونەی تر وەک ئێران و کۆریای باکور و عيراقی سەدام. دەکرێت دەوڵەتێکی تر جگە لە ئەمريکا لە یاساکان لابدات و تووشی سزا و لێپێچينەوە نەبێت، ئەويش لە یەک کات کە ئەمريکا ڕازی بێت و کێشەی نەبێت لەو پێشێلکارييە. بۆ نموونە پێشێلکارييەک ئەگەر دەوڵەتێکی هاوپەيمانی ئەمريکا ئەنجاميبدات.
بە کورتی، یاسای نێودەوڵەتی دەکرێت لە سەرووی هەموو دەوڵەتەکانەوە بێت، بەو مانایەیی، ئەوەی سەرپێچی بکات ڕووبەڕووی سزا دەبێتەوە، ئيتر سزای قوورس یان سووک، تەنيا ئەمريکا لە سەرووی یاساکەوەیە. ئەمە دوو فاقی و موئامەرە و ئەو بابەتانە نييە، سروشتييە و واقعە، هەر دەوڵەتێک گەيشتە توانا و هێزی ئەمريکا، بە سروشتی و خۆرسکانە دەچێتە سەرووی یاسای نێودەوڵەتييەوە، چونکە ئەو کات ئەو دەوڵەتە خۆی سيستەم و یاسایەکی تر دادەنێت و لە پلەی یەک خزمەت بە خۆی دەکات. بێ گومان ئەگەر ڕووسيا یان چين هەمان کار بکەن وەک ئەوەی ئەمريکا لە ڤەنزوێلا کردی، دەيان سزای دبلۆماسی و بازرگانی بەسەریاندا دەسەپێنرێت، ئەگەر فەرەنسا یان بەڕيتانيا ئەو کارە بکەن، ئەوا سزاکان کەمتر سووکتر دەبن، چونکە نزيکترن لە دەوڵەتی بە هەژموون، بەڵام ئەگەر فەرەنسا و بەڕيتانياش کارێکی وا بکەن و دژی بەرژەوەندی ئەمريکا بێت، ئەوا سزای قورسیان بەسەر جێبەجێ دەکرێت. ئەوەی هەیە و ڕوودەدات شتێکی سەير و گوماناوی نييە، لەگەڵ سروشتی مرۆڤ یەک دەگرێتەوە، مرۆڤ شتێک درووست بکات سەرەتا بەرژەوەندی خۆی دەکاتە پێوەری سەرەکی، ئينجا ئەوانی تر. ئەمريکاش خاوەن سيستەمی جيهانی و یاساکانيەتی لە دوای جەنگی دووەمی جيهانييەوە، وەک سروشتێکی مرۆیی، بەرژەوەندی خۆی لە پێش هەمووانەوەیە. ئەمە پێچەوانەی دادپەروەريش نييە، ئەو ڕۆڵ و وزە و ماندووبوون و شەڕ و قوربانيەیی ئەمريکا داویەتی بۆ درووستکردنی ئەم سيستەمی جيهانييە، لە هی ئەوانی تر زیاترە، بۆیە دادپەروەرييە ئەگەر پشک و ئيمتيازاتی زیاتر بێت. لە هەندێک ڕووەوە، بۆ نموونە لە خۆشگوزەرانی، ئەم سيستەمە هەندێک وڵات و نەتەوە لە خودی ئەمريکاش زیاتر سووديان لێ بينيووە، بۆ نموونە وڵاتانی وەک دانيمارک و سويسرا و کەنداوييەکان، لەڕووی خۆشگوزەرانی و ئارامييەوە لە پێش ئەمريکان. ساڵانێکە، لە ڕووی ئابوورييەوە، چين سوودمەندترە لەم سيستەمە وەک لە ئەمريکا، بەڵکو ئەمريکا زیانی بەرکەوتووە و چين سوودی لێ بينيووە. لەم دۆخەکەدا زۆر چاوەڕوانکراوە، ئەمريکا لە ئايندەیەکی نزيک، ئەگەر گەشەی چين نەوەستێت و خاو نەبێتەوە، هەنگاوی زۆر قوورس و جدی بنێت لە دژی سيستەمی بازرگانی جيهانی، کە هەر خۆی درووستی کردووە و پاراستوویەتی. هەندێک لەو هەنگاوانە بە ڕوونی ديارە، بەڵام دەکرێت هەنگاوی جديتر ببينرێت. هەرچەند گەشەی ئابووری چين بەرەو خاوبوونەوە دەڕوات، بۆیە ئەمريکاش تا ڕادەیەک خاوە لە هەنگاوە توندەکانی.
کێشەیەکی گەورەی ئەوانەی دژایەتی ئەو سيستەمە ئەمريکييە دەکەن، زۆربەیان لایەنی تيرۆريست و نا شەرعی و تاوانبار و مافیا و بازرگانی ماددەی هۆشبەرن. بۆ نموونە بەشار ئەسەد دژی ئەو سيستەمە بوو، یان ئێران و کۆریای باکور، ڕووسيا و چين، سەدام، قاعيدە و داعش و حەماس، حيزبوڵا و حووسی، گروپە مافياکانی مادەی هۆشبەر لە کاريبی و ئەمريکای باشوور... ئەمانە تەنانەت شەرعيەتی ناوخۆیيان نييە، وڵات و کۆمەڵگەی خۆیان دژيانن، تەنانەت پابەندی یاسا و دەستووری وڵاتەکانی خۆیان نابن. ئەمانە دان بە یاسای نێودەوڵەتی نانێن، ٢٤ سەعات بە پێچەوانەی هەموو یاساکان کار دەکەن، کەچی کە لێيان دەقەومێت هاوار دەکەن کوا یاسای نێودەوڵەتی! وەک حەماس دوو ساڵە هاوار لە یاسای نێودەوڵەتی دەکات بيانپارێزێت لە ئيسرائيل، یان ئێران لە کاتی شەڕی ١٢ رۆژە دەيويست نەتەوە یەکگرتووەکان ئيسرائيل ڕابگرن، لە کاتێکدا خودی ئێرانييەکان دژی ڕژێمی ئێرانن و دەيانەوێت بيڕوخێنن و بە نایاسایی و نا شەرعی دەزانن.
بە پێی سيستەمی نێودەوڵەتی ئەمريکی و یاساکانی ئەو سيستەمە، نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانن بە توندی ئيدانەی ئەمريکا بکەن و کۆبوونەوە و بەياننامە لە دژی ئەنجامبدەن و دەربکەن، ئەمەش نيشانەی ئازادی و فراوانی سيستەمی جيهانیيە بە سەرکردایەتی ئەمريکا، بەڵام هەر سزایەکی دبلۆماسی و یاسایی لۆژيکی نابێت و بێ مانایە، چونکە ئەمريکا نەبێت، نەتەوە یەکگرتووەکان بودجەی خۆی پێ پەيا ناکرێت، واتە جگە لەوەی خۆی نەتەوە یەکگرتووەکانی درووست کردووە، بەخێويشی دەکات! بە کورتی، ئەوەی ئەمريکا ئەنجاميدا، لەگەڵ یاساکانی خۆی دەگونجێت، کە لە سەرووی یاسای نێودەوڵەتيەوەیە، خودی یاسای نێودەوڵەتیش کە بەکاردێت دژی ئەمريکا لەم کاتانە، هەر یاسایەکی ئەمريکييە بۆ دەرەوەی خۆی دايناوە. هەر دەوڵەت و نەتەوەیەکيش گەيشتنە ئاستی هێز و توانا و عەقلی ئەمريکا، ئەوا یاسا وسيستەمێکی تر دادەنێت، بە ئەگەری زۆرەوە خەراپتر دەبێت. لە مێژووی مرۆڤایەتی سيستەمێکی جيهانی، هێزی بە هەژموون، یا سەردەمێک نەبووە بە ئەندازەی سەردەمی ئەمريکی مرۆڤانەتر و ئازادتر و باشتر، سەرەڕای هەموو کەموکوڕی و خەراپييەکانی. چاوێک بە مێژووی مرۆڤایەتی بخشێننەوە، ئينجا دەزانن ئەم سەردەمە لوتکەی داهێنانی مرۆڤایەتييە لە هەموو ڕوویەکەوە، تەنانەت لە ڕووی ئەخلاقی و یاساییيەوە، نەک تەنيا لایەنە مادييەکان. یەک نموونە، سەردەمی ئەمريکا نەبوایە، بە ئەگەری زۆرەوە لەو سعودييە و نيمچە دوورگەی عەرەبی دراوسێمان ئێستاش بازاڕی کۆيلە و کەنيزەک دەبوو، دەبوو هەر خەمی ئەوە بخۆين موجاهيدەکان کچەکانمان نەبەنە ئەو بازاڕە. چەند سەعاتێک ئەمريکا ديار نەبوو، برا موجاهيدەکانمان ٤ هەزار کچی ئێزيدی و کوردیان کردە کەنيزەک. سەردەمی ئەمريکا نەبوایە، سوپای سعوودييە ڕۆژانە خەريکی ئەو بەزمە دەبوو.